نیمار كەی دەچێتە ریال مەدرید؟

:: PM:12:23:15/02/2018 ‌

تا ئێستاش دەنگۆی چوونی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە هاوینی داهاتوودا بۆ شوێنگرتنەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بەردوامە.

نیمار هاوینی رابردوو ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و بە بەهای 222 ملیۆن یۆرۆ وەك گرانترین یاریزانی جیهان پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی پلانی نیماری سەبارەت بە چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید ئاشكرا كرد كە رەنگە لە هاوینی 2019 ئەمە رووبدات دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان.

ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان چەند مەرجێكی هەیە بۆ رۆیشتنی نیمار لە ریزی یانەكەی بۆ یانەی ریال مەدریدەوە، یەكێك لەو مەرجانەش بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆڕی باشترین یاریزانی جیهانە كە دەبێتە ریكلامێكی گەورە بۆ یانەكەی و كۆمپانیای فڕۆكەوانی قەتەڕی، هەروەها بردنەوەی جامێكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە بۆ یانەكەی.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد، فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید باش لەو پلانە تێگەیشتووە و لەبەر ئەمە رازی بووە تا ساڵی 2019 بۆ نیمار بووەستێ و دوای ئەو وادەیە بیكات بە ئەستێرەی یەكەمی یانەی شاهانە بەتایبەت كە ئەو كات میسی تەمەنی دەبێتە 32 ساڵ و رۆناڵدۆش 35 ساڵ، بەمەش نیمار ئەو كات دەتوانێ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م