هیچ یانەیەك داوای فرۆشتنی ئینێستای كردووە؟

:: AM:10:38:19/02/2018 ‌

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد یانەكەی بەفەرمی هیچ داوایەكی لە یانەكانی تر پێ نەگەیشتووە بۆ فرۆشتنی ئەندرێس ئینێستای كاپتن.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا لەچەند رۆژی رابردوودا بڵاویان كردبووەوە یانەیەكی ئیسپانی داوایەكی گرانبەها و خەیالی پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئینێستا.

ڤالڤێردی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسپانیا رایگەیاند: تا ئێستا هیچ داوایەكی فەرمیمان لە هیچ یانەیەكی ترەوە پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە فرۆشتنی ئینێستا، ئەگەریش داواكاریمان پێشكەش بكرێ قسەی لەبارەیەوە دەكەین.

زیاتر گوتی: هیچ قسەیەكی ترم نییە لەمبارەیەوە بیخەمەڕوو و ناشتوانین روونكردنەوە لەسەر هەموو ئەو دەنگۆیانە بدەین كە لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكرێنەوە.

لە كۆتاییدا راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: ئینێستا ئەستێرە و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەیە و ئێستاش باشترین ئاست لەگەڵ یانەكە پێشكەش دەكات، بۆیە هیچ شتێكی ترم نییە جگە لەو قسانە نەبێت.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە چەند مانگێك پێش ئێستا بەفەرمی نوێكردنەوەی گرێبەستی ئینێستای راگەیاند و ئاشكراشی كرد كە گرێبەستە نوێیەكەیان تا هەتایە و بێ دیاریكردنی تەواوبوونی كاتە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م