زێدان چیتر راهێنەرایەتی ریال مەدرید ناكات

:: PM:12:32:19/02/2018 ‌

زێنەدین زێدانی فڕەنسی دوای تەواوبوونی یارییەكانی ئەم وەرزە بەیەكجاری واز لە یانەی ریال مەدرید دێنێ و چیتر راهێنەرایەتی ئەو یانەیە ناكات هەرچەندە گرێبەستەكەی لە ساڵی 2020 تەواو دەبێت.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: زێدان بە ماڵباتەكەی راگەیاندووە بۆ وەرزی داهاتوو یانەی ریال مەدرید جێدێڵێ بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆیەی ئاراستەی دەكرێ لەبەرامبەر دابەزینی ئاستی تیپەكەی و دەرچوونیان لە ركابەرییەكانی خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: زێدان بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا واز لە یانەی ریال مەدرید بێنێ و بۆ وەرزی دوای تەواوبوونی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فڕەنسا وەردەگرێ.

زێدان ماوەیەكە رووبەڕووی رەخنەیەكی توندی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دەبێتەوە بەهۆی لەدەستدانی چەندان خاڵی خولی ئیسپانیا و دەركردنیان لە ركابەرییەكانی جامی شای ئیسپانیا، یانەكە ئێستا تەنیا خولی پاڵەوانانی ئەوروپای لەبەردەستماوە تا ئەمساڵ ناسناوێك بباتەوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید 3 راهێنەری بۆ جێگرەوەی زێدان دیاری كردووە ئەوانیش برێتین لە ماوریسیۆ پوچیتینۆی راهێنەری یانەی تۆتنهام، یۆرگن كلۆپی راهێنەری یانەی لێڤەرپوول لەگەڵ یواكیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.

جێی باسە زێدان لە ساڵانی 2016 و 2017 ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای بۆ یانەی ریال مەدرید بەدەستهێنابوو دوی ئەوەی یانەكە بۆ ماوەی 4 ساڵ لە وەرزی 2011-2012 لە بردنەوەی ناسناوەكە بێبەش ببوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م