بینینی فڕۆكەیەكی تایبەت بە هەڵگرتنی چەكی ناوكی لە ئاسمانی ئەمەریكا، بووە جێگەی سەرنجی هاووڵاتییان و بەكاربەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
ئەو جۆرە فڕۆكەیەی لە ئاسمانی ئەمەریكا بینراوە، ناوەكەی "رۆژی قیامەت"ە و ئەمەریكا تایبەت بە هەڵگرتنی چەكی ناوكی بەرهەمی هێناوە.
فڕۆكەكە لە كۆتای دەیەی هەشتای زاینی لە لایەن ئەمەریكاوە بەرهەم هێنرا كە دوایین دەیە بوو لە شەڕی ساردی نێوان یەكێتیی سۆڤیەت و ئەمەریكا و بە رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت شەڕەكەش كۆتای پێ هات.
بە گوتەی رۆژنامەی ئێكس پرێس، فڕۆكەكەی ئەمەریكا بەسەر چەندان ویلایەتی ئەو وڵاتەدا سووڕاوەتەوە و خەڵك لە شوێنی جیاواز بینیویانە.
لە لایەكی ترەوە گوتەبێژی یەكەی ئاسمانی ئەمەریكاش ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە ئەو جۆرە فڕۆكەیە بە ئاسمانی ئەمەریكادا فڕیوە و بە E-6B Mercury ناسراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، فڕۆكەكە لە نزیك سەندیاگۆی ئەمەریكاوە هەستاوە و دواتر بەرەو زەریای هێمن فڕیوە و دواجاریش لە ئۆكلاهوما نیشتووەتەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێكس پرێس ئاشكرای كردوون، ئێستە ئەمەریكا خاوەنی ١٦ فڕۆكە لەو جۆرە تایبەتییەیە و نرخی هەر كامێكیان سەرووی ١٠٠ ملیۆن پاوەند دەبێت. فڕۆكەكە كاتێك سوودی لێ وەردەگیرێت كە جەنگێكی ناوكی لە دنیا بێتە كایەوە.
ئەوەی زانایان و پسپۆڕان سەریان لێی سوڕماوە، ئەوەیە فڕۆكەكە لە كاتێكی زۆر ئاساییدا بە ئاسمانی ئەمەریكادا فڕیوە و ئەوەش لە نێو تویتەر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تری ئەمەریكا بووەتە جێگەی مشتومڕی هاووڵاتییان و چاودێرانی سیاسی.
سەرچاوە/ویكیپیدیا-فارسنیوز