عەبدوڵا حەسەن زادە: نووسه‌ر له‌ ره‌خنه‌ بترسێ زه‌ره‌ر له‌ خۆی ده‌دات

:: AM:08:44:24/01/2018 ‌
به‌شی سێیه‌م و كۆتایی

وەرگێڕان بە یەکێک لە ئامرازەکانی بەرەوپێشچوونی گەلان دێتە ژماردن، لە هەموو بوارە جیاوازەکانی ژیان بووەتە هۆی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تاقیکردنەوە و چاوکراوەیی ئەوانی تر، لەم دیمانە تێروتەسەلەدا كه‌ به‌ سێ به‌ش بڵاو ده‌بێته‌وه، مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە وەڵامی چەندان پرسیاری "وشە" لەبارەی وەرگێڕانەوەیە، دەداتەوە.

پ/ زۆربەی وەرگێڕەکانی کورد زه‌نده‌قیان لە ڕەخنە چووە، بۆچی؟
ڕەخنە مەعنایەکی واقعی هەیە، مەعنایەکی شێواوی هەیە، بە مەعنا شێواوەکە هەقیانە، مەعنا شێواوەکە ئەوەیە، جنێوی پێ بدا، عەیبی لێ بگرێ. لە حاڵێکدا ڕەخنە مانای ئەوەیە بابەتێک هەڵسەنگێنێ، باری بەهێزی و لاوازییەکەی هەردووکیان ببینێ. ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، وەرگێڕێک هەر کامێک هەیە، لە ڕەخنە بترسێ، بە قەولی تۆ زەندەقی لێ چووبێ، پێش هەموویان زەرەر بە خۆی دەگەیەنێ.

یانی ڕەخنە ئینسانەکان لە هەموو بوارێکدا پێدەگەیەنێ، هەڵەوپەڵەی بۆ هەڵدەگرێ. ئەمن لە کاری خۆمدا نموونە دێنمەوە، مامۆستا حەسەنی قزڵجی لەسەر "گێلە پیاو" شتێکی نووسیبوو، لەسەر داوای خۆم، قەت لەزەتەکەییم لە بیر ناچێ، لە حاڵێکدا شتی واشی تێدا بوو، کە ئەگەر پێکەوە باین (ئەو لە بولغاریا بوو، ئەمن لە عێراق) بۆم باس دەکرد ئەمەیان وارید نییە و قبووڵیشی دەکرد، بەڵام لێی فێر بووم، بۆ دەبێ مەمنوونی نەبم، بۆ دەبێ زەندەقم لێی چوو بێ؟.

پ/ زۆری بەرهەمی پاچەڤە، متمانە بۆ وەرگێڕ مسۆگەر دەکات، ئەگەر بەڵێ بۆچی، ئەگەر نەخێر بۆچی؟
زۆری بەرهەم یان عەدەدەکە موهیم نییە، پێموایە وەرگێڕ و نووسەر بەوە دەبێ متمانە بەخۆی پەیدا بکات کە کارەکەی لە نێو کۆڕی خوێندەواراندا چۆن وەردەگیرێ، بەڵام ئەگەر ئەمن پارەم هەیە و حەوسەڵەیشم هەیە هەر کتێبان دەرکەم و چاپیان بکەم و لە کتێبخانه‌ تۆزیان لەسەر بنیشێ کەس باسیان نەکات، ئەوە چییە؟ فایدەکەی چییە؟ دیارە لێرەدا دەکرێ کەمێکیش گلەیی لە کۆڕوکۆمەڵی خوێنەران بکەین، باوەڕ بکە لەم ڕۆژگارەی ئێستە وەرگێڕێک دەتوانێ وەرگێڕێکی باشیش بێ، یان نووسەرێک دەتوانێ نووسەرێکی باشیش بێ، کەچی نەناسرێ، چونکى خۆ خەڵک بەرهەمەکان ناخوێنێتەوە، هەتا بزانێ چاکن یان خراپ، زۆرجار خوێنەر نووسراو ناخوێنێتەوە، نووسەر دەخوێنێتەوە!

