ئینسایكلۆپیدیای دهۆك گەیشتەوە شارەكە

:: AM:11:19:17/03/2018 ‌

پاش پێنج ساڵ لە كاركردنی بەردەوام، ئینسایكلۆپیدیای شاری دهۆك گەیشتەوە شارەكە، دوای ئەوەی لە وڵاتی توركیا هاتە چاپكردن.

موسەدەق تۆڤی نووسەر و سەرپەرشتیاری ئینسایكلۆپیدیای دهۆك بۆ "وشە" گوتی، ماوەی پێنج ساڵە بەو ئینسایكلۆپیدیایە خەریكین، دواجار كارەكانمان بە كۆتا هێنا و بەشێوەیەكی زۆر مۆدێرن و سەردەمییانە لە توركیا چاپ كرا، ئێستەیش بە بارهەڵگر لە ڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەیشتەوە دهۆك.

زیاتر گوتی، چوار هەزار دانە لەو ئینسایكلۆپیدیایە چاپ كراوە و لە نۆ بەرگی جیاواز پێكهاتووە، هەر نۆ بەرگەگەیش لە بۆكسێك كراوەتە پاكێج و دەخرێتە بازاڕەكان و نرخی هەر دانەیەكی 100 هەزار دیناری تێچووە، بەڵام بە نرخێكی كەمتر لە تێچوونەكەی لە بازاڕ بە خەڵكی دەفرۆشرێتەوە.

ئینسایكلۆپیدیای دهۆك بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری شارەكەیە و بە هاوكاری پارێزگای دهۆك هاتووەتە چاپكردن، زیاتر لە دوو هەزار لاپەڕەیە و لە ڕووی كۆمەڵایەتی و جیۆگرافیا و مێژوو و شارستانی و هونەر و وەرزش و سەرجەم بوارەكانی تر، تەواوی زانیارییەكان لەسەر شاری دهۆك و شارۆكە و شارەدێ و گوندەكانی سەر بەو پارێزگایە خراوەتەڕوو.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



















وشە - باز ئه‌حمه‌د