ڤینۆس فایه‌ق ئه‌گه‌رچی له بوارگه‌لێكدا ده‌نووسێت، وه‌لێ شیعره‌كانی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان پاراستووه، ئه‌م شاعیره كه‌م ده‌نووسێت، به‌ڵام كه نووسی جیاوازه له‌وی پێش خۆی. شیعر له یادگه‌ی ئه‌و شاعیره‌دا هه‌میشه له نوێبوونه‌وه‌دایه، ده‌شێ شاعیر خاوه‌ن یادگه‌ی ته‌ڕ بێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته تایبه‌تمه‌ندی بۆن و به‌رامه‌ی ئه‌و شاعیره كه له‌ناو شیعری شاعیرانی مێیینه‌ی كوردی زۆر كه‌م ده‌بینرێت.
"وشه" له‌م دیداره‌دا باس له پرسگه‌لێكی هه‌ستیاری ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ كردووه، هه‌م له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ئه‌ده‌بی كوردی به‌تایبه‌ت.
*به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر له ده‌قه‌كانتدا، له پاڵ هونه‌ری ته‌كنیككاری فانتازیا به‌سه‌ر خه‌یاڵه‌كانتدا ده‌خشكێ، له به‌رده‌وامبوونی ئه‌م خه‌یاڵگیرییه‌وه بۆ واقیعی ژیاندۆستی، له‌وێوه خوێنه‌ر (كه‌سی وه‌رگر) تووشی سه‌راسیا ده‌كه‌یت و فڕێی ده‌ده‌یته ناو ره‌هه‌ندگه‌لێكی مه‌زنتر له‌وه‌ی سه‌ره‌تا، ئایا ئه‌وه چییه وا بووه‌ته كۆمه‌ككاری شیعره‌كانت؟
ئه‌وه جۆرێكه له حاڵه‌تی شاعیرییه‌ت و ئینتیما لای شاعیر كه ده‌قێكی شیعری به‌و شێوه سه‌رسوڕهێنه‌ره به‌رهه‌م دێنێت، فاكته‌ری "ورووژێنه‌ر" رۆڵی باڵای تیادا ده‌بینێت، واته ئه‌و حاڵه‌ته‌ی تۆ وه‌ك شاعیر ده‌ورووژێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی شیعری بنووسیت. ئینتیما بۆ بابه‌تێك یان رووداوێك یان حاڵه‌تێك كه ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه‌وه و ده‌بێته ئه‌و كائینه‌ی ته‌نیا ده‌توانیت ده‌قێك بنووسیت، ته‌نیا ده‌قێكیشه دواجار به هاناته‌وه دێت، له‌گه‌ڵ ئینتیما بۆ ئه‌و ده‌قه خۆی كه به‌رهه‌می دێنیت، دواجار ئه‌مه هه‌مووی له‌ناو باڵۆنێك له شاعیرییه‌تدا له هه‌ناوته‌وه دێته ده‌رێ. له‌م رۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆماندا شاعیرمان زۆرن رۆژانه بڕێكی زۆر له ده‌ق به‌رهه‌م دێنن كه ناوی ده‌نێن شیعر، له راستیدا زۆربه‌یان نووسینن بۆ نووسین، نه‌ك حاڵه‌تێك له داهێنان، هه‌روه‌ك زۆری ئه‌و ده‌قانه رۆحی شیعریان تیادا نییه، چونكه شاعیره‌كه خۆی ڕۆحی شاعیرییه‌تی نییه. دواجار شاعیر هه‌رگیز له واقیع جیا نابێته‌وه، وه‌ك به‌بێ خه‌یاڵیش ناژی و ناتوانێت ده‌ق به‌رهه‌م بێنێت.
*له شیعرگه‌لێكی تۆدا یاده‌وه‌رییه‌كان خۆیان به كامێرای ئیستاتیكا وێنا ده‌كه‌ن و په‌یڤه‌كانیش ڕاوی دیمه‌نگه‌لێك ده‌كه‌ن /به‌كه‌مترین وشه/، ئایا ئه‌وه‌ت چۆن چۆنی له كرۆكی شیعره‌كانتدا خه‌ڵق كردووه؟
هه‌ندێك جاریش كه‌وتوومه‌ته داوی درێژدادڕییه‌وه، به‌ڵام به ئه‌زموون فێر بووم و بۆم تاقی بووه‌ته‌وه كه له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعر زمانێكی ده‌ربڕینی نائاسایی و ته‌نانه‌ت سه‌روو ئاسایییه، ده‌شێ له تواناماندا بێت به كه‌مترین وشه باس له گه‌وره‌ترین حاڵه‌ته‌كانمان بكه‌ین، به كه‌مترین وشه جوانترین و قووڵترین دیمه‌نه‌كان به‌رهه‌م بێنین. شیعر نووسین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به ناخ و هه‌ست و نه‌ستمانه‌وه هه‌یه، وه‌لێ به به‌رده‌وامبوونمان و مامه‌ڵه‌ی به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ هونه‌ری شیعرسازیدا فێری سه‌نعه‌تی شیعر ده‌بین، به مه‌رجێك هه‌رگیز قوربانی به شاعیرییه‌تمان نه‌ده‌ین له‌به‌ر نووسینی زیاترین ژماره له ده‌قی شیعری، چونكه پرسه‌كه به‌لای منه‌وه ئه‌وه نییه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك پێی بگوترێت شاعیر ده‌بێت زۆرترین ده‌قی به‌رهه‌م هێنابێت، به‌ڵكو شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه جوانترین ده‌قه‌كانی به‌رهه‌م هێناوه، ببینه ئه‌حمه‌د هه‌ردی شاعیر، به ته‌نیا یه‌ك دیوان، به ژماره‌یه‌كی كه‌م له شیعری جوان، نه‌مرترین شاعیره تا ئه‌مڕۆ.
باشترین شت شاعیر بیكات ئه‌وه‌یه دوای یه‌كه‌م ده‌سنووسی هه‌موو ده‌قێكی چه‌ندان جار پێیدا بچێته‌وه، ده‌یان جار سه‌ر و گوێلاكی بكوتێته‌وه تا جوانترین تابلۆی شیعری له دروست ده‌كات. ئه‌مه‌ش به ئه‌زموون فێری بووم.
*تۆ یه‌كێكی له‌و شاعیره كوردانه‌ی له ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا بوونت هه‌یه و كتێبێكی شیعریشت به عه‌ره‌بی بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئایا بۆچوونی ره‌خنه‌گرانی عه‌ره‌ب له‌باره‌ی شیعره‌كانی تۆوه چۆن بوو؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی دیوانه عه‌ره‌بییه‌كه چاپی یه‌كه‌می ساڵی 2008 له قاهیره چاپ كرا، ده‌زگه‌ی چاپه‌كه ئه‌ركی رێكلام و بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته ئه‌ستۆ، له زۆر له وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه له‌سه‌ری نووسرا، وه‌ك میسر، سعوودیه، سووریا، توونس، كوێت و عێراق. له زۆربه‌ی بڵاوكراوه عه‌ره‌بییه‌كان به گرنگییه‌وه باسیان له وه‌شانی دیوانه‌كه كرد، له‌وانه‌ی له‌سه‌ریان نووسی: نووسه‌ری عێراقی جاسم متیر، نووسه‌ری توونسی فاتمه بن مه‌حموود، نووسه‌ری سووری عه‌بد ئه‌لتیف ئه‌لحوسینی، ئێسته‌یش دیوانه‌كه لای دوو لێكۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گری عه‌ره‌به كه له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسن. به گشتیی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی شیعره‌كانی منیان بینیوه له خوێنه‌ر و نووسرانی عه‌ره‌ب، به بوێری و ئه‌زموونێكی جیاوازی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
* تۆ له ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆرت له گه‌لێك بواردا نووسیوه، به‌تایبه‌ت شیعر، كه‌چی كه‌مت له‌سه‌ر نووسراوه، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
ئه‌مه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بواری ئه‌ده‌بی كوردی ره‌خنه‌گری تیادا نییه، ره‌خه‌نگرمان نییه به‌دوای ده‌قدا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه بنووسێت، به‌ڵكو به‌دوای ناودا ده‌گه‌ڕێن، جگه له‌وه‌ی هه‌موو زیاتر سه‌رقاڵی شیعر نووسینن، ئێمه میله‌تێكین زیاترین شاعیرمان هه‌یه، كه‌چی ره‌خنه‌گرمان نییه قسه‌ی رژد له شیعر بكات. وه‌ك ره‌خنه‌گری تایبه‌تمه‌ند و بێلایه‌ن و خاوه‌ن دیدێكی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ له‌باره‌ی شیعره‌وه كه ته‌نیا كاری ره‌خنه‌گری بكات، به‌داخه‌وه نیمانه.
