عادل قادری نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته حاڵه‌ته‌كانی ناسینی چیرۆك و بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر زۆر پرسی ئه‌ده‌بی ده‌خاته ڕوو، له زۆر روویشه‌وه جیاواز بۆ چه‌مكه‌كان خوێندنه‌وه ده‌كات، نیگه‌رانی خۆیشی ناشارێته‌وه له هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی زه‌ق كه چیرۆكنووسی كورد ده‌یكه‌ن.
چیرۆك چییه؟
راستی باسی چیرۆك و چییه‌تی چیرۆك نه ده‌چێته زیندانی هیچ پێناسه‌یه‌ك و نه له بنبه‌ستی گوتاری (Discourse) سه‌رده‌مێكی دیاریكراویشدا قه‌تیس ده‌بێت، كه‌واته ده‌توانم بڵێم ئه‌م پرسیاره یه‌كێك له‌و پرسیاره نه‌مرانه‌یه كه ده‌بێ به‌رده‌وام چیرۆكنووس و رۆماننووس و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب له خۆیان و دیسكۆرسه زاڵه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یان بیپرسن، هه‌رجاره و ده‌لاله‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هه‌رجاره‌ش به‌شێوازێك بیری لێ ده‌كرێته‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه، بۆیه وه‌ڵامی جیاجیا و رێژه‌یی به‌رده‌وام ده‌خرێته روو و له فۆرمی هه‌ر پێناسه‌یه‌كیشدا ئێمه ده‌توانین وه‌ك میسداق و نموونه كۆمه‌ڵێك چیرۆك و شێوازی چیرۆكنووسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌سنیشان بكه‌ین. بۆیه كاتێك رووبه‌ڕووی پرسیاره نه‌مره‌كان له رووبه‌ری ئه‌ده‌بدا ده‌بینه‌وه، ده‌بێت به تێفكرینێكی تایبه‌ت و له گۆشه‌نیگای تره‌وه ده‌لاله‌ت و ئاوازی پرسیاره‌كه شی بكه‌ینه‌وه، كێشه و گرفتێك كه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه رووبه‌ڕووی ره‌سه‌نایه‌تیی پرسیارگه‌لی وه‌ها ده‌بنه‌وه، هه‌وڵێكی بناژۆخوازانه (ره‌نگه تا ئاستێكی زۆریش ناوشیارانه)یه كه ده‌یه‌وێت له‌ژێر په‌ستانی ئه‌و كولتووره بناژۆخواز و میتافیزیكییه پێناسه‌یه‌كی ره‌ها و خه‌لاسكه‌ر بۆ ئه‌و پرسیاره (چیرۆك چییه؟) بدات به ده‌سته‌وه.
له لایه‌كی تر ئه‌م پرسیاره به‌هۆی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی چه‌ندان و چه‌ند باره‌ی له ئێسته و ته‌نانه‌ت له داهاتووش به‌ره‌و جۆرێك له مه‌ترسی و خه‌ساری به‌كڵێشه‌بوون و چه‌ند پاته بوونه‌وه‌مان ده‌بات و ته‌نیا ده‌توانین به تێڕوانین و زه‌ینێكی كراوه‌وه دابه‌زینه ناو هه‌رێمی تازه‌ی ئه‌م پرسیاره، ئه‌و ئاوا و نه‌وا و ده‌لاله‌ته تازه‌یه كه ده‌شێت له سه‌رده‌می منی سۆراخكه‌ر و عه‌وداڵ به دوای پرسیاردا هه‌یبێت، بیدۆزینه‌وه.
به‌و تێبینی و سه‌رنجه‌وه ده‌توانم بڵێم له مانا گشتیی و فه‌لسه‌فییه‌كه‌یدا چیرۆك داكۆكیكردنه له بوون و شێوازه جۆراوجۆره‌كانی بوون و هه‌بوون (bee & become) له دنیا، به هه‌موو خوڵقێنراو و گیانله‌به‌ر و بوونه‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و مرۆڤه‌كانییه‌وه، ئه‌م داكۆكیكردنه به هونه‌ری گێڕانه‌وه و ته‌كنیكه جۆراوجۆره‌كان تێكه‌ڵ به ئیستاتیكای ئومێد و بێئومێدی، سه‌ركه‌وتن و شكست، پووچی و ره‌شبینی ده‌بێت.
