گوتی ئامادەیە شوێنی زێدان بگرێتەوە

:: PM:12:26:13/02/2018 ‌

خۆسێ ماریا گۆتی یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كە ئێستا راهێنەری تیپی منداڵانی یانەكەیە ئاشكرای كرد كە ئامادەیە لە داهاتوودا ئەركی راهێنەرایەتیی تیپی یەكەمی یانەی شاهانە وەربگرێ.

گوتی بۆ رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی رایگەیاند: ئەگەر سبەی بانگهێشت بكرێم بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید بەدڵنیاییەوە دەیكەم و ئەم خەونە لە دەست نادەم.

گوتی ئاشكراشی كرد كە ئامادەیە كاری یاریدەری راهێنەریش بكات وەك زێنەدین زێدان كە لە ساڵی 2014 وەك یاریدەری كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئەو كاتی یانەی ریال مەدرید دەستبەكار بوو.

گوتی جەختیشی كردەوە كە زێدانی راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدرید راهێنەرێكی سەركەوتووە و رێزێكی تایبەتی بۆی هەیە كە لە ماوەیەكی كورتدا چەندان دەستكەوتی گەورەی بۆ یانەكە بردەوە.

ئەو ئەستێرەیەی پێشووی یانەی ریال مەدرید هیواشی خواست رۆژێك لە رۆژان وەك زێدان هەلی بۆ بڕەخسێ و ئەركی یاریدەر یان راهێنەرایەتی یانەی شاهانەی پێ بسپێردرێ و جەختیشی كردەوە كە دەتوانێ لە كارەكەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ.

لەبارەی یارییەكەی سبەی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان، گوتی رایگەیاند: پێموایە زێدان بەهەمان پێكهاتەی دوایین یاریی لە خولی ئیسپانیا یاری دەكات. ئاشكراشی كرد كە هەردوو یانەكە ترسییان هەیە و بەڵام یانەی ریال مەدرید یارییەكە دەباتەوە.

گوتی هەروەها پاڵپشتی خۆشی بۆ كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی دووپاتكردەوە و ئاشكراشی كرد كە ئەو لە كاتی خۆیدا بەهەمانشێوە چەندان جار رووبەڕووی رەخنە و ناڕەزاییەكانی هاندەران بووەتەوە، بەڵام ئەو دەبێت بڕوای بەخۆی بێت و بەردەوامبێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م