گواردیۆلا ئامانجی داهاتووی پاریس سان جێرمانە

:: PM:07:17:20/01/2018 ‌

یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی هەوڵ دەدات بۆ وەرزی داهاتوو پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئێستای یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بكات بە راهێنەری تیپەكەی.

رۆژنامەی (دەیلی میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتی یانەی پاریس سان جێرمان بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ گواردیۆلا بدات.

سەرۆكایەتی یانەكە دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو بەهاوكاری گواردیۆلا بەهێزترین تیپ لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان دروست بكات دوای ئەوەی هاوینی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ دوو لە باشترین یاریزانی جیهان ئیمزا كردبوو كە ئەوانیش برێتی بوون لە نیمار دا سیلڤا و كیلیان مباپێ.

یانەی پاریس سان جێرمان بڕیاریداوە ئەگەر ئەمساڵ ئۆنای ئێمری راهێنەری ئیسپانی نەتوانێ ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەست بێنێ، ئەوا بۆ وەرزی داهاتوو لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە و لە شوێنی ئەویش گواردیۆلا دابمەزرێنێ.

جێی باسە گواردیۆلا لە دووەم وەرزی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر سیتی، تا ئێستا جوانترین ئاستی پێشكەش كردووە و یانەكەی بە كۆكردنەوەی 62 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزییە و بە 12 خاڵ لە پێشەوەی یانەی مانچستەر یونایتدە كە ركابەری سەرسەختییەتی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م