ره‌هه‌ند و توخمه‌كانی چیرۆك كه ماهییه‌ته‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ن زۆرن، به‌ڵام وه‌ك تێڕوانینێكی گشتی چیرۆك ئه‌و ئومێده‌یه بۆ گێڕانه‌وه و مانه‌وه و هه‌رمان له ژیان و هه‌ناسه‌كێشان ته‌نانه‌ت له‌ودیو سنووره‌كانی ژیان و سه‌ردابه‌كانی مردن و عه‌ده‌مه‌وه، بۆ ئه‌م نموونه‌یه كاره‌كانی ماركیز دۆساد ده‌توانین بهێنینه پێش چاوی خۆمان كه فه‌رهاد پیرباڵ له شیعرێكیدا و به‌شێوه‌یه‌كی باش وێنای ئه‌و نه‌مری و خه‌ون و هیوا و نائومێدییه‌ی له دنیای چیرۆكی دۆساد كردووه، به‌مه‌ش به‌شێك له ماهییه‌ت و چییه‌تی چیرۆك له شكڵه گشتییه‌كه‌یدا خراوه‌ته ڕوو.
ئایا چی كۆمه‌كی چیرۆكنووس ده‌كات تا بتوانێ چیرۆكێكی باش بنووسێت؟ دواتریش مه‌رجی چیرۆكێكی باش به‌لای تۆوه چییه؟
ده‌شێت كۆمه‌ڵێك توانست یان مه‌رج یان هۆ ده‌ستنیشان بكه‌ین كه ده‌بێت چیرۆكنووس هه‌یبێت وه‌ك زاڵبوونی چیرۆكنووس به‌سه‌ر رۆحی گێڕانه‌وه‌كانی زمانێك كه تێیدا ده‌نووسێت، بۆ نموونه چیرۆكنووسێك ناتوانێت ته‌نیا له رێی خوێندنی كۆندرا، كازانزاكیس، فوئینتیس و كالڤینۆ دا‌نیشێت و به‌پێی هه‌ندێ ته‌كنیك و شكڵی گێڕانه‌وه‌یی ده‌ست بكات به چیرۆكنووسین، مه‌رج و توانست و هۆی ره‌سه‌نایه‌تی و ئۆرجیناڵ ئه‌وه‌یه چیرۆكنووس ئاگاداری جه‌وهه‌ر و رۆحی گێڕانه‌وه‌یی و زمانی حیكایه‌ت و راز و ئه‌فسانه‌كانی دنیا و كولتووری خۆی بێت تا پاش ئه‌وه، به خوێندنی ئه‌ده‌بی دنیا و میراته مێژوویییه ئه‌ده‌بییه‌كانی زمانی تر به‌راوردی خاڵی سه‌ركه‌وتوو و لاوازی چیرۆك له ئه‌زموونێكی به‌ربڵاوتری مرۆیی‌دا بكات.
واته چیرۆكنووسی باش له‌ناو قووڵایییه‌كانی ئه‌ده‌ب و مێژووی گێڕانه‌وه‌وه دێت به‌ره‌و ناو ئێسته‌ی چیرۆك و ئه‌ده‌ب، له خواره‌وه به‌ره‌و سه‌ره‌وه دێت، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. بۆیه مه‌رجی هاتنه‌ئارای چیرۆكی باش و چیرۆكنووسی باش به‌پێی ئه‌و پێوه‌ر و توانست و مه‌رجانه‌یه، چیرۆكی باش بۆ خۆی دنیایه‌كه كه رۆح و جه‌سته و واتا و ئامانج (نه‌ك وه‌ك وێستگه‌یه‌كی دیاریكراوی وه‌گێڕ یان مرۆڤ به‌ڵكو وه‌ك ئاره‌زوو ”desire” و مه‌یلێك بۆ گه‌ڕان و دانه‌سه‌كان و كۆچه‌رییانه "بوونكردن")ی خۆی هه‌یه و هاوارێكی گه‌وره و داهێنه‌رانه‌یه جیاواز له‌و هاوارانه‌ی پێشتر له‌م ده‌ربه‌ند و گه‌لییه‌ی "بوون" و دنیا كه‌وتوونه‌ته زایه‌ڵه و ده‌نگدانه‌وه‌وه.
