پاڵێوراوە بۆ راهێنەرایەتی یانەی پاریس سان جێرمان

:: PM:03:21:17/03/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد، ماسیمۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی پاڵێوراوی یەكەمی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا راهێنەرایەتی یانەكە بكات.

رۆژنامەی (گازێتا دیلۆ سپۆڕت) ئاشكرای كرد: دوای ئەو سەركەوتنە گەورانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس بەدەستی هێناوە، یانەی پاریس سان جێرمان ئەلیگری كردووەتە پاڵێوراوی یەكەمی بۆ راهێنەرایەتی یانەكەی.

ئەلیگری لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندان دەستكەوتی گەورەی بۆ یانەی یۆڤانتۆس لەسەر ئاستی ئیتاڵیا و ئەوروپا بەدەستهێناوە، لە وەرزی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا توانی لە قۆناغی 16 بەربەستی یانەی تۆتنهام ببڕێ و خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: سەرۆكایەتی یانەی پاریس سان جێرمان بڕیاریانداوە بۆ وەرزی داهاتوو پێش لویس ئێنریكی راهێنەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، ئەلیگری بكەن بە پاڵێوراوی یەكەمی راهێنەرایەتی تیپەكەیان، دوای ئەوەی راهێنەرە ئیسپانییەكە بووەتە پاڵێوراوی یەكەمی یانەی چێڵسی ئینگلیزی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م