ریال مەدرید دیسان یەكسان بوو

:: AM:08:49:11/01/2018 ‌

یانەی ریال مەدرید لە ئەنجامە خراپەكانی ئەم وەرزەدا بەردەوامە و شەوی رابردوو لە ركابەرییەكانی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی نۆمانسیا یەكسان بوو.

درەنگانی شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی نۆمانسیا یەكسان بوو.

یانەی ریال مەدرید لە یاریی ئەم هەفتەی خولی ئیسپانیاشدا بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی سێلتا فیگۆ یەكسان ببوو، پێشتریش لە یاری كلاسیكۆدا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە بە 3 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕا بوو.

ئەم یەكسانبوونە كاریگەری نەكردە سەر پێشكەوتنەكانی یانەی ریال مەدرید، چونكە لە یاریی چووندا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتنی بەدەستهێنابوو و بەمەش بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ و بەفەرمی خۆی گەیاندە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە.

هەردوو گۆڵەكەی یانەی ریال مەدرید لەلایەن لوكاس ڤاسكێزی هێرشبەر لە خولەكانی 11 و 59 تۆمار كران، هەروەها هەردوو گۆڵەكەی یانەی نۆمانسیاش لەلایەن هێرشبەری یانەكەوە گوێلێرمۆ فێرناندێز لە خولەكانی 45 و 82 هاتنە تۆماركردن.

تا ئێستا ئەو یانانەی بەفەرمی خۆیان گەیاندووەتە قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا برێتین لە: ئەتلەتیكۆ مەدرید، ڤالێنسیا، ئەلاڤێس، ریال مەدرید و ڤیاڕیال.

هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا ئەمڕۆ پێنجشەمیش چەند یارییەكی تر بەڕێوە دەچن كە برێتین لە: سڤیلییە – كادیز، لیڤانتی – ئیسپانیۆڵ و بەرشەلۆنە – سێلتا فیگۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م