ئەمڕۆ تۆتنهام و مانچستەر یونایتد لە جامی ئینگلتەڕا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

:: AM:10:16:21/04/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو یانەی تۆتنهام لەنێو یاریگەی وێمبڵی لە قۆناغی پێش كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی مێوانداری یانەی مانچستەر یونایتد دەكات.

یارییەكە سەعات 7:15ی شەو بەكاتی كوردستان، بەڕێوە دەچێت.

یارییەكە بۆ یانەی مانچستەر یونایتدی خاوەن ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی زەحمەت دەبێت، چونكە یانەی تۆتنهام كۆمەڵێك یاریزانی ئاستبەرزی هەیە و لەسەرووی هەمووشیانەوە هاری كینی هێرشبەری كە لەگەڵ محەمەد سەڵاحی هێرشبەری یانەی لێڤەرپوول ركابەری لەسەر ناسناوی گۆڵكاری خولی ئینگلیزی دەكات.

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد خوازیارە ئەمڕۆ لە رووی تەكنیك و هونەری یاریكردنەوە بەسەر بوچیتینۆی راهێنەری یانەی تۆتنهام زاڵ بێت و بەفەرمی خۆی بگەیەنێتە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی دوای ئەوەی ئەمساڵ ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بۆ یانەی مانچستەر سیتی لەدەست دا و هەروەها لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش لەسەر دەستی یانەی سڤیلییە كرایە دەرەوە.

واتە بەدەستهێنانی ناسناوی جامی یەكەتیی ئینگلیزی تەنیا هیوای مۆرینۆیە لەم ساڵدا دوای ئەوەی لەم وەرزەدا سەرجەم ناسناوەكانی تری لەدەستدابوو.

یانەی تۆتنهامیش هەموو هیوای ئەوەیە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا سەركەوتن بەدەستبێنێ و خۆی بگەیەنێتە یاریی كۆتای جامی یەكەتیی ئینگلیزی و دواتریش بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی 1991 جامەكە بەدەست بێنێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م