پ/ کەڵک و قازانجی وەرگێڕان لە مێژووی کورددا چی بووە؟
بێشک کەڵک و قازانجێکی زۆری هەیە، چونکی بەشێکی زۆر لە بەرهەمە فیکرییەکانی دنیای دەرەوەی هێناوەتە بەر دەستمان. پێم وایە ئەگەر تەرجەمە نەبایە دنیا هەمووی لاڵ دەبوو! ئێستە دەڵێن تۆڵستۆی نووسەرێکی جیهانییە. بۆ نووسەرێکی جیهانییە؟ چونکە کارەکانی وەرگێڕدراون، دەنا ئەگەر هەر بەزمانەکەی خۆی بان، بۆ دەگوترا جیهانییە؟ یان لە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەگەر تەرجەمە نەبێ، نابێتە شێتخانە؟ هەرکەس قسەی خۆی دەکات و کەسیش لە کەس حاڵی نابێ. کە وابێ وەرگێڕان لە پێگەیاندنی ئینساندا، لە پێگەیاندنی کۆمەڵدا، دەوری یەکجار زۆرە، کوردیش لەو بارەیەوە زۆرترین ئیستیفادەی کردووە، ڕەنگە ئێمە لە میللەتانی تر دوا کەوتبین، بەڵام کەڵکمان زۆر لێ وەرگرتووە.

پ/ چۆن وەرگێڕان سەرکەوتوو دەبێت، ئایا بەهۆی زوانزانییەوە یان ئەزموونی وەرگێڕ، بەتایبەت وەرگێڕانی شیعر؟
بەڵام لەبارەی وەرگێڕانی شێعرەوە، ئەمن ڕای خۆم هەیە. پێم وایە شیعر تەرجەمە ناکرێ! شیعر دەتوانێ مەعنا بکرێ، شی بکرێتەوە، قەسیدەیەک ئەمن تێیناگەم، ئەتۆ بۆم شەرح دەکەی. دەنا تەرجەمەی شیعر بە شیعر تەنیا لە یەک حاڵەتدا دەتوانێ سەرکەوتوو بێ، ئەویش ئەوەیە، شاعیر شتێکی گوتووە ئەو شاعیرەی دەیەوێ ئەوە تەرجەمە بکات، شیعرەکە جوان¬ جوان بخوێنتەوە، جوان جوان بە زەینی بسپێرێ، شیعرێک لەو بوارەدا دابنێ، وەک ئەوەی هەژار بۆ چوارینەکانی خەییامی کردووە. پێشکەوتن بۆ خۆی فەزڵێکە, بەڵام ئەوەی خەیامی بە باوەڕی من نە گۆڕان، نە شێخ نووری شێخ ساڵح، نە عەونی،  نە خسرۆ جاف، نە شێخ سەلام، ئەمانە هیچیان نەیانگەیاندووەتە هەژار، چونکە نەیانتوانیوە ئەو ڕۆحە دەربخەن، بەتایبەت هەتا نەیانتوانیوە لە وەزنەکەیشدا وەدوای خەیام بکەون، کردوویانەتە وەزنی ناسراوی شیعری کوردی، لە حاڵێکدا هەژار لەسەر وەزنی چوارینەکان،ئەوەی مەشهوورە بە کێشی (لا حول ولا قوه‌ الا بالله) کردوویەتی بە کوردی. 

پ/ ئایا وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبی یان شیعری، پێویستی بە زوانێکی شیعری هەیە، کاریگەری لەسەر خوێنەر جێدەهێڵێ؟
ئەوەی دەقی زانستییە، دەتوانرێ بە شەرتی دەسەڵاتپێشکانی وەرگێڕەکە، دەقاودەق بەو جۆرەی هەیە مونتەقیل بکرێ، بەڵام دەقی شیعری بە باوەڕی من ناتوانرێ مەگەر لەو حاڵەتەدا کە باسمان کرد، واتە کابرا پابەندی کەلیمات نەبێ، پابەندی مەعنا بێ، وەک گوتمان هەژار چوارینەی هەیە بە بانۆکیش (بانۆک بە کەسێک دەڵێن کە بێچووی ئاژەڵێکی دەخاتە بەر ئاژەڵێکی دیکە) ناچێتەوە بەر چوارینەکانی خەیام، ئەوەندە لێی دوورە. "مەیگێڕ بەسەرت پردی سیڕاتیش کەڵەکە، سەیرانی بەهەشت سەیری دوو چاوی بەڵەکە" لە فارسییەکەدا شتی وا نییە، بەڵام ڕوباعییەکی هەیە کە ڕاست عەینی ئەو مەفهوومە دەگەیەنێ. لەوێدا کارەکە، هونەری ئەو کەسەیە کە ئەوە وەردەگێڕێ، زۆر کارێکی گرانە. 

