فیلمى كوردى "مینهه‌ڵگره‌وه" THE DEMINER له ده‌رهێنانى هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندان هۆگر هروورى و شینوار كه‌مال، ده‌گاته فێستیڤاڵێكى جیهانى له سوید و له‌م مانگه‌دا نمایش ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ دواى وه‌رگرتنى فیلمه‌كه‌ى له‌و فێستیڤاڵه شینوار كه‌مال به"وشه"ى راگه‌یاند: فیلمه‌كه‌مان له 41همین فێستیڤاڵى یۆتۆبۆرى له سوید وه‌رگیراوه بۆ نمایشكردن و له‌م مانگه‌دا له 26/1 نمایش ده‌كرێت و تێیدا پێشبڕكێی خه‌ڵاتى دراگون ده‌كات.
عه‌قید فاخیر پاڵه‌وانى ئه‌و فیلمه‌یه و به‌یه‌كێك له ئازاترین پیاوى جیهانى ناسراوه، ئه‌و فیلمه باس له‌و عه‌قیده ده‌كات كه وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك گیانى خۆى ده‌خاته مه‌ترسى و مین له دواى مین له به‌ره‌كانى جه‌نگ هه‌ڵده‌گرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هاوڕێكانى له مردن رزگار بكات.
شینوار گوتی، له‌و فیلمه‌دا ناوبراو چیرۆكى 14 ساڵه‌ى قاره‌مانێتى خۆى وه‌ك مینههڵگرێكى كۆڵنه‌ده‌ر ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌و فیلمه له چوارچێوه‌ى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى فیلمى دۆكیۆمێنتارى ئهمستهردارم نمایش كراوه و له كۆى280 فیلم ته‌نیا 15 فیلم بۆ كێبه‌ركێی ئه‌و فێستیڤاڵه هاتوونه‌ته هه‌ڵبژاردن.
زیاتر روونی كرده‌وه، ئه‌و عه‌قیده باوكى هه‌شت منداڵه و چه‌ندان جار له مردن رزگارى ده‌بێت، تێیدا بریندار ده‌بێت و قاچێكى له ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام كۆڵ نادات و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ترسناكترین چه‌ك ده‌كات، بهپلایسێك بۆمبه‌كان پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. ئه‌و فیلمه له ده‌رهێنانى من و هۆگر هروورییه و به‌رهه‌مى وڵاتى سویده و بڕیاره له چه‌ند فێستیڤاڵێكى تر‌ى جیهانیدا نمایش بكرێت.
ئه‌و فیلمه له فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى دۆكیۆمێنتارى ئه‌مسته‌ردام له هۆڵه‌ندا به‌شدارى كردووه و خه‌ڵاتى لێژنه‌ى دادوه‌رى پێ به‌خشراوه.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى