خولی ئیسپانیا.. بەرشەلۆنە بەربەستی ئیباری بەسەركەوتوویی بڕی

:: AM:08:52:18/02/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنە سەركەوتووبوو لە بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئیبار لە خولی ئیسپانیادا.

دوێنێ شەموو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ئیبۆروا بووە مێوانی یانەی ئیبار و یارییەكەشی بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

یانەی بەرشەلۆنە بەم سەركەوتنە ژمارەی سەركەوتنەكانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا كرد بە 19 سەركەوتن و 5 یەكسانبوون و تا ئێستاش هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە.

گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەلایەن لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی بە پاسێكی جوانی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە خولەكی 16 بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كرا.

لە خولەكی 88 جۆردی ئەلبای بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆمار كرد و یانەكەی كردە خاوەن 3 خاڵی تەواوی یارییەكە.

بەم سەركەوتنە یانەی بەرشەلۆنە خاڵەكانی بۆ 62 بەرز كردەوە و هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە، یانەی ‌وئیباریش بە 35 خاڵ هەر لە ریزبەندی 7ی یانەكان مایەوە.

جێی باسە دوێنێ شەموو هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكەیان بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

لاس پاڵماس 1-2 سڤلییە

دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس 1-0 دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا

مەلەگە 1-2 ڤالێنسیا.

ئەمڕۆ یەكشەمیش یارییەكانی گەڕی 24 درێژەیان دەبێت و تێیدا چەند یارییەك بەڕێوە دەچن:-

سەعات 2ی دوای نیوەڕۆ/ ریال سۆسیداد – لیڤانتی

سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە/ ئەتلەتیكۆ مەدرید – ئەتلەتیك بیلباو

سەعات 8:30ی شەو/ ئیسپانیۆڵ –ڤیاڕیال

سەعات 10:45ی شەو/ ریال بیتیس – ریال مەدرید




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م