فیلمی دەرهێنەرێكی كورد بەشداری چەندان فێستیڤاڵی جیهانی دەكات

:: AM:11:26:12/04/2018 ‌

فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سینەماكاری ناسراوی كورد سەهیم عومەر خەلیفە كە بەرهەمی بەلجیكا و هۆڵەندایە، لەدوای بەشداریكردنی لە چەندان فێستیڤاڵی ناوخۆیی و جیهانی و بەدەستهێنانی خەڵات، بۆ ئەمساڵ لە حەوت فێستیڤاڵی تری جیهانی وەرگیراوە بۆ نمایشكردن .

ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵە جیهانییانە خەلیفە بە"وشە"ی راگەیاند: دوای بەشداریكردن لە چەندان فێستیڤاڵی ناوخۆیی و جیهانی و بەدەسهێنانی چەندان خەڵات، فیلمەكەمان لە حەوت فێستیڤاڵی جیهانی وەرگیراوە بۆ نمایشكردن، لە فێستیڤاڵی فیلمی Aiguillon لە فڕەنسا، دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی Bengaluru لە هیندستان، فێستیڤاڵی فیلمی Zeeuws-Vlaanderen و فێستیڤاڵی That Matter لە هۆڵەندا، لە فێستیڤاڵی فیلمی Mooov لە بەلجیكا، فێستیڤاڵی فیلمی Belmont لەئەمەریكا، فێستیڤاڵی فیلمی Gorinchem لە هۆڵەندا. ئەو فیلمە لەو حەوت فێستیڤاڵە لەم مانگە نمایشەكانی دەست پێ دەكات . 

ئەو فیلمە لە35ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فڕەنسا خەڵاتی باشترین فیلمی پێ بەخشراوە. هەروەها ئەمساڵ لە 47ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رۆتردام لە هۆڵەندا نمایش كرا. بەشداری لە 44ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گێنتی كرد لە بەلجیكا و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا كە خەڵاتی Grand Prix بوو، هەروەها دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕكێی 18ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئاڕەسی لە فڕەنسا بەدەستهێنا كەخەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەر . 

ئەوەشی گوت، فیلمی "زاگرۆس" وێنەگرتنی لە یۆنان كراوە و بەشێكیشی لە بەلجیكا ئەنجام دراوە، سیناریۆكەی پێشتر لە فڕەنسا خەڵات كراوە، ماوەی سێ ساڵە كاری لەسەر دەكەین لەگەڵ ستافێكی تەكنیكی پێكهاتوو لەبەلجیكی و هۆڵەندی. ئەو فیلمە چیرۆكی شوانێكی كورد دەگێڕێتەوە كە چۆن لە گوند ژیان بەسەر دەبات ، هەرچەندە ژیانێكی زۆر ئارام و خۆشی هەیە، بەڵام كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بۆ دروست دەبێت و ناچاری دەكات خاك و نیشتمان و پیشەكەی بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە ئەوروپا بكات.

شایەنی باسە دەرهێنەری ناوبراو نیشتەجێی بەلجیكایە و خاوەن پێگەیەكی ناسراوی جیهانییە، تا ئێستە بەهەریەك لە فیلمەكانی مێسی بەغدا و وڵاتی پاڵەوانان و نێچیرڤانی خراپ، زیاتر لە 97 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایییەكان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان بەدەستهێناوە، Cheryl Boone Isaacs سەرۆكی ئەكادیمیای خەڵاتی ئۆسكاری جیهانی داواكارییەكی پێشكەش كرد كە ببێت بەئەندامی كۆمیتەی دابەشكردنی خەڵاتی ئۆسكاری جیهانی، وەك دەڵێت ئەمە شەرەفێكی گەورەیە وەك دەرهێنەرێكی كورد بۆ یەكەمجار ببمە ئەندامی كۆمێتەی دابەشكردنی خەڵاتی ئۆسكار لەسەر داواكاری خۆیان. 

ئەو دەرهێنەرە كوردە لە ڕێی فیلمەكانیەوە زیاتر لە 100 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایییەكان بەدەست هێناوە . 

هەولێر/ شاخەوان شێخانی









وشە - وشه‌