مانچستەر سیتی بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئینگلتەڕا

:: AM:09:09:16/04/2018 ‌

یانەی مانچستەر سیتی بەسەركردایەتی پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزە (2017-2018)ی خولی نایابی ئینگلیزی دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەم یانەی مانچستەر یونایتدی ركابەری لە گەڕی 34 بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی وێست برۆمیچ ئەلبیۆن دۆڕا.

یانەی مانچستەر سیتی لەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزیدا چەند ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد، لە خوارەوە بۆ خوێنەرانی (وشە) دەیانخەینەڕوو:-

-    ڤیسنت كۆمپانی بەرگریكار و كاپتنی یانەی مانچستەر سیتی بووە یەكەم یاریزان لە مێژووی 128 ساڵی یانەكەدا سێجار ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بباتەوە، ئەو یاریزانە لە ساڵی 2008وە لە ریزی ئەو یانەیە یاری دەكات.

-    پێپ گواردیۆلا بووە یەكەم راهێنەری ئیسپانی ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بباتەوە.

-     یانەی مانچستەر سیتی لە ساڵی 1880 دروست بووە، لە ماوەی 131 ساڵدا دوو ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بردبووەوە ئەویش لە ساڵانی 1937 و 1968 بوو، بەڵام ئەمە لە ماوەی 7 ساڵدا سێجار ناسناوەكە بباتەوە.

-    گواردیۆلا ناسناوی ژمارە 23ی لە ژیانی راهێنەرایەتیدا بردەوە لە كۆی 516 یارییدا، لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە 14 ناسناو و بایرن میونشن 7 ناسناو و 2 ناسناو لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی بەدەستبێنێ.

-    گواردیۆلا سێیەم راهێنەرە لە مێژووی ئینگلتەڕا سێ ناسناوی جیاوازی بەدەستهێنابوو كە ئەوانیش برێتین لە ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا، ئەڵمانیا و ئینگلتەڕا، دوای راهێنەران كارلۆ ئەنچیلۆتی كە ناسناوەكانی ئیتاڵیا، ئینگلتەڕا و ئەڵمانیای بردبووەوە لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆ كە ناسناوەكانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و ئینگلتەڕای بەدەستهێنابوو.

-    یانەی مانچستەر سیتی لەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزی تا ئێستا 33 یاریی ئەنجامداوە، 28 یاریی بردووەتەوە و 3 یاریش یەكسان بووە و لە 2 یاریشدا دۆڕاوە، بە كۆكردنەوەی 87 خاڵ بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م