زێدان بەرگری لە یاریزانەكانی دەكات دوای شكستەكەیان بەرامبەر ڤیاڕیال

:: AM:09:21:14/01/2018 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید جەختی كردەوە كە تیپەكەی شایستەی شكست نەبوو لە یارییەكەی دوێنێیان بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەردید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال دۆڕا.

تاكە گۆڵەكەی یارییەكە لەلایەن پابلۆ فۆڕناسی یاریزانی لاوی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڤیاڕیال لە خولەكی 87ی یارییەكەدا تۆمار كرا.

لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەكەدا زێدان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن رایگەیاند: لە یارییەكەدا شایستەی شكست نەبووین و یاریزانەكان یارییەكی زۆر باشیان ئەنجام دا، بەڵام بەخت یاوەریان نەبوو لە تۆماركردنی گۆڵ.

جەختیشی كردەوە لە هەوڵەكانیان بۆ سەركەوتن لە یارییەكانی داهاتوودا بەردەوام دەبن، هەرچەندە دۆخیان باش نییە و تاڕادەیەكی زۆر لە ریزبەندی یەكەمی یانەكان دوور كەوتوونەتەوە.

یانەی ریال مەدرید ئەمە سێیەمین یارییە لە خولی ئیسپانیا ناتوانێ سەركەوتن بەدەست بێنێ و مانگی رابردوو لە یاریی كلاسیكۆدا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دۆڕا بوو، دواتر بە 2 گۆڵ لەگەڵ یانەی سێلتا فیگۆ یەكسان بوو و شەوی رابردووش بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال دۆڕا.

لەمبارەیەوە زێدان رایگەیاند: ئەمە كۆمەڵێك ئەنجامی خراپن، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یاریزانەكان خۆ بەدەستەوە نادەین و ورەشمان بەرزە، بێگومان لە یاریی تۆپی پێشدا دۆخی خراپی لەمشێوەیە رووبەڕووی هەموو یانەیەك دەبێتەوە.

لە كۆتاییدا راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد كە لۆمەی یاریزانانی تیپەكەی ناكات لەبەرامبەر ئەم شكستەدا، چونكە شایستەی نەبوون و بەڵێنیشی دا لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ سەركەوتن و نزیكبوونەوە لە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید بەم شكستە خاڵەكانی هەر وەك خۆی بە 32 مایەوە و لە ریزبەندی چوارەمی یانەكانی خولی ئیسپانیاش مایەوە، یانەی ڤیاڕیالیش خاڵەكانی كردە 31 و لە ریزبەندی پێنجەمی یانەكان مایەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م