دوای یەكسانبوونی ئەتلەتیكۆ مەدرید.. بەرشەلۆنە تەنیا هەنگاوێكی بچووکی بۆ پاڵەوان ماوە

:: AM:09:13:23/04/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنە هەنگاوێكی تر لە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا نزیك بووەوە دوای ئەوەی شەوی رابردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ركابەری بەرامبەر یانەی ریال بیتیس یەكسان بوو.

شەوی رابردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ لە گەڕی 34ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مێوانداری یانەی ریال بیتیسی كرد و بەبێ گۆڵ لەگەڵی یەكسان بوو.

بەم یەكسانبوونە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ژمارەی خاڵەكانی بۆ 72 بەرز كردەوە و جیاوازی خەڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگ بۆ 11 خاڵ زیاد كرد.

بەمەش یانەی بەرشەلۆنە لەو 5 یارییەی كە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا ماویەتی پێویستی بە تەنیا خاڵێكە تا بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەكە.

لەبەرامبەریشدا بەم یەكسانبوونە یانەی ریال بیتیس ژمارەی خاڵەكانی بۆ 56 بەرز كردەوە و ریزبەندی پێنجەمی خولەكە و بەشداریكردنی لە خولی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوو بۆ خۆی قایمتر كرد.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە پێرێ شەموو دوای بردنەوەی لە یانەی سڤیلییە بە 5 گۆڵی بێ وەڵام ناسناوی جامی شای ئیسپانیای لەنێو یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ بەرز كردبووەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م