جیمس مەكارتی یاریزانی یانەی ئێڤەرتۆن تووشی پێكانێكی قورس هات و بەو هۆیەوە تا كۆتایی ئەم وەرزە لە یاریكردن دادەبڕێ.
دوێنێ شەموو لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 24ی خولی نایابی ئینگلیزی یانەی ئێڤەرتۆن لەنێو یاریگە و جەماوەری بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی وێست برۆمیچ ئەلبیۆن یەكسان بوو.
لە خولەكی 61ی گێمی دووەمدا مەكارتی تووشی پێكانێكی قورس و شكانی قاچی هات بەهۆی ئەوەی لە دواوە قاچی بەر قاچی سۆلۆمۆن رۆندۆنی هێرشبەری یانەی وێست برۆمیچ كەوت.
لەمبارەیەوە سام ئەلاردایسی راهێنەری یانەی ئێڤەرتۆن ئاشكرای كرد كە پێكانەكەی مەكارتی قورس و مەترسیدارە و لە نزیكترین كاتدا نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێ.