ئەو نامەیەت بۆ هات دەسبەجێ بیسڕەوە

كۆمپانیای ئەپڵ بەردەوامە لە چاككردنی ئەو گرفتە تەكنیكییەی لە ڤێرژنی نوێ سیستەمی كارپێكردنی دروست بووە، داوایش لە بەكارهێنەرانی دەكات، هەر نامەیەكیان بۆ هات بە زمانی هیندی بە هەموو شێوەیەك لێی دوور كەونەوە و خێرا بیسڕنەوە، بە پێچەوانەوە تەواوی ئاپەكانی ناو مۆبایل و ئامێرەكانتان دەوەستێ و تووشی كێشەی گەورەتان دەكات.

كۆمپانیاكە ئاشكرای كرد، ڤێرژنی تازەی ئەپل بۆ ئامێرەكانی ئایفۆن و ئایپاد و ماك و كاتژمێرەكانی ئەپڵ دوای نوێكردنەوەی هەركات نامەیەكیان بە زمانی هیندی بۆ ناوی "Telugu" بۆ هات، پێویستە دەستبەجێ بیسڕنەوە و ئەو نامەیەش تا ئێستە بۆ 70 ملیۆن كەس لە بەكارهێنەرانی بەرهەمەكانی ئەپڵ هاتووە، ئەوانەی تا ئێستەیش بەكارهێنەری سیستەمی كارپێكردنی 11.2.5ی ئای ئۆ ئێسی ئەپڵن.

ئەو نامەیە لە كاتی كلیك لەسەركردنی، دەبێتە هۆی ڕاگرتنی كاری زۆربەی ئاپەكانی ناو مۆبایل، كە لە ناویاندا فەیسبووك و واتسئاپ و ماسنجەر و جیمەیل و ئایماسنجەریش بوونی هەیە، تەنیا دەتوانن بە ڕاستەوخۆ سڕینەوەی ئەو نامەیەی بۆتان دێ، خۆتان لەو گرفتە گەورەیە بپارێزن و ڕێ نەدەن نامەكە زۆربەی بەرنامەكانی ناو مۆبایلی ئایفۆن یان بەرهەمەكانی تری ئەپڵ بوەستێنێ و لەكاریان بخات.

نامەكە زۆر بەئاسانی دەتوانرێ لە ڕێی بەرنامەی تۆڕی كۆمەڵایەتی یەكێك لە تووشبوون بۆ تۆش و هەموو بەكارهێنەران ڕەوانە بكرێت، بۆیە پێویستە هیچ نامەیەكی نامۆ كە بە زمانی هیندی بۆتان ڕەوانە كرا لە هەر تۆڕێكی كۆمەڵایەتی و تۆڕی پێوەندیكردنەوە، بە هیچ شێوەیەك نەیكەنەوە و بگرە ڕاستەوخۆ بیسڕنەوە و خۆتان لەم كێشە گەورەیە ڕزگار بكەن.

كۆمپانیای ئەپڵ دووپات لەوە دەكاتەوە، كە ئەو كێشەیەی زانیوە و خەریكی كاركردنە بۆ ئەوەی كۆتا بەم گرفتە بهێنێت و سەرجەم بەكارهێنەرانی ئامێرەكانی ئەپڵ لەو هێرشە ڕزگار بكات و ڕێگر بێ لە كاریگەری دانان لەسەر ئامێرەكانیان.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:12:00:17/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 1741 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