بەرپرسی لقی 14ی پارتی: لە نەینەوا حەوت كورسیی پەرلەمان بەدەست دێنین

:: AM:10:15:08/03/2018 ‌

عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت كە ئێستە حەشدی شەعبی لە مووسڵ و دەوروبەری دیمۆگرافیای ناوچەكە دەگۆڕن و میلیشیاكان دەستیان بەسەر تەواوی جومگەكانی ئەو شارەدا گرتووە و خەڵكی ناوچەكە زۆر لێیان بێزارن.
رەجەب لەم دیمانەیەی ''وشە''دا وەڵامی چەندان پرسیار لەبارەی دۆخی مووسڵ و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 12ی ئایار/مایۆی داهاتوو دەداتەوە و دووپاتی دەكاتەوە، "هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو كردووە و بەپێی بەدواداچوون و كاركردنی خۆمان، پارتی لە مووسڵ حەوت تا هەشت كورسیی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر دەكات".

ئێستە رەوشی مووسڵ و دەوربەری چۆنە؟
رەوشی مووسڵ و دەوروبەری زۆر خراپە و میلیشاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر هەموو جومگەكانی دەستەڵاتی یاسایی و سەربازیی شارەكە و دەروبەریدا گرتووە و هەموو جۆرە پێشێلكارییەك دەكەن، بەهۆی ئەو دەستێوەردانە زۆرە خەڵك تەواو بێزار بوون، ئەم بێزارییە تایبەت نییە بە كوردانی مووسڵ و دەوروبەری، بەڵكو عەرەبە سوننەكانیش لێیان بێزار بوون و خەڵك زۆر تووڕەیە و هەمووان چاوەڕێی ئەوەن میلیشیاكان ناوچەكەیان چۆڵ بكەن یان دوور بخرێنەوە.

ئەگەر نموونەتان هەبێ پێشێلكاریی حەشدی شەعبی چۆنە و چییە؟
ئێستە حەشدی شەعبی دیمۆگرافیای ناوچەكەی گۆڕیوە و پرۆسەی تەشویعی لە سنووری ئەو پارێزگایە دەست پێ كردووە، بارەگاكانی حزبە شیعییەكان لە ناوچە كوردییەكان كراونەتەوە و ئێستە لە ناوچەی بەرتلە بارەگای حزبی دەعوە /نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات/ هەیە. جیا لەوانە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی باج لە خەڵك وەردەگرن و بە دەیان پێشێلكاری تریش هەن، خەڵك بە هەموو شێوەیەك نایانەوێ ناوچەكانیان لەژێر دەستەڵاتی هێزێكی تایفی و میلیشیای چەكداردا بژین، بەڵام حەشدی شەعبی هیچ بایەخ بە گوزەران و سەلامەتی خەڵك نادات، بە تایبەت لە مووسڵ و دەوروبەری.

ئێستە عێراق بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڕوات، وەك پارتی پێشتر لە مووسڵ نفووزی بەرچاوتان هەبووە، بۆ داهاتوو چ ئامادەكارییەكتان كردووە و نفووزەكەتان چۆن دەبێت؟
پارتی ئامادەكارییەكانی خۆی لە مووسڵ تەواو كردووە، هەرچەندە دەزانین میلیشیا شیعەكان كاریگەری و دەستوەردان دروست دەكەن لە ناوچەكە و لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەدیاریكراوی كار بۆ ئەوە دەكەن، بەڵام ئەوە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناكات، چونكە بەپێی بەدواداچوون و رووپێوییەكانمان، دەنگەكانمان كەم ناكەن لە پارێزگای مووسڵ، بگرە زیادیش دەكەن و جەماوەری زۆرتر حەز دەكەن دەنگ بە پارتی بدەن و ئەو سەردەمەیان بۆ بگەڕێتەوە كە پێشمەرگە حوكمی كردوون و پارتی خزمەتی كردوون.

بەپێی بەدواداچوونەكانتان، هیچ ئەنجامێك دەست كەوتووە چەند كورسی مسۆگەر دەكەن؟
پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر حەوت كورسیی پەرلەمانی عێراقی لە مووسڵ هەبوو، لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەو رێژەیە زیاتر بەدەست دێنین.

بە ژمارە چەند كورسی دێنن؟
بەدڵنیایییەوە حەوت یاخۆ هەشت كورسی دەبەینەوە.

ئەی ئێوە تەنیا كار بۆ راكێشانی دەنگی كورد دەكەن یاخۆ دەنگی عەرەبەكانی ناوچەكەیش بۆ پارتی دێت؟
بە دڵنیایییەوە ئێمە زۆرینەی دەنگی كورد لە سنوورەكە مسۆگەر دەكەین، بەڵام عەرەب هەیە دەنگی بۆ كوردە و بە تایبەت دەنگ بە پارتی دەدات، چونكە عەرەبی ناوچەكە دەزانن هیچ پاشەڕۆژێكی باش و تەناهیی جێگیر لەگەڵ حەشدی شەعبی و ئەو حزبانەی شیعە نییە كە لە ناوچەكەن، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكەین دەنگی عەرەبیش بەدەست بێنین و بە بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی رازییان بكەین.

بەڵام ژمارەیەكی زۆر پێكهاتەی ئاینی و نەتەوەیی لە دەشتی نەینەوادا هەن، بۆ ئەوان چ بەرنامەیەكتان هەیە؟
مەسیحی و شەبەك كۆتای خۆیان هەیە لە مووسڵ، بەڵام ئێمە بێ هیچ جیاوازییەك كارمان لەگەڵ ئەو پێكهاتانە كردووە و كاندیدمان بۆ ئێزدییەكان و تەواوی ناوچەكەیش داناوە. 

وشە/ بەردەڕەش- كاروان باعەدرێ






وشە - تایبه‌ت