ئه‌وه زمانه یان ته‌كنیك شێوازی چیرۆك دیاری ده‌كات؟ دواتریش ئایا له رێی زمانه‌وه به‌ر ئه‌زموونێكی نوێی ته‌كنیك ده‌كه‌وین؟
بێگومان زمان و ته‌كنیك له پێوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵدان، هه‌رچه‌نده زمانێك مێژووی گێڕانه‌وه‌ی په‌خشانی و چیرۆكیی و به‌گشتی نڤیساریی زیاتر و فره‌ڕه‌هه‌ندتر بێت ته‌كنیكه هێزه‌كی و كرده‌كی (بالقوه و بالفعل)ه‌كانیشی زۆرتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و پاراوترن، ئه‌گه‌رچی ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاو بێت كه پێناسه‌كردنی "زمان" له دنیای چیرۆك و به گشتی گێڕانه‌وه‌دا پێناسه‌یه‌كی سیستماتیك و چوارچێوه‌دار و داخراو نییه، زمان له‌م رووبه‌ره‌دا "كراوه‌یی" ئه‌زموون ده‌كات به‌پێی ئیستاندارد و پێوه‌ره‌كانی زمان و دیسكۆرسی گێڕانه‌وه‌یی نووسه‌ر ئاسۆی تازه ده‌نه‌خشێنێت، بۆ نموونه هێنانه‌وه‌ی رسته‌یه‌ك له لاتینی یان یۆنانی كۆن له رۆمانێكی فه‌لسه‌فیدا كه له بنه‌ڕه‌تدا خۆی به ئه‌ڵمانی یان ئیتاڵی نووسراوه، نموونه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ن بۆ كراوه‌یی له ئاستی زمانی گێڕانه‌وه‌یی نووسه‌ردا، ئه‌م كراوه‌ییه‌ش خۆی ده‌كه‌وێته خزمه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ته‌كنیك و شێواز و جۆره‌كانی گێڕانه‌وه.
بۆیه به‌گشتی پێم وایه له پنت و خاڵێكی ناسك و هه‌ستیاردا زمانی گێڕانه‌وه و ته‌كنیك تێكه‌ڵ و هاوده‌نگ ده‌بن كه جیاكارییان ئاسان نابێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه مانای ته‌كنیك له ئه‌ره‌ستۆوه بگره تا ده‌گاته لای هایدیگه‌ر، تزۆتان تۆدۆرۆف، فۆرمالیسته‌كان، شكلۆفسكی، رۆلان بارت، ده‌لاله‌ت و پێناسه‌ی جیاجیا و ره‌نگاڵه‌یی وه‌ربگرێت و یه‌كێك به رووبه‌ری داهێنان، یه‌كێك به ته‌كنیكی جوانیناسانه و هونه‌ری، یه‌كیان له چوارچێوه‌ی چه‌مكی "كار و پیشه" پێناسه‌ی بكات.
به كورتییه‌كه‌ی ده‌لاله‌ت و مانای ته‌كنیك هێنده رێژه‌یییه ته‌نیا ده‌ق و نووسینی داهێنه‌رانه ده‌توانێ میسداق و نموونه‌ی بێت. ئه‌و ده‌قانه‌ی بۆ نموونه له ئه‌ده‌بی فارسی‌دا وه‌ك سه‌رچه‌شنی ته‌كنیكی سه‌رده‌می خۆیان و تا ئاستێك ئێسته‌یش ده‌ركه‌وتن، بریتین له"یكی بود، یكی نبود" محه‌مه‌دعه‌لی جه‌ماڵزاده، "بوف كور" یان كونده بووی كوێری سادقی هیدایه‌ت، شازده ئیحتیجابی هوشه‌نگی گولشیری، كاره‌كانی سادق چووبه‌ك و شه‌هریار مه‌نده‌نی پوور كه له‌و رووه‌وه و به‌پێی ده‌ركه‌وتنیان له پانتایی مێژووی گێڕانه‌وه‌ی زمانی فارسی‌دا جێی سه‌رنج و وردبوونه‌وه‌ن. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا و له ئه‌ده‌بی كوردیدا ئه‌زموونگه‌لێك كه هه‌وڵیان داوه گێڕانه‌وه‌كه‌یان پانتایی نوێ و تازه‌ی ته‌كنیك ئه‌زموون بكات، كه‌م نین.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژووی چیرۆكی كوردی بده‌ینه‌وه، ده‌بینین هه‌ندێك چیرۆكنووس گوته و ڕسته‌ی ته‌مومژاوییان خستووه‌ته ناو چیرۆكه‌كانیانه‌وه كه ئه‌وه هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ئاڵۆز كردووه. ئایا تۆ ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
ده‌بێ بزانین مه‌به‌ست له گوته‌ی ته‌مومژاوی چییه و له چ ئاراسته‌یه‌كی ره‌وایی و له‌ناو چ پێكهاتێكی گێڕانه‌وه‌ییدا كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه، تا بتوانین به دروستی قسه‌ی لێ بكه‌ین، ئێمه له ئه‌ده‌بی دنیایشدا و بۆ نموونه لای گابریل گارسیا ماركیز و ویلیا‌م فاكنێر و كافكا، هه‌ندێ نا، بگره زۆر رسته‌ی لێڵ و ته‌مومژاوی ده‌بینین، به‌ڵام ئه‌مه وه‌ك ته‌كنیكی كۆد و كرانه‌وه‌ی كۆد له پێكهاته ره‌واییه‌كه‌دا دانیشتووه و له درێژه‌ی رۆمان یان چیرۆكه‌كه‌دا كۆدی ئه‌و رسته ته‌مومژاوییه ده‌كرێته‌وه و بگره ئه‌و رسته ته‌ماوی و لێڵه خۆی ده‌بێت به چه‌قێكیش بۆ خوێندنه‌وه و ته‌ئویلی كۆی ره‌وایه‌ته‌كه.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له رسته‌ی ته‌مومژاوی به‌كارهێنانی رسته و گوزاره‌ی به بریق و باق و دوور له لۆجیكی ره‌وایی پێكهاتی گێڕانه‌وه بێت، ئه‌وه به‌ڵێ به‌شێك له چیرۆكنووسانی گه‌وره و بچووكی كورد ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان كردووه و ده‌توانین وه‌ك خه‌سارێك كه كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر كرۆكی گێڕانه‌وه باسی لێ بكه‌ین، هۆكاره‌كانیشی هێنده زۆرن لێره‌دا ته‌نانه‌ت ناكرێت تیشكیش بخه‌مه سه‌ری.
ئایا ڕه‌خنه‌ی كوردی توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ڵزنانی چیرۆك به باڵای گێڕانه‌وه‌وه، هه‌نگاو بنێت؟
ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه ده‌سته‌واژه‌ی "ره‌خنه‌ی كوردی" هێشتا ده‌لاله‌ت و كارامه‌یییه‌كی ئه‌وتۆی وه‌رنه‌گرتووه كه رێنیشانده‌ر و شرۆڤه‌كه‌ری ره‌وتی داهێنانی ئه‌ده‌ب و ئاسۆ ناكۆتاكانی بێت و تا ئاستێكی زۆریش ئه‌مه راسته، به‌ڵام پێم وایه ره‌خنه و تێڕوانینه ره‌خنه‌یییه‌كان و چه‌مكه‌كانی پێوه‌ست به ره‌خنه له‌ناو هه‌ر زمانێكدا به‌گوێره‌ی دیالیكتیكێكی چه‌ند لایه‌نه كه پێی ده‌ڵێم تۆڕی دیالیكتیك، باڵا ده‌كات و یه‌كتری ده‌بووژێننه‌وه و گه‌شه به ئاستی كوالێتی و كاریگه‌ری یه‌ك ده‌ده‌ن. جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌م تۆڕه دیالیكتیكییه بریتین له: ده‌قی داهێنه‌رانه و ئاوانگارد، ئاستی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاستی په‌روه‌رده‌ی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاستی پێشكه‌وتنی زاراوه و ده‌سته‌واژه ئه‌مڕۆییه‌كانی زمان به گشتی و ئه‌م زمانه به تایبه‌تی، ئێسته ئه‌م دیالیكتیك و پێوه‌ندییه چه‌ند لایه‌نه له نێوان ئه‌م جه‌مسه‌رانه له ئاستێكی دڵخۆشكه‌ر نییه، به‌ڵام ده‌قی باش هه‌ر به‌رهه‌م دێت و ئاسۆی گێڕانه‌وه‌ی كوردی گه‌ش ده‌بینم، ئه‌گه‌رچی ئێسته هه‌لومه‌رجێك له بڵاوكردنه‌وه و نه‌شردا هاتووه‌ته ئاراوه تا یه‌ك ده‌قی داهێنه‌رانه به‌رهه‌م دێت و بڵاو ده‌بێته‌وه، چه‌ندان ده‌قی ناداهێنه‌رانه و نه‌ریتی و پاشڤه‌چووانه (regression) چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه و رێكلامی سه‌یریشی بۆ ده‌كرێت و پێشوازی باشیشی لێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر نه‌بوونی ئه‌و هاوته‌ریب و هاوئاهه‌نگییه رێژه‌یییه‌ی نێوان جه‌مسه‌ره‌كانی پێكهاتێكی گشتی كۆمه‌ڵگه بوو كه له سه‌ره‌وه تیشكم خسته سه‌ری.
وشه/ هه‌ولێر- غه‌مگین خدر