شاجوانی رووسیا پێیوایە ئەرجەنتین مۆندیال دەباتەوە

:: PM:01:13:13/02/2018 ‌

ڤیكتۆریا لۆپریڤا شاجوانی پێشووی رووسیا و باڵیۆزی مۆندیالی 2018ی وڵاتەكەی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئەرجەنتینی هێنا و رایگەیاند كە لیۆنێل میسی و هاوڕێكانی مۆندیالی ئەمساڵ دەبەنەوە.

ڤیكتۆریا لە دوایین رۆژی گەشتەكەی بۆ ئەرجەنتین كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ كلاودیۆ تابیای سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین ئەنجام دا، لە كۆنگرەكەدا شاجوانی 2003ی رووسیا سەرسامی خۆی بە ئاستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێشان دا.

ڤیكتۆریای تەمەن 34 ساڵ بە میدیاكانی راگەیاند: هەموو گەنجێك ئاوات دەخوازێت وەك میسی بێت و ببێت بە باشترین یاریزانی جیهان.

زیاتر گوتی: هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەموو ئەو خەسڵەتانەی تێدایە كە ببێت بە پاڵەوانی مۆندیالی 2018 بەتایبەت كە لە ریزی هەڵبژاردەكەدا ئەستێرەی بێ ژمار هەن.

جێی باسە شاجوانی رووسیا لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتی ئەرجەنتین سەردانی یاریگەی بۆكا جۆنیۆرزی كرد و لەگەڵ خۆرخێ سامپاولی راهێنەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كۆ بووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م