خەلیفی و نیمار لە بەڕازیل باسیان لە گرێبەستی ریال مەدرید كردووە

:: PM:12:49:13/03/2018 ‌

ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لەگەڵ ئەنتێرۆ هەنریكی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەكەی لە وڵاتی بەڕازیل سەردانی ماڵی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلییان كرد.

نیمار ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە شاری ریۆ دێ جانیرۆ دوای ئەوەی لە وڵاتی بەڕازیل نەشتەرگەری بۆ گۆزینگی ئەنجام دا.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرا كرد: ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی خەلیفی بۆ لای نیمار سەبارەت بەو دەنگۆیانە بووە كە لەچەند رۆژی رابردوودا لەبارەی گرێبەستكردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا بڵاو كرابوونەوە.

خەلیفی هەوڵیداوە نیمار رازی بكات واز لە بیرۆكەی جێهێشتنی یانەی پاریس سان جێرمان و پەیوەندیكردنی بە یانەی ریال مەدرید بێنێ.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی پاریس سان جێرمان رایگەیاندبوو خەلیفی بۆ چەند پڕۆژەیەكی خێرخوازی سەردانی شاری ریۆ دێ جانیرۆی كردووە و لەگەڵ سەردانەكەشیدا چووەتە لای نیمار تا لە تەندروستی دڵنیا بێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م