كین بە 300 ملیۆن یۆڕۆ دەچێتە ریال مەدرید

:: AM:10:03:23/01/2018 ‌

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە لە وەرزی داهاتوودا بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام و هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا نەبێت.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: پێرێز پێیوایە كین ئێستا باشترین هێرشبەری جیهانە و بۆ وەرزی داهاتووش هەموو هەوڵێك دەدەن بەفەرمی بیهێننە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد، یانەی تۆتنهام بڕیاریداوە كین بكات بە گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ و بە 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ وەرزی داهاتوو بیخاتە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە.

یانەكە بڕیاریداوە ناسناوی گرانترین یاریزانی جیهان لە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بستنێنێتەوە كە هاوینی رابردوو بە 222 ملیۆن یۆرۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت.

لای خۆیەوە یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوودا دەستەوارەیەك بە بەهای 200 ملیۆن پاوەن (226 ملیۆن یۆرۆ) پێشكەش بكات بۆ كڕینی كین، بەڵام یانەی تۆتنهام بەو پارەیە رازی نییە و بە كەمتر لە 300 ملیۆن یۆرۆ ئەو هێرشبەرەی نافرۆشێ.

كین /24 ساڵ/ ئێستا بەیەكێك لە باشترین هێرشبەرانی جیهان دادەنرێ و لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا باشترین ئاستی لەگەڵ یانەی تۆتنهام پێشكەش كردووە، لەم وەرزەشدا تا ئێستا گۆڵكاری خولی نایابی ئینگلیزییە بە تۆماركردنی 21 گۆڵ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م