خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.. ئەمڕۆ مانچستەر مێوانداری سڤیلییە دەكات

:: AM:10:42:13/03/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم یاریەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەست پێ دەكاتەوە و تێیدا یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی مێوانداری یانەی سڤیلییە دەكات و یانەی رۆمای ئیتاڵیش مێوانداری یانەی شاختاری ئۆكڕانی دەكات، هەردوو یارییەكەش سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچن.

یانەی مانچستەر یونایتد ئاواتەخوازە ببێتە سێیەم یانەی ئینگلیزی دوای یانەكانی مانچستەر سیتی و لێڤەرپوول بەفەرمی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یاریی چوون لەنێو یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان بەیەكسانبوونی هەردوو یانەكە بەبێ گۆڵ تەواو ببوو، بەمەش یانەی مانچستەر یونایتد بەسەركەوتن بەهەر ئەنجامێك دەتوانێ بگاتە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە.

یانەی مانچستەر یونایتد لەو یارییەدا بە ورەیەكی بەرزەوە دێتە ناو یاریگە دوای ئەوەی سێیەم یاریی لەسەر یەكی لە خولی نایابی ئینگلیزی بردووەتەوە و ئێستاش بە كۆكردنەوەی 65 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولەكە دێت.

یانەی مانچستەر یونایتد بەسەركردایەتی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی لە وەرزی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تەنیا لە یەك یارییدا دۆڕاوە و لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا 13 گۆڵی تۆمار كردبوو و تەنیا 2 گۆڵیشی لێ تۆمار كردبوو.

لای خۆشییەوە یانەی سڤیلییە بە سەركردایەتی مۆنتێلای راهێنەری ئیتاڵی ئاواتەخوازە هاندەرانی یانەكەی ئاشت بكاتەوە بەسەركەوتن بەسەر یانەی مانچستەر یونایتد دوای ئەوەی لە یاریی رابردوویدا لە خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگە و جەماوەری بە دوو گۆڵی خاوێن بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا دۆڕا.

یانەكە بڕیاریداوە هەموو توانایەكی خۆی بخاتە گەڕ تا بۆ یەكەمجار لە مێژوودا خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

لە یارییەكی تریشدا یانەی رۆما بەو هیوایەیە لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆی تۆڵەی یاریی رابردووی لە یانەی شاختار بكاتەوە و سەركەوتنی بەسەردا بەدەست بێنێ، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ دۆڕا بوو.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م