له ٢٠-١-٢٠١٨ـه‌وه هێزه‌كانی توركیا ئۆپراسیۆنیان له‌گه‌ڵ هێزه سوورییه هاوپه‌یمانه‌كانیان دژی شاری عه‌فرین به ناوی ''چڵه زه‌یتوون'' ده‌ست پێ كردووه، به‌ڵام تا ئێسته نه‌یانتوانیوه كورد بشكێنن له‌و شاره. به‌هجه‌ت عه‌بدۆ وه‌زیری به‌رگریی عه‌فرین له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ورده‌كاریی به‌رگرییه‌كانی كورد له عه‌فرین ده‌خاته روو، هاوكات نیگه‌رانی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت له بێده‌نگیی دنیا به‌رانبه‌ر ئه‌و په‌لامارانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر شاره‌كه.
وه‌ڵامتان چییه بۆ ئه‌و هێرشه‌ی توركیا؟
توركیا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات عه‌فرین بخاته ژێر ده‌ستی خۆی، به‌ڵام با خه‌ونیش به‌وه‌وه نه‌بینن، چونكه ئێمه ئه‌وه‌نده هێزمان هه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن نزیكی عه‌فرین بكه‌ونه‌وه، نه‌ك هێزی دووه‌می ناتۆ بن، به‌ڵكو هه‌موو هێزی دنیاش له پشتیان بێت ناتوانن، چونكه ته‌واوی شاری عه‌فرین و هه‌موو كوردێكی به شه‌ره‌ف له دژیان وه‌ستاونه‌ته‌وه و خه‌ڵك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شاره‌كه به‌جێ ناهێڵێت. گه‌لی عه‌فرین به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و گه‌لی رۆژئاوا هه‌مووی، خۆیان كۆ كردووه‌ته‌وه و به‌رگری له عه‌فرین ده‌كه‌ین، بۆیه با توركیا باش بزانێت ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری عه‌فرین نابین، چونكه عه‌فرین هی كورده بۆ كورد ده‌بێت.
ده‌گوترێ توركیا شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆردمان ده‌كات و چاویان له شوێنه ستراتیجییهكانه، تا چه‌ند ئه‌مه راسته؟
رێك وایه، ئێسته فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌كان و بیره‌كانی ئاو و باره‌گای مانگی سووری كورد له شارین عه‌فرین بۆردمان ده‌كه‌ن، ته‌نیا مه‌به‌ستیشیان ئه‌وه‌یه خه‌ڵك شاره‌كه به‌جێ بێڵن، به‌ڵام خه‌ڵكی شار بڕیاری داوه له برسان بمرن، به‌ڵام عه‌فرین به‌جێ نه‌هێڵن.
ورده‌كاریی دۆخی شه‌ڕ چۆنه؟
تا ئێسته‌یش نه‌مانهێشتووه هێزه‌كانی توركیا یه‌ك بست له خاكی عه‌فرین داگیر بكه‌ن، چه‌ندان دیلی ئه‌وان له ده‌ستماندان، به‌ڵام فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا 183 كه‌سی سڤیلیان كوشتوون و 450یش بریندارن، له به‌رانبه‌ردا ده‌یان تانكیان له‌ناو براوه و 800 سه‌ربازی تورك كوژراون، پێ ده‌چێت زیاتریش بێت ژماره‌كه، چونكه شه‌ڕ له‌سه‌ر سنووره، به‌ڵام ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناهێڵین عه‌فرین و خه‌ڵكی عه‌فرین و ئه‌وانه‌ی خوێنی خۆیان بۆ رۆژئاوا رشت، بكه‌ونه ده‌ست سوپای توركیا.
هاتنی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ عه‌فرین چۆن ده‌بینن؟
رۆژی 10ی ئه‌م مانگه شاندی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی عه‌فرینیان كرد، شانده‌كه به نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان گه‌یشتنه ڕۆژئاوای كوردستان. وره‌ی شه‌ڕڤانان زۆر به‌رز بووه‌وه له تێكشكدانی هێزه‌كانی توركیا و خه‌ڵكیش هه‌موویان ئاماده‌ن به‌رگری بكه‌ن، هاتنی ئه‌و شاندهیش هه‌نگاوێكی گرنگ و مێژوویی بوو، ده‌بێت شتێكی تریش بڵێم سه‌ره‌ڕای جیاوازیی بیر و بۆچوونی سیاسیمان، به‌ڵام هه‌موو كورد یه‌كن و هه‌موومان یه‌ك ئازار و دوژمنی هاوبه‌شمان هه‌یه.
جۆره بێده‌نگییه‌ك هه‌یه له دنیادا به‌رانبه‌ر پرسی عه‌فرین، ئه‌مه چۆن لێك ده‌ده‌نه‌وه ئێوه؟
به‌ڵی بێده‌نگییه‌ك هه‌یه و ئه‌م بێده‌نگییه‌ی دنیا جێی ره‌خنه و ناڕازیبوونمانه، ئێسته زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێز به‌رانبه‌ر كێشه‌ی عه‌فرین چاویان داخستووه، ئه‌مه‌ش دووڕوویی دنیایه به‌رانبه‌ر كورد و جێی داخه بێده‌نگییه‌كه‌یان به‌رانبه‌ر عه‌فرین، به‌ڵام ده‌بێت دنیا بزانێت ئێمه هیچ شتێكی زیاده‌مان له وڵاتان داوا نه‌كردووه، به‌ڵكو داوای فیدراڵیزمی رۆژئاوایی كوردستان ده‌كه‌ین و ده‌وروبه‌رمان قبووڵی ناكه‌ن.
له رۆژئاوا به راشكاوانه به رووسیامان گوت: ئێوه له كۆنه‌وه پشتتان له ئێمه كرد و ناكرێت به‌رانبه‌ر پرسێكی مرۆیی و له‌سه‌ر هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندیی بچووكتان پشت له ئێمه بكه‌نه‌وه جارێكی تر، ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكرێت، به‌ڵام تا ئێسته ته‌نیا یه‌كێتیی ئه‌وروپا پشتگیریی خۆی بۆ كێشه‌ی عه‌فرین ده‌ربڕیوه و ته‌نیا خه‌ڵكی كورد ده‌نگی خۆڕاگری عه‌فرینی گه‌یانده دنیا.
هه‌ڵوێستی كورد به گشتی به‌رانبه‌ر عه‌فرین چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، ئه‌م دۆخه له چركه‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شی كورد ده‌چێ؟
ئێمه دنیایه‌ك سوپاس بۆ ته‌واوی گولی كورد ده‌نێرین، چونكه كورد زۆر به‌م هێرشكردنه دڵگرانن و رۆژانه له‌به‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌ر له شنگال و هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه پێوه‌ندیمان پێوه ده‌كه‌ن و دڵیان لامانه و ئاماده‌ن بچنه به‌ره‌كانی جه‌نگ.
وشه/ دهۆك- كــاروان باعه‌درێ