محەمەد سەڵاح بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچستەر سیتی ئامادەیە

:: AM:09:53:13/01/2018 ‌

یورگن كلۆپی راهێنەری یانەی لێڤەرپوول ئاشكرای كرد ئەستێرەی تیپەكەیان محەمەد سەڵاحی میسڕی بۆ یارییەكەی سبەی یەكشەم بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی ئامادەیە و یاریی دەكات.

سبەی یەكشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی 23ی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی لێڤەرپوول لەنێو یاریگەی ئەنفێڵد مێوانداری یانەی مانچستەر سیتی پێشەنگی یانەكان دەكات.

راهێنەری یانەی لێڤەرپوول لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی یارییەكەدا رایگەیاند: ئەگەر هیچ شتێكی لەناكاو روو نەدات، ئەوا محەمەد سەڵاح بۆ یارییەكەی سبەی یەكشەم بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی ئامادە دەبێت.

محەمەد سەڵاح ئێستا بە تۆماركردنی 17 گۆڵ دوای هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام، لە ریزبەندی دووەمی گۆڵكارانی خولی نایابی ئینگلیزی دێت، هەروەها مانگی رابردوو بە باشترین یاریزانی خولەكە دەستنیشان كرابوو.

سەڵاح مانگی رابردوو لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی لیستەر سیتی تووشی پێكانی چۆكی هاتبوو و بەهۆیەوە تا ئێستا بەشداری هیچ یارییەكی تر نەكردووە.

جێی باسە یانەی لێڤەرپوول ئێستا بەكۆكردنەوەی 44 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی دێت، یانەی مانچستەر سیتیش بە 62 خاڵ پێشەنگی یانەكانی خولەكەی گرتووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م