رۆناڵدۆ لە دوا چركە بە فریای ریال مەدرید كەوت

:: AM:09:07:19/04/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە دوایین چركەكانی یارییەكەی شەوی رابردوو لە گەڕی 33ی خولی ئیسپانیا توانی خاڵێك بۆ ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو بەدەست بێنێتەوە.

یارییەكە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو و تێیدا هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئەتلەتیك بیلباو بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا و لە خولەكی 14 ئەستێرە و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیك بیلباو ئینیاكی ویلیامز گۆڵی یەكەمی یارییەكە و پێشكەوتنی بۆ یانەكەی تۆمار كرد.

لە گێمی دووەمدا و چەند خولەكێك بەر لە تەواوبوونی یارییەكە رۆناڵدۆ بە فریای یانەی ریال مەدرید كەوت و لە خولەكی 87 گۆڵی یەكسانبوونەوەی تۆمار كرد.

بەم یەكسانبوونە یانەی ریال مەدرید ژمارەی خاڵەكانی كرد بە 68 و هەر لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە بەهۆی ئەوەی یانەی ڤالێنسیای خاوەن ریزبەندی چوارەم دوێنێ چوارشەم بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی خیتافی دۆڕا، یانەی ئەتلەتیك بیلباویش ژمارەی خاڵەكانی كردە بە 40 و لە ریزبەندی 13ی یانەكان مایەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە بە كۆكردنەوەی 83 خاڵ پێشەنگی یانەكانی گرتووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م