زۆری ئه‌وه‌ی به ناوی ره‌خنه‌وه ده‌نووسرێن به هاوڕێیه‌تی و پێوه‌ندی تایبه‌ت و موجامه‌له ده‌كرێت. به‌داخه‌وه ململانێ تاكه كه‌سییه‌كان له بواری ئه‌ده‌بیدا هێند ره‌نگی داوه‌ته‌وه، وای كردووه زۆر له شاعیره‌كان به‌تایبه‌ت ژنه‌كان چانسی خۆیان پێ نه‌درێت. له‌لایه‌كی تره‌وه كێشه و ململانێ سیاسییه‌كان له‌ناو دنیای ئه‌ده‌بدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ره‌نگه هۆیه‌كی تری ئه‌وه‌ی به كه‌می له‌سه‌رم نووسراوه، بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه له‌لایه‌كه‌وه من وه‌ك رۆژنامه‌نووس لای هه‌ندێك كه‌س ناسرابم، زۆر كه‌سیش لای خۆیه‌وه به نووسه‌رم بزانێت له‌به‌رئه‌وه‌ی وتار و گۆشه ده‌نووسم، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه‌متر شیعرم بڵاو كردووه‌ته‌وه و زیاتر وتار.
*ئه‌ی ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌گرێك بیه‌وێت بچێته ناو رۆحی ده‌قێكه‌وه، سه‌ره‌تا چی ده‌بێت به كۆمه‌ككاری بۆ ئه‌وه‌ی له ئاوه‌زی ده‌قه‌كه نزیك ببێته‌وه؟
ئه‌مه ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌گرمان هه‌بێت، ده‌بێت ده‌ق سه‌رنجی رابكێشێت نه‌ك ناوی خاوه‌نی ده‌قه‌كه، له ده‌قه‌كه‌یشدا ده‌بێت بابه‌ت و ده‌لالاته شیعرییه‌كان و بیناسازی و وشه‌سازی و فه‌نتازیا و ره‌هه‌نده فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ناو ده‌قێك، ئه‌مانه و زۆر شتی تر ده‌بێت كۆمه‌ككاری ره‌خنه‌گر بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێك هه‌ڵبسه‌نگێنێت و پڕۆژه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی له‌باره‌وه ئاماده بكات.
*دوو ڕای گشتگیر له‌مه‌ڕ زمانی شاعیر هه‌یه، یه‌كه‌میان ده‌ڵێ زمانی شاعیر زمانی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی، ڕای دووه‌میشیان پێی وایه زمانی شاعیر، زمانی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام رانسۆم پێی وایه: شیعر جۆرێكه له زمان و زمانیش جۆرێكه له شیعر"، تۆ چۆن ئه‌مانه لێك ده‌ده‌یته‌وه؟
پێم وایه شیعر بۆ خۆی زمانێكی تایبه‌ته، ده‌شێت شیعر جۆرێك بێت له زمان، به‌ڵام گومان ده‌كه‌م هه‌موو زمانێك جۆرێك بێت له شیعر، ئه‌گه‌ر وا بووایه شیعر ئه‌و سیحر و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نه‌ده‌بوو، شیعر ئه‌و زمانه سه‌روو ئاسایی و جیاوازه نه‌ده‌بوو. ده‌شێ كه تۆ دێیت و له شیعر له قۆناغێكی تایبه‌تدا ده‌كۆڵیته‌وه خه‌سڵه‌ت و جیاوازی خۆی هه‌بێت و بتوانیت له‌و رێیه‌وه ده‌ست بخه‌یته سه‌ر سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، یان كاریگه‌ری هه‌لومه‌رجی ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی به‌سه‌ره‌وه بێت، به‌ڵام دواجار شیعر بۆ خۆی زمانێكی سه‌ربه‌خۆیه له هیچ زمانێكی تر ناچێت. وه‌ك میله‌ت، ره‌نگه جیۆگرافیا و زمانی ئاسایی ئاخاوتن له میله‌تانی تر جیامان بكاته‌وه، به‌ڵام وه‌ك شاعیر له هه‌ر كوێیه‌ك بیت له‌گه‌ڵ شاعیره‌كانی تردا له هه‌ر كوێیه‌كی سه‌ر زه‌وی بێت یه‌ك ئینتیما كۆمان ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش شیعره.
من و تۆ و شاعیرێكی ئه‌مه‌ریكایی و هیندی و فارس و كازاخستانی و تورك و رووسی و... هتد ده‌كه‌وینه یه‌ك خانه‌وه و هه‌ڵگری یه‌ك ناسنامه‌ین، ئه‌ویش شیعره. ئه‌وه زمانی شیعره ئه‌م حاڵه‌ته ده‌خوڵقێنێت، جا ئه‌گه‌ر به‌و گوته‌یه بێت كه زمانیش جۆرێك بێت له شیعر، ئه‌م حاڵه‌ته دروست نه‌ده‌بوو.
*ئه‌گه‌ر له به‌رده‌م ئاوێنه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیتدا پرچی ئایدیاكانت شانه بكه‌ی، چۆن له‌ناو به‌رائه‌تی منداڵیتدا گوزه‌ر به‌سه‌ر خاشاكه‌كانی ئه‌وسات ده‌كه‌ی؟
له‌ناو هه‌موو یه‌كێك له ئێمه منداڵێك هه‌یه، كه‌م تا زۆر زاڵه به‌سه‌رماندا، لای هه‌ندێك كه‌س زۆر له دواوه‌یه، لای هه‌ندێكمان زۆر له پێشه‌وه‌یه، لای هه‌ندێكی تریشمان مامناوه‌نده، لای من منداڵه‌كه هه‌میشه ئاماده‌یه، به‌رائه‌ت و راستگۆیی و لێبورده‌ییم بیر ده‌خاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌زموونه‌كانی ژیانم زۆر شتی تریان فێر كردبم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌گۆڕه و وه‌ك خۆیه‌تی پێوه‌ندی به‌و منداڵه‌وه هه‌یه كه له‌ناومدایه. بۆ نموونه تێگه‌یشتنم بۆ چه‌مكی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری و چه‌مكی پێشمه‌رگایه‌تی و فیداكاری له منداڵیمه‌وه وه‌ك خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر رۆژگاریش له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه ئه‌و چه‌مك و تێگه‌یشتنانه‌ی گۆڕی بێت، به‌ڵام كه به‌رانبه‌ر به خۆم ده‌وه‌ستم له‌ناو ئه‌و ئاوێنه‌یه‌دا كه باسی ده‌كه‌یت، منداڵیم هه‌میشه به‌رانبه‌رم وه‌ستاوه، زۆر جاریش ئه‌و شتانه‌م بیر ده‌خاته‌وه كه له گه‌رمه‌ی سه‌ختی ژیاندا خه‌ریكه بیرم ده‌چنه‌وه.
له‌باره‌ی سه‌ره‌تا و كۆتاوه هیچیان به سه‌خت نازانم و به ئاسانیشیان نازانم، ئه‌وه‌ی زۆر به سه‌خت و گرنگی ده‌زانم "به‌رده‌وامبوونه"، چونكه له نێوان ده‌ستپێكردن و كۆتادا حاڵه‌تێك هه‌یه پێی ده‌گوترێت (به‌رده‌وامبوون)، زۆر كه‌س زۆر به ئاسانی ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، به‌هه‌مانشێوه به ئاسانی كۆتایان دێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه به‌رده‌وام بن، ئه‌و كه‌سانه‌یشی به سه‌ختی ده‌ست پێ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌زانن چۆن به‌رده‌وام ده‌بن به‌رگه ناگرن، بۆیه به سه‌ختی و به ئازاره‌وه كۆتایان پێ دێت. پرسه‌كه پارێزگاریكردنی خۆته، منیش ئه‌زموونه‌كانم فێریان كردووم خۆم بڕیارده‌ر بم و هه‌ر خۆیشم فێركار و مامۆستای خۆم و پارێزگاریكه‌ر و داكۆكیكاری خۆم بم، ئه‌گه‌ر وا نه‌بم ناتوانم به‌رده‌وام بم.
وشه/ غه‌مگین خدر