ریال مەدرید تووشی كێشەی بەرگریش بووەوە

:: AM:11:06:21/01/2018 ‌

كێشەكانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەم وەرزەدا تەنیا لە هێڵی هێرشبەردا نییە و بەڵكو یانەكە تووشی كێشەی هێڵی بەرگریش بووەتەوە.

یانەی ریال مەدرید هەفتەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە یانەی لیگانیسی بردبووەوە.

لەو یارییەدا خیسۆس ڤاییخۆی بەگریكاری یانەی ریال مەدرید تووشی پێكان هاتبوو و بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانیش بۆ چاكبوونەوە پێویستی بە 2 مانگ هەیە.

ماڵپەڕی فەرمی یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد، ڤاییخۆ تووشی پێكانی ماسوولكەكانی رانی راستی هاتووە.

لای خۆشییەوە رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید پێشتر ئاشكرای كردبوو كە ڤاییخۆ بەهۆی ئەو پێكانەوە ماوەی 2 مانگ ناتوانێ یاری بكات.

بەمەش ئەو بەرگریكارە ناتوانێ لە 14 یاریی داهاتووی یانەی ریال مەدرید بەشداری بكات.

رۆژنامەكە جەختیشی كردبووەوە ئیتر یانەی ریال مەدرید نەك لە هێڵی هێرشبەر، بگرە لە هێڵی بەرگریش دووچاری كێشە بووەتەوە بەهۆی بەردەوامی پێكانەكانی سێرجیۆ رامۆس و نەبوونی جێگرەوە بۆ رافایێل ڤاران و ناچۆ فێرناندیزەوە.

جێی باسە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و وەرزی رابردووی خولی ئیساپنیا، ئەمساڵ لە هەردوو خولەكەدا ئاستی وەك پێویست نییە و بەتایبەتیش لە خولی ئیسپانیا كە ئێستا بە 32 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان دێت، یانەی بەرشەلۆنەی ركابەریشی بە 51 خاڵ لە پێشەنگی یانەكاندایە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م