پاڵەوانیەتییەك بۆ هاوكاریكردنی دیار رەحمان ئەنجام دەدرێ

:: AM:10:46:20/02/2018 ‌

كۆمپانیای سمایلاند وەك هاوكارییەك بۆ یاریزانی بەناوبانگی هەولێر و هەڵبژاردەی كوردستان دیار رەحمان بڕیاریداوە پاڵەوانیەتییەكی یاریی بۆڵینگ بكاتەوە و سەرجەم داهاتەكەشی پێشكەش بەو یاریزانە بكات.

پاڵەوانیەتییەكە لە رۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوو (26/2/2018) لە شاری یاری سمایلاند لە تابلۆمۆڵ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

حاجی ئاغا زراری رێكخەری پاڵەوانیەتییە (پاڵەوانیەتیی دیار رەحمان) تایبەت بۆ (وشە) رایگەیاند: وەك كۆمپانیای سمایلاند هەڵساوین بە كردنەوەی پاڵەوانیەتییەكە وەك وەفایەك بۆ یاریزانی دیاری شاری هەولێر دیار رەحمان كە ئەم ماوەیە تووشی نەخۆشییەكی قورس هاتووە و سەرجەم داهاتی پاڵەوانیەتییەكەش پێشكەش بەو یاریزانە دەكەین.

زراری راشی گەیاند: پاڵەوانیەتییەكە وەك كەمپینێكە بۆ هاوكاریكردنی دیار رەحمان و لە رۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوو سەعات 7ی شەو دەست پێ دەكات، بەهیوای ئەوەین كەسانێكی زۆر بەشداری پاڵەوانیەتییەكە بكەن بەتایبەتیش لە چینی وەرزشوانان و رۆژنامەوانان و هەوادارانی وەرزشی شاری هەولێر.

رێكخەری پاڵەوانیەتی دیار رەحمان ئاشكراشی كرد: هەر بەشداربوویەك بە 6 هەزار دینار بەشدار دەبێت لە پاڵەوانیەتییەكەدا و داهاتەكەشی سەرجەمی پێشكەش بەو یاریزانە دەكرێ تا لە رێگەیەوە چارەسەری تەندروستییەكانی پێ بكات.

جێی باسە دیار رەحمان تووشی نەخۆشی گیرانی دەماری لە ماسوولكەكان بووەتەوە و بەهۆیەوە ماوەی چەندان مانگە لە یاریكردن دابڕاوە و چارەسەریشی لە دەرەوەی وڵاتە، لە ماوەی رابردووشدا سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان و عەبدوڵا مەجیدی سەرۆكی یانەی هەولێر بەڵێنیان پێدابوو هاوكاری تەواوی بكەن و ڤیزای وڵاتی ئەڵمانیای بۆ وەرگرن و هەروەها هاوكاری دارایشی پێشكەش بكەن تا لە نەخۆشییەكەی چاك دەبێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م