شانەدەر یەكەم مەنزڵگەی مرۆڤایەتی لە كوردستان

:: PM:01:17:18/01/2018 ‌

یەكەم جۆری مرۆڤ كە شوێنەواریان لەسەر گۆی زەوی دۆزراوەتەوە و لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان پشتڕاستیان كردووەتەوە، بریتییە لە مرۆڤی نیاندەرتاڵ، ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ریش له‌ كوردستان به‌ یه‌كێك له‌ لانكە و مەنزڵگەكانی یەكەمی ئەو جۆرە مرۆڤە بووە و ئەشكەوتی شاندەری سنووری پارێزگای هەولێر، بە یه‌كێك له‌ یه‌كه‌مین شوێنه‌كانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە دنیا هەژمار دەكرێت.

ئەشكەوتی شانەدەر  دەكەوێتە شارۆكەی مێرگەسۆر و دەڤەری بارزانی باكوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر بە دووریی 142 كیلۆمەتر، بەرزی ئەشكەوتەكە لە ئاستی ڕووی دەریاوە دوو هەزار و 200 پێ دەبێ، لەسەر بەرزایی لووتكە چیایی برادۆست هەڵكەوتووە و شوێنەواری بەرەبەیانی مێژوو لەو ئەشكەوتە دۆزراوەتەوە.

مێژووی ئەشكەوتی شاندەر بۆ چاخی بەردینی كۆن دەگەڕێتەوە و بەرزییەكەی 18 مەتر و درێژی 40 مەتر دەبێ و پانییەكەیشی 27 مەترە، لە ناوەوە فرەوانتر دەبێ و پانییەكەی دەگاتە 60 مەتر، بە كۆنترین و گەورەترین ئەشكەوت لە عێراق دادەنرێت.

ئەشكەوتەكە دەكەوێتە دووری سێ كیلۆمەتر لە ڕووباری زابی گەورە، ڕووی پێشەوەی لە شێوەی سێگۆشەیەك هەڵكەوتووە و بەرزییەكەی لە هەشت تا 25 مەتر دەبێ، تیشكی خۆر بە ئاسایی دەچێتە ناو ئەشكەوتەكە و شوێنێكی تەواو گونجاو و سەرنجڕاكێش بووە بۆ ژیان.

پێگەی " ancient-origins" بڵاوی كردووەتەوە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1920 زانای شوێنەوارناسی بەریتانیای "دوروسی گارود" ئێسكی گیانەوەری لە ناوچكە دۆزیوەتەوە و پاشان لە ماوەی ساڵانی 1951 تا ساڵی 1961 پرۆسەی  هەڵكۆڵین  لە لایەن "رالف سولیكی" لە زانكۆی میشگانی ئەمەریكا،  لە چوار چینی ئەشكەوتەكە كرا و لە ئەنجامی كنە و پشكنینی چینی چوارەم گەیشتن بە زەوی تەخت و دۆزینەوەی كۆمەڵێك ئێسك و پرووسكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و كۆمەڵێك ئێسكی ئاژەڵ و هەندێ‌ ئامێری بەردینی، كۆپییەكی كەلەی سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و كۆمەڵێك ئامێری بەردینی كە لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە لە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر دانراوە، 10 پەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵیش لە ماوەی یەكەم پشكنین لە ئەشكەوتەكە دۆزرانەوە و بەشی زۆری پەیكەرەكان بۆ مۆزەخانەی بەغدا و هەندێكیشیان بۆ ئەمەریكا گوازراونەتەوە، یەكێك لە ئێسكەپەیكەری مرۆڤەكان بۆ 45 هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، هاوكات لە ئەنجامی پرۆسەكانی پكشنین و توێژینەوەی ئەم دوایییە، پەیكەری سێ مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەم ئەشكەوتە لە ساڵی 2015 دۆزرایەوە و مێژووەكەی بۆ 35 هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە.

پێگەی "بریتانیكا" نووسیویەتی، یەكەم ئێسكەپەیكەری نیاندەرتاڵ لەو ئەشكەوتە لە ساڵی 1957 دۆزرایەوە و ناوی نرا "ناندی"، پیاوێكی تەمەن 40 بۆ 50 ساڵ بووە و مێژووی ژیانی بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە. ئەو ئێسكەپەیكەرانەی دۆزراونەتەوە، یەكێكیان بەتەمەن و دووانیان تەمەن مامناوەند و دووی تریشیان ژن بوون و دووی تریشیان منداڵن،  بەشێكیان وا دەردەكەوێ بەهۆی داڕمانی بەردەوە لە بنمیچی ئەشكەوتەكەوە گیانیان لە دەست دابێ. 

جیهاد نەزیف مستەفا قوتابیی ماستەر لە بواری مێژووی كۆن لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، وشەی نیاندەرتاڵ لە دۆڵێك لە ئەڵمانیا هاتووە كە لەوێ‌ بۆ یەكەمجار ئێسك و پرووسكی مرۆڤە سەرەتایییەكان دۆزراوەتەوە، بۆیە ئەم جۆرە مرۆڤە بە ناوی ئەم دۆڵەوە بە ناوبانگە.

مرۆڤی نیاندەرتاڵ تایبەتمەندییەكانی بریتین له‌وه‌ی بە كەلەی سەری گەورە و دەست و قاچی زۆر بە هێزیان هه‌بووه‌، هەروەها پەیكەریان داپۆشراوە بە مووی زۆرەوە، ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە پەیكەری تایبەت بە كەشێكی سارد خوڵقاون.

ئەوەی جێی سەرنجە، هەرچەندە ئەشكەوتەكە و سەرجەم پارچە شوێنەوارییەكانی ناوی كە دۆزراونەتەوە، بەهۆی داگیركاری  كوردستان زۆربەی پەیكەرەكانی مرۆڤی نیاندەرتاڵی بۆ ئەمەریكا و بەغدا گواستراونەتەوە، بەڵام لە ڕووی زانین و وردەكارییەوە، بە تایبەت لە دنیای ئینتەرنێتدا، بە زمانی كوردی كەمترین سەرچاوە و زانیاری لەسەر ئەو شوێنەوارە دێرینەی مرۆڤایەتی دەست دەكەوێ، بۆیە كەسێكی كورد بۆ ئەوەی لە مێژووی خاك و وڵاتەكەی تێ بگات و ئەو شوێنەوارە گرنگە بە وردی بناسێ، پێویستە زمانێكی تر بزانێ و بچێ لە سەرچاوە بە زمانی ترەوە وردەكاری و ڕیشەی ئەشكەوتی شانەدەر بدۆزێتەوە، ڕەنگە كتێب بە كوردی لەسەر ئەم ئەشكەوتە هەبن و بە وردیش زانیاری لەسەری باس كرابێ، بەڵام دنیای ئێستە بەرەو تەكنەلۆجیا و ئینتەرنێت بەخێرایی هەنگاو دەنێت، كەچی گەلی كوردستان نەیتوانیوە مێژوو و ڕابردووی خۆی كۆ بكاتەوە و بە زمانی خۆی بە كتێب و لە تۆڕی ئینتەرنێت بیوەشێنێت.

هەولێر/سارا سه‌ردار.














وشە - باز ئه‌حمه‌د