کەواتە هەموو وەرگێڕێکی ئەدەبی دەتوانێ شیعر وەربگێڕێت؟
نا، شیعر سنعەتێکە جیا لە پەخشان و هەموو بوارەکان، ئەو وردەکارییەی بە زمانێک لە شیعردا هەیە، لە زمانێکی تردا ناگونجێ. بەتایبەتی ئەگەر تەماشا شیعری یەکێکی وەک مەحوی بکەی، هێندێک جیناسی بەکار هێناوە لە زمانەکەی خۆیدا دەگونجێ، بەڵام بکرێتە زمانێکی دیکە ئەو جیناسە نامێنێ. ئەوەی بیەوێ شیعری مەحوی شەرح بکات دەبێ زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبییش بزانێ، لەگەڵ چەمکی سۆفیگەری و زانستی ئاینی، لە زانستی زمانی عەرەبییش دەبێ شارەزا بێ، یەعنی زۆرجار ئەوەی لە زمانی شیعریدا هەیە، زمانەکەی دیکە تێیدا نییە، بۆیە شیعر ئەگەر لێیگەڕێین و تەرجەمەی نەکەین باشترە. 

پ/ زۆربەی وەرگێڕەکانی کوردزمان سەرچاوەی کتێبە وەرگێڕدراوەکانیان نانووسن، تەنیا دەنووسن لە فارسییەوە، یان لە عەرەبییەوە، هەیە ئەوەیش نانووسێ، ئایا ئەمە خەوش نییە؟
ڕەنگە غەفڵەت بێ، ڕەنگە عەمد بێ، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوە کارێکی خراپە، چونکی بۆ نموونە ئەگەر ئەمن کتێبێکی کارل مارکس دەکەم بە کوردی، خۆ ڕووسیم نەزانیوە؟ کە هەر بنووسم وەرگێڕانی فڵان کەس، دەبێ بڵێم لە چ زمانێکەوە کردوومە، ئەخلاق حوکم دەکات، حەتمەن بیڵێین و باشتر وایە ئاماژە بەناوی وەرگێڕەکەیش بکرێ. جا ئەگەر لەبیرچوونە، گوناح نییە، بەڵام ئەگەر عەمد بێ گوناحیشە.  

پ/ پێوەری وەرگێڕی باش و خراپ بەپێی زمانەکانی یەکەم و دووەمە یان ئەو بابەتەی هەڵی دەبژێرن؟
نا، هەڵبژاردن و زەوقەکە هیچ، بەڵام داخوا چەندە سەرکەوتوو بووە کە ئەو مەفهوومە دەربێنێ، ئێستە نموونەیەکم لەبەرچاو نییە، بەڵام بەرهەمێک هەبێ دوو کەس کردبێتیانە کوردی، یەکێکیان ڕاست لە زمانە ئەسڵییەکەیەوە کردبێتی و ئەوی تر لە زمانی سێیەم و چوارەمەوە، دەتوانێ ئەوەی لە زمانی سێیەم و چوارەمەوە کردوویەتی سەرکەوتووتر بێ لەوەی لە زمانە ئەسڵییەکەیەوە کردوویەتی. چونکی ئەو تەرجەمە دەزانێ، هونەرەکە دەزانێ، مەتڵەبەکەی دەرهێناوە، ئەوی دیکە نەیتوانیوە مەتڵەبەکە دەربێنێ. یانی بەهیچ جۆر سەرکەوتنی وەرگێڕ بە زمانی یەکەم و دووەمەوە نەبەستراوەتەوە. 

پ/ چۆن وەرگێڕ دەتوانێت چێژی بەرهەمی بیانی بگەیەنێت بە خوێنەر؟
بەو شەرتە ئەوەی لە زمانی نووسەرە ئەسڵییەکەیەوە وەریگێڕاوە و ئەوانەی کردوویانەتە زمانی سێیەم و چوارەم هەموویان موتەرجیم بن، هەموویان لە کارەکەیاندا سەرکەوتوو بن، بەڕای من ئاخیرەکەیشیان هەر سەرکەوتوو دەبێ. 

پ/ ئایا ئەو وەرگێڕانەی دەق بۆ دەق وەردەگێڕن، چۆن دەتوانن ببنە وەرگێڕی ڕاستەوخۆ؟
ڕەنگە زیاتر کارکردن و تەمرین ببێتە باعیسی ئەوە، حوزووڕێکی عەجایبی دەوێ، تۆ وا دابنێ ڕستەیەک لە عەرەبیڕا دەکەی بە کوردی، عەرەب دەڵێ: (وصل الی باریس الیوم، رئیس حکومه‌ اقلیم کردستان.) کەچی کورد دەڵێ: ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی کوردستان گەیشتە پاریس. ئەگەر کابرا زۆر زۆر دەسەڵاتی بەسەر بابەتەکەدا نەشکێ، دەبێ بڵێ گەیشتە پاریس ئەمڕۆ (بە پێکەنینەوە)، یانی شتێکی سەیر و سەمەرەی لێ¬ دەردەچێ. ئەمە وەک لە عەرەبیدا دەڵێ مومارەسەی زۆری دەوێ، تا یەکێک بتوانێ ئەو کارە بکا، لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو تەرجەمەیە، تەرجەمەیەکی تەواو و دەقیق هەر نییە. ئەمن بۆخۆم لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی لەو جۆرە بووم، لەوە سوودم وەرگرتووە، دوای کۆنفڕانسەکە دیتوومە وەرگێڕاوەکە بە چاپکراوی لەگەڵ ئەوە، کە لە کۆنفڕانس گوێم لێ¬ بووە فەرقێکی زۆری هەیە. چونکی وەرگێڕ هەرچەندی بەتوانایش بێ ناتوانێ بیگەیەنێتە ئەوەی بە نووسراو دەکرێ. 

ئایا ئێوه‌ چەند زمان دەزانن و بە چەند زمان وەرگێڕانتان کردووە؟
ئەگەر بە واقعی بێت ئەمن هیچ زمانێک نازانم. ئەو زمانزانینەیش کە ئێمە بە ناچاری پێی ڕازی دەبین، جگە لە زمانی خۆم تەنیا دوو زمان دەزانم "فارسی و عەرەبی" وەک بەرهەمی درێژ لە هەردووک زمانەوە بەرهەمم کردووە بە کوردی، بەڵام دەقی کەمم لە کوردیڕا کردووەتە عەرەبی یان فارسی، ڕەنگە نامیلکەیەکی ٥٠ لاپەڕیم لە کوردیڕا کردبێت بە فارسی، یان بابەتێکی حەوت هەشت لاپەڕیم لە کوردیڕا کردبێت بە عەرەبی. زیاتر لەو دوو زمانەوە بابەتم کردووەتە کوردی.

پ/ له‌ناو كورد بۆچی كۆپی رایت ره‌چاو ناكرێ، واته‌ داوده‌زگای كوردستان مۆڵه‌ت له‌و ده‌زگایه‌ وه‌ربگرن كه‌ كتێبه‌كه‌ی چاپ كردووه‌؟
ئەوە زۆر خەتای کورد نییە، خەتای ئەو کۆمەڵانەیە کە کوردیان تێدا دەژی، لە جێیان قانوون هەیە، قانوون پارێزگاری لە حەقی خاوەن بەرهەم دەکا، جا هەرچی هەیە، ڕەنگە کتێبێکی هەبێ ڕەنگە ئاهەنگێکی مۆسیقای دانابێ، ڕەنگە فۆڕمێکی بۆ تڕومبێلێک دانابێ، لە وڵاتاندا قانوون هەیە بۆ پارێزگاری لەو توانایە، یان لەو دەستپێشخەرییە، کە هیچ کەس حەقی نییە بەبێ ئیزنی وی کەلکی لێ وەرگرێ، جا ئیزنی وی بەخۆڕایی دەیداتێ یان بە پارە دەیداتێ. بەڵام لەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدا دەژی لە هیچیان ئەو قانوونە نییە. 

کەوابێ کورد هەم نایکا، هەم بەرپرسایەتییەکەی لەسەرشان نییە، مەسئوولیەتەکە لەسەر شانی وڵاتەکانە، لە عێراق نییە، لە ئێران نییە. ئەمن بەبێ ئەوەی قانوونەکە هەبێ، ساڵی ١٩٧٥ یان ١٩٧٦ بوو، تەرجەمەی گێلە پیاوم کرد، نامەم بۆ عەزیز نەسینی خاوەنی کتێبەکە نووسی ئیجازەم لێی خواست، کە چاپی بکەم. ئەویش هەر هەمان شتی جواب دابوومەوە، نووسیبووی خۆ لە وڵاتەکانی ئێمە ئەو قانوونە نییە بەڵام مادام ئەخلاقت بە خەرج داوە، ئەوە بۆت دەنووسم. نووسیبووی حەقی هەیە ئەو کتێبەی من چاپ بکا. یان حاڵەتێکی دیکە بەداخەوە ئەویش هەر نەماوە، بۆ یەشار کەمالم نووسی، ئەمن  سێ جڵدم لە کتێبەکەی وی کرد، هەر جڵدی یەکەمم بۆی نووسی، هەر ئەویش موافەقەتی کردبوو، کتێبی "حەمەدۆک" بۆ بەرگی یەکەمی، بۆ بەرگەکانی دیکە بۆم نەنووسی، هیی هێندێکیش کە تەرجەمەم کردوون، ئەوانیش نەماون، لەو وختەی تەرجەمەم کردووە بۆم نەنووسیوە.

پ/ به‌گشتی له‌ زمانی كوردیدا ئێسته‌ وه‌رگێڕان زۆرتره‌ له‌ ده‌قی خۆماڵی، چونکە نووسینی خۆماڵی چاپ ناکرێ، ئاوڕ لە نووسەرانی گەنج نادرێتەوە، ده‌گوترێ ئه‌و بواره‌یش زۆروبۆری تێكه‌وتووه‌ و ده‌زگاكان ره‌چاوی به‌رهه‌می باش ناكه‌ن و كتێبخانه‌ی كوردی شێواوه‌، تێبینی ئێوه‌ چییه‌ له‌و رووه‌وه‌؟
ئەوە وایە، بەڵام لەگەڵ ئەوە نیم ئێمە بەرهەمی خۆماڵیمان کەمترە، چونکە تەمەشا بکە بە دەیان گۆڤارمان هەیە هەر بە کوردی دەنووسرێن، هەتا لە کتێبیشدا پێم وایە نووسین پترە لە وەرگێڕان، هەر ئەوەی دەڵێین ڕاستە خەڵکەکەمان ناخوێنێتەوە، تا بزانن چاکە یان خراپە، بەئاسانی دەتوانم بڵێم تۆ و د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ یەکی وتارێک لە گۆڤارێک، یان لە ڕۆژنامەیەکدا بنووسن، ئەمن یەکسەر ئەوەی عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ دەخوێنمەوە، زۆرتر وایە، ناوی نووسەرەکە دەخوێننەوە، ئەوەیش نەقسێکە لە بۆچوونماندا. جارێکیان لە گۆڤارێك میوان بووم سەرنووسەرەکەی برادەرم بوو، یەکێک هات گوتی جێی ئەوەندە لاپەڕەمان بەتاڵە، ئەویش وتاری زۆر بۆ هاتبوون، هەر هەڵیدایەوە، هەڵیدایەوە، یەکێکی دەرکێشا گوتی ها، گوتم ئەوە چۆنە، ئەدی نابێ بیخوێنییەوە؟ گوتی خوێندنەوەی ناوێ ئەوە هیی فڵانە نووسەرە! گوتم ئاخر چۆن هیی فڵانە نووسەرە، گوتی مادام هی کەسێکی ناسراوە دەسکاریی ¬ناکەین، بەڵام ئەگەر هیی یەکێکی دیکە بێت دەیخوێنینەوە و دەسکاریی ¬دەکەین. ئەوە خراپە، بەو جۆرە ئێمە خەڵکی تازە پێناگەیەنین.

پ/ به‌رهه‌می تازه‌ی ئێوه‌ چییه‌ كه‌ له‌ داهاتوو بیخه‌نه‌ ناو كێتبخانه‌ی كوردی؟
مەعلووم نیە چاپ دەبێ یان نا، بەڵام شتێکم هەیە چاپ نەبووە، ئەگەر بڵاو بووەوە ئەوە دەیبینن، ئەگەر بڵاویش نەبووەوە ئەوە بە ڕەحمەت دەچێ.

پ/ وه‌ك نووسه‌رێكی به‌ ئه‌زموون و نزیك له‌ خوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ كتێبه‌كانت زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌، پێت وایه‌ خوێنه‌ری كورد له‌ چ ئاستێكی تێگه‌یشتندایه‌؟
جوابی ئەو پرسیارەیش وەک کورد دەڵێ کاری حەزرەتی فیلە، لەجێدا ئەمن نووسەرێکی باش نیم، لە پاشانیش خوێنەری کورد خۆ مەفهوومێکی موجەڕەد نییە، ئێمە خوێنەری کوردمان هەیە ئەگەر پلەبەندیی بکەین لە یەکەوە هەتا ٢٠٠٠ چۆن دەتوانین بڵێین لە چ پلەیەکدایە. ئێمە خوێنەرمان هەیە، خوێنەری باشیشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە خوێنەری خراپمان پترە، یەکێک لەوان خۆمم. ئەوە تەوازوع نییە خوێنەری باش و عیلاقەمەندمان کەمە.


وشە - ژیڤان خۆرانی