ئه‌مه‌ریكا پشت له رۆژئاوا بكات هاوشێوه‌ی كه‌ركووك كاره‌سات روو ده‌دات
ئیبراهیم برۆ سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی كورد و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا له كۆنگره‌ی جنێڤ، له دیدارێكی "وشه"دا باسی دۆخی سووریا به‌گشتی و رۆژئاوای كوردستان به‌تایبه‌تی و پێوه‌ندیی نێوان خۆیان و په‌یه‌ده ده‌كات. رای ده‌گه‌یه‌نێت كه په‌یه‌ده هه‌موو لایه‌كی له كورد كردووه‌ته دوژمن و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پشتی تێ بكات، هاوشێوه‌ی كه‌ركووك، له رۆژئاوای كوردستانیش كاره‌سات روو ده‌دات.
برۆ كه سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا بوو، ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه رووداوه‌كان له‌باره‌ی سووریا خێران و پێویسته كورد مافی خۆی له ده‌ستووری داهاتوودا جێگیر بكات. دڵنیاییش ده‌دات كه دانوستاندنه‌كان له‌باره‌ی داهاتووی سووریا له‌شكری رۆژ ده‌گرێته‌وه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سووریا.
دۆخی سووریا له‌ناو ئه‌و هه‌موو كۆنگره بێ ئه‌نجامه‌دا به‌چی گه‌یشتووه، ئایا لایه‌نه ناكۆكه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌دۆزنه‌وه؟
ئێسته كۆنگره‌ی جنێڤ هه‌شت و كۆنگره‌ی ئه‌ستانا كۆتای پێ هاتووه، به‌ڵام له واقیعدا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه و ته‌نیا له سووریا شه‌ڕ كه‌م بووه‌ته‌وه، بڕیاره مانگی داهاتوو كۆنگره‌ی جنێڤ نۆ ده‌ست پێ بكات و له كۆتای ئه‌م مانگه‌یش كۆنگره‌ی سوچی به‌ڕێوه ده‌چێت كه رووسیا پێی هه‌ستاوه، به‌ڵام دیار نییه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن یاخۆ نا، پێم وایه به‌شداری ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی رووسیا هه‌وڵی زۆری بۆ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستووری نوێ بۆ سووریا به‌رهه‌م بێنێت، چونكه پێش ئێسته جنێڤ هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه و له ئه‌ستانایش كێشه‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نه‌بوو، بۆیه رووسیا له‌پێناو به ئه‌نجامگه‌یشتنی كێشه‌كانی سووریا، لایه‌نه كاریگه‌ره‌كانی گۆڕه‌پانی سووریا له سوچی كۆ ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جنێڤ نۆ ئه‌نجامی هه‌بێت.
ئه‌نه‌كه‌سه له كۆنگره‌ی سوچی به‌شداری ده‌كات؟
تا ئێسته به‌فه‌رمی دیار نییه به‌شداری بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك له‌باره‌ی سووریا ئه‌نجام بدرێت، گرنگه كورد تێیدا به‌شدار بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له مافی خۆی بكات، بۆیه ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد ره‌نگه به‌شدار بێت و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن.
پێشتر پێوه‌ندیی رژێمی سووریا له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده باش بوو، ئێسته رژێم په‌یه‌ده به خائین ده‌زانێت و له خاڵی هێزه‌وه قسه ده‌كات، ئه‌مه چۆن ده‌بینن؟
به‌ده‌یان جار رژێمی سووریا باسی له‌وه كردووه كه په‌یه‌ده دۆستی ئه‌وانن و دیمه‌شق چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان پێ ده‌دات، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش كه‌م بووه‌وه، ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێك به‌ڵێنی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوكاری په‌یه‌ده‌ی كرد، ده‌یزانی په‌یه‌ده له‌گه‌ڵ رژێمی سووریا و ئێران و په‌كه‌كه‌دایه، بۆیه چاوی خۆی داخستبوو به‌هۆی شه‌ڕی داعش، ئێسته شه‌ڕ نه‌ماوه و رژێم ده‌یه‌وێت ناوچه‌كان بۆ خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه و ئه‌مه‌ریكایش له ناوچه‌كه ماوه، بۆیه ئه‌مه ده‌بێته سه‌ره‌تای گۆڕانكاری له نێوان رژێم و په‌یه‌ده. وا باشتره په‌یه‌ده بۆ قۆناغی نوێ به یه‌كجاری پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ رژێمی سووریا و ئێران ببڕێت و په‌كه‌كه له سووریا نه‌هێڵێت، هاوكات پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد و توركیا و باشووری كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا باش بكات و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ بكات، كارێكی باش ده‌كات .
پێت وایه دژایه‌تیكردنی په‌یه‌ده له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه پێوه‌ندی به توركیاوه هه‌بێت؟
بێگومان توركیا به ئاشكرا باس له‌وه ده‌كات كه رێ نادات په‌كه‌كه له‌سه‌ر سنووری ئه‌وان هه‌بێت، په‌یه‌ده‌ش ئه‌و بیانووه ده‌دات به توركیا، بۆیه ئه‌نكه‌ره بۆ دوورخستنه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌توانێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌ن و وڵاتێك بكات، جا رژێمی سووریا بێت یا ئه‌مه‌ریكا و هه‌ر لایه‌نێكی تر، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه په‌یه‌ده ده‌یكات و رۆژئاوای كوردستان تووشی مه‌ترسی ده‌كات، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌یه وه‌ك كوردی سووریا، ئه‌وه‌یه پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر باش بێت .
باس له‌وه ده‌كرێت كه ئێران رژێمی سووریا هان ده‌دات شه‌ڕ له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێیه‌وه خۆی بگه‌یه‌نێت به ده‌ریای ناوه‌ڕاست، پێت وایه ئێران بتوانێ ئه‌مه بكات؟
په‌یه‌ده هیچ كات باسی له‌وه نه‌كردووه ئێمه هه‌رێمی جزیره و عه‌فرین ده‌كه‌ین به یه‌ك، بۆیه پێویسته په‌یه‌ده خاكی خۆیان بپارێزن نه‌ك شه‌ڕ له شوێنێك بكه‌ن دوژمنمان بۆ زیاد بكه‌ن، چونكه خه‌ڵكێك له نێوان ده‌ریای سپی و عه‌فرین هه‌یه كورد نییه، بۆیه پێویسته په‌یه‌ده خاكی كوردان بپارێزن .
پێت وا نییه مه‌ترسی هه‌یه توركیا هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ هێرشی سه‌ر عه‌فرین بگۆڕێ؟
توركیا به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه ده‌كات و باس له‌وه ده‌كات كه عه‌فرین بگه‌ڕێته‌وه بن سێبه‌ری رژێمی سووریا، چونكه پێش ساڵێك ئێمه باسمان له‌وه كرد كاتێك په‌یه‌ده شه‌ڕی هه‌رێمه عه‌ره‌بییه‌كانی كرد، زانیمان به‌هۆی ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌یه‌ده‌وه تۆڵه له كورد ده‌كرێته‌وه، چونكه هیچ دۆستێكی عه‌ره‌بیان بۆ خۆیان نه‌هێشته‌وه جا له ره‌قه بێت یا له مونبج، بۆیه ئه‌وان دوژمنایه‌تی كورد ده‌كه‌ن.
ده‌گوترێ سووریا هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه چه‌كدار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی په‌یه‌ده بكه‌ن، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
بێگومان كاتێك په‌یه‌ده شه‌ڕی داعشی له ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كرد، عه‌ره‌به‌كان ده‌چوونه ده‌ره‌وه كۆنگره‌ی خۆیان ساز ده‌كرد، بۆیه ئێسته كه شه‌ڕ كه‌م بووه‌ته‌وه، عه‌ره‌ب رێ ناده‌ن بستێك خاكیان له ده‌ستی په‌یه‌ده‌دا بێت .
ئه‌مه به‌م شێوه‌یه كاره‌سات له رۆژئاوای كوردستان دروست ناكات؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هاوشێوه‌ی باشووری كوردستان پشت له رۆژئاوای كوردستانیش بكات، ئه‌وكات ئێران چی به‌سه‌ر كه‌ركووك هێنا، له رۆژئاوای كوردستانیش هه‌مان شت ده‌كات و كاره‌سات روو ده‌دات .
په‌یه‌ده پرۆسه‌یه‌كی له رۆژئاوای كوردستان دژی پارته‌كانی ناو ئه‌نه‌كه‌سه ئه‌نجام ده‌دا له گرتن و رفاندن و داخستنی باره‌گا، ئێسته‌یش ئه‌مه به‌رده‌وامه؟.
تا ئێسته ده‌یان سه‌ركرده و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ئه‌نه‌كه‌سه له گرتووخانه‌كانی په‌یه‌ده‌دان و به ده‌یانیان تا ئێسته بێسه‌روشوێنن، ٥٠ باره‌گا و ئۆفیسی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كورد داخراون و زۆر له سه‌ركرده‌كانمان ده‌ركراون له رۆژئاوای كوردستان. پێش مانگێك ویستمان كۆنگره‌ی خۆمان ساز بكه‌ین رێ‌یان نه‌دا، بۆیه ناچار بووین به نهێنی كۆنگره ئه‌نجام بده‌ین. په‌یه‌ده به ئێسته‌یشه‌وه رێ به‌هیچ چالاكییه‌كی ئێمه نادات .
ئێوه ئه‌م پێشێلكارییانه به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نن و ده‌نگ بۆ كوێ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه؟
له‌و رووه‌وه به رژدی كارمان كردووه و ئه‌و پێشێلكارییانه‌مان گه‌یاندووه به وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و ئه‌وروپا، چونكه په‌یه‌ده كارێكی خراپ دژی كورد ده‌كات. راسته هێزی سه‌ربازییان هه‌یه له‌سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام تا ئێسته نه‌یانتوانیوه له یه‌ك كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك دوژمنی میله‌تی خۆیان ته‌ماشای په‌یه‌ده ده‌كه‌ن .
پێت وایه هه‌وڵی عێراق بۆ گرتنی سێگۆشه‌ی نێوان سووریا-عێراق-توركیا به رێككه‌وتن بووه له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده؟
له‌و ئاسته‌دا په‌یه‌ده هێزێك نییه پرسی پێ بكرێت، به‌ڵام دیار بوو كاتێك عێراق هێرشی كرد بۆ گرتنی ده‌روازه‌ی سێمالكا هێزی پێشمه‌رگه چۆن تێكیان شكاندن، بۆیه ئێسته ئه‌و ده‌روازه كراوه‌یه و هاتوچۆ و بازرگانی لێیه‌وه به‌رده‌وامه.
پێت وایه په‌یه‌ده و حه‌شدی شه‌عبی پێوه‌ندییان هه‌بێت له هه‌ندێك بابه‌تی سنووریدا، ئه‌گه‌ر هه‌بێت زیان به دۆزی كورد ده‌گه‌یه‌نێ؟
ئێمه ده‌زانین كاتێك داعش له عێراق دوور كه‌وته‌وه، حه‌شدی شه‌عبی كارێكی كه‌متر له داعشی نه‌كردووه دژی كورد له خانه‌قین تا شنگال و ئه‌گه‌ر بیتوانیایه ده‌هات بۆ هه‌ولێریش، بۆیه هه‌ر كه‌سێك هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی بكات، خیانه‌ت له گه‌لی كورد ده‌كات .
ئه‌ی پێت وایه هاوئاهه‌نگییان هه‌بێت به‌تایبه‌ت له سنووری شنگال؟
بێگومان له شنگال به ئاشكرا پێوه‌ندییان هه‌یه و وه‌ك به‌شێك له حه‌شدی شه‌عبی قبووڵ كراون و مووچه له حه‌شد وه‌رده‌گرن.
ئێوه هه‌موو رێیه‌كتان له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده تاقی كرده‌وه و نه‌گه‌یشتن به رێككه‌وتن، ئایه رێی تر نادۆزنه‌وه بیگرنه به‌ر بۆ پێوه‌ندییه‌كی دۆستانه، یا به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بن؟
ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له به‌شداریكردنی كۆنگره‌ی جنێڤ كه تیایدا بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌ستووری نوێی سووریا داده‌نرێت و پێویسته مافی كورد له ده‌ستوور جێگیر بكرێت، به‌ڵام په‌یه‌ده هیچ گۆڕانكاری نه‌كردووه له سیاسه‌تی خۆیدا و پێی وایه به‌هێز ده‌توانێ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری سیاسی روو بدات مه‌ترسیداره و بازاڕكاری گه‌وره به په‌یه‌ده‌وه ده‌كرێت و ده‌یفرۆشن، بۆیه پێویسته به په‌له پێداچوونه‌وه به‌خۆیدا بكات و له‌گه‌ڵ ئێمه رێككه‌وتن بكات، چونكه په‌یه‌ده هیچ كارێكی نه‌ته‌وه‌یی ناكات، به‌ڵام ئێمه كاری نێوده‌وڵه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر به‌دانوستاندن كێشه‌كان یه‌كلا نه‌كرێنه‌وه به‌هێز یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه له په‌یه‌ده و رژێمی سووریا قبووڵ ناكه‌ن، بۆیه گرنگه به گوێی وڵاتانی دۆست بكه‌ن .
له‌م دۆخه خێرایانه‌ی سووریادا، چاره‌نووسی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ چی لێ دێته‌وه؟
له‌شكری رۆژ ژماره‌یان سه‌رووی پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه و زۆر جار كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ رۆژئاوای كوردستان كراوه و ئه‌مه‌ریكایش ئه‌و هه‌وڵه‌ی داوه، به‌ڵام په‌یه‌ده هه‌ر جاره و بیانوویه‌ك ده‌دۆزێته‌وه و ئه‌مه‌ریكاش به‌هۆی شه‌ڕی داعش پێویستی به په‌یه‌ده بوو، بۆیه فشاری توندی لێ نه‌كردوون، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی ئێسته ده‌كرێن، گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ به‌شێك ده‌بێت له دانوستاندنه‌كان كه له‌باره‌ی داهاتووی سووریا دروست ده‌بن، بێگومان له‌شكری رۆژ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سووریا.
وشه/ به‌رده‌ڕه‌ش- بڵند ئیبراهیم