لاگۆندا پێشكەوتووترین ئۆتۆمبێل لە دنیا

:: AM:09:59:08/03/2018 ‌

كۆمپانیای ئەستۆن مارتن بۆ پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، لە پێشانگەی جنێڤی نێودەوڵەتی پەردەی لەسەر ئۆتۆمبێلە نوێكەی بەناوی "لاگۆندا فیجن" لادا، كە بەهێزترین و ناوازەترین ئۆتۆمبێلی كارەبایی و ئۆتۆماتیكییە لە دنیادا.

ئاندی بالمەر سەرۆكی كۆمپانیای "ئۆستن مارتن" گویت، لاگۆندا فیگن" ڤێرژنێكی نوێی بەرهەمەكانی كۆمپانیاكەمانە و ئۆتۆمبێلێكی كارەبایی زۆر پێشكەوتووە و بە پاتری كارەبایی كار دەكات و شەحن دەكرێتەوە.

سەرۆكی كۆمپانیاكە وردەكاری زیاتری نەخستە ڕوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان، بە یەكجار شەحنكردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە، دەتوانرێ 400 میل ئۆتۆمبێلەكە لێ بخوڕن، جیالەوەیش ئۆتۆمبێلەكە دەتوانێ بە شێوەیەكی خۆكارانە كار بكات و هیچ پاشماوەیەكی كاربۆنی لە كاتی لێخوڕینی ناكاتە دەرەوە.

ئۆتۆمبێلەكە چوار كوشنی دانیشتنی هەیە و لە سووفی بەریتانی و حەریر و كشمیر دروست كراوە، دوو لە كوشنەكانی دەنووشتێنرێنەوە و لەكاتی پێویست دەتوانرێ سوودیان لێ وەربگیرێ و بەرز بكرێنەوە، بڕیارە ساڵی 2021 ئەو ئۆتۆمبێلە بكەوێتە بازاڕەكانەوە.

ماوەیەكە كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و كۆمپانیا تەكنەلۆجییەكان، كێبەركێیانە لەسەر بەرهەمهێنانی باشترین و پێشكەوتووترین ئۆتۆمبێلی كارەبایی و خۆكار، پێشبینی دەكرێ لە ماوەی دەیەی داهاتوودا زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی دنیا خۆكارانە كار بكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د