چین.. "كیمی سێیەمی قەڵەو" قەدەغە دەكرێت

:: PM:01:16:17/11/2016 ‌

لە وڵاتی چین بڕیار درا بە قەدەغەكردنی دەستەواژەی "كیمی سێیەمی قەڵەو" لەسەر ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت، كە ئەوە دەستەواژەیەكی بەربڵاوە لە نێوان چینییەكان و بۆ وەسفكردنێكی گاڵتەئامێزی سەرۆكی كۆریای باكور كیم جۆنگ ئون بەكاری دەهێنن. لەوبارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی چین رای گەیاندووە كە ئەوان رازی نین بە گاڵتەجاڕی و سووكایەتیكردن بە سەرۆكانی بیانی.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دەست كراوە بە سڕینەوەی سەرجەم ئەو پۆستانەی كە ئەو دەستەواژەیەیان تێدا بەكار هێنراوە و پێشتر لەلایەن بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ویبۆ" پۆست كراون، كە تۆڕێكی هاوشێوەی تویتەرە و چینییەكان بەكاری دەهێنن.

لەوبارەیەشەوە لۆ كانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رای گەیاندووە، كە وڵاتەكەی هەوڵ دەدات بۆ دابینكردنی كەشێكی عەقڵانی، شارستانی و تەندروست بۆ رای گشتی، بەڵام لە بەرامبەریشدا رازی نین بە سووكایەتی پێكردن و بەكارهێنانی گوتەی گاڵتەئامێز دژ بە سەرۆكی هیچ وڵاتێك.

جێی ئاماژەیە، سەرۆكی كۆریای باكور كیم جۆنگ ئون، لای ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی چین كەسایەتییەكی خوازراو و خۆشویستراو نییە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی