رۆناڵدۆ و دوو یاریزانی تر پاڵێوراون بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی پورتوگال

:: AM:11:17:20/02/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی پورتوگال ناوی ئەو یاریزانەی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد كە پاڵێوراون بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی 2017.

یەكەتییەكە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ خەڵاتەكە پاڵاوتووە لەگەڵ رۆی پاتریسیۆی گۆڵپارێزی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی و بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی.

رۆناڵدۆ پارساڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی پورتوگالی بردبووەوە و ركابەرەكانی برێتی بوون لە رۆی پاتریسیۆ و پیپی بەرگریكاری پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی بێشكتاشی توركی.

یەكەتییەكە ئاشكراشی كرد، رۆژی 17ی ئاداری داهاتوو لە ئاهەنگێكدا لە شاری لشبۆنەی پایەتەختی پورتوگال ناوی باشترین یاریزانی 2017ی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات.

جێی باسە ناوی یاریزانە پاڵێوراوەكانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی پورتوگال لەلایەن لێژنەی رێكخەری خەڵاتەكە دیاری دەكرێ كە لویس فیگۆ سەرۆكایەتی دەكات، دیاریكردنی یاریزانی براوەش بە رێگەی دەنگدان دەبێت كە راهێنەران و یاریزانان و هاندەران دەنگی تێدا دەدەن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م