بۆچی مرۆڤ دوودڵە لە بڕیاردان؟

:: PM:05:40:24/04/2018 ‌

بەپێی بۆچوونی زانایانی دەروونناسی كە گرنگی بە تواناكانی مێشكی مرۆڤ دەدەن لەناوەوەی هەریەكێكماندا دوو سیستەم هەن كە بە بەردەوام كار دەكەن، ئەوان ناوی جیاوازیان لێ دەنێن، ئەگەرچی لە كاركردندا هاوشێوەن، ئەوان دەڵێن بوونی ئەو دوو سیستەمە دوودڵی مرۆڤ و جیاوازی بڕیاردانی لە ساتێكەوە بۆ ساتێكی تر و لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر لێك دەداتەوە.  

هەندێك لە زانایان ئەو دوو سیستەمە بە ئەقڵی گریمانكردن و ئەقڵی حیسابكردن ناو دەنێن، یان سیستەمی یەك و سیستەمی دوو یان ئەقڵی یەك و ئەقڵی دوو، بەڵام نیوچە كۆكییەك هەیە بەوەی ئەو دوو سیستەمە فەرمانی جیاواز بەجێ دێنن و كۆنتڕۆڵی توانا و فەرمانی جیاواز دەكەن، هەروەها بڕیاری جیاوازیان لەبارەی یەك هەڵوێست لێ دەردەچێت. بەڵام جیاوازیی ئەو دوو سیتسەمە چییە؟.

زۆرینەی ئەوەی لەو راپۆرتەدا دێتە باسكردن لە كتێبی "بیركردنەوەی خێرا و هێواش"ی دانیال كانمان خاوەنی خەڵاتی نۆبل لە ئابووری  وەرگیراوە، هەندێكیشی لە كتێب و وتاری تر وەرگیراون و هەندێكیشیان زادەی بیركردنەوە و ئەزموونی نووسەرن.

وەك باس كرا دوو ئەقڵ لە ناوخۆی مرۆڤدا هەن، سیستەمی یەك كە بریتییە لە ئەقڵی خۆیی یان خودی كە بە پێشبینیكردن و هەستكردن و بڕیاردان بەپێی ئەزموونی پێشوو دەگرێتەوە و پێویستی بە وزەی زۆر نییە بۆ شیكردنەوەی ئەوەی لە دەورووبەر روو دەدات، ئەو ئەقڵێكی سۆزداری و پێوەست بە نەستەوەیە، ئەو خێرایە و بەخێرایی دەگاتە ئەنجام و دەتوانێت لەسەر بنەمای سووكترین زانیاری چیڕۆكی تەواوكراو دروست بكات، ئەو توانای پڕكردنەوەی خانە بەتاڵەكانی چیڕۆكەكە یان رووداوەكانی هەیە بە پێی ئەوەی بەڕاستی دەزانێت و لەگەڵ سەیركردنی بۆ گەردوون دەگونجێت.  

هەرچی سیستەم یان ئەقڵی دووە، ئەو ئەقڵی حیسابییە كە لێرەدا هیچ پێوەندییەكی بە بیركارییەوە نییە، ئەو بۆ كاركردنی پێویستی بە وزە و ئەركە و ئەقڵێكی مەنتیقییە و دەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت و سستیشە لەكاركردن. ئەو ئەقڵە هەوڵ دەدات لێكدانەوەیەكی مەنتیقی بۆ ئەوانەی روو دەدەن بدۆزێتەوە، بۆیە سستە لەكاركردن و وزەیەكی زۆری پێویستە، جیا لەوەش قەناعەت بە لێكدانەوەكانی رووكەشی رووداوەكان ناكات كە پشت بە بەڵگەوزە نابەستن و گومان و رەخنەیان تیادا هەیە. راستەییەكەی ئەوەیە ئەو سیستەمە لەناو مێشكی مرۆڤ بەیەكەوە كار دەكەن.

بۆ نموونە پرۆسەیەكی حیسابی وەك 2+2 یان هاژووتنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوانەی بەشێوەیەكی رێكخراو شوفێری دەكەن، ئەو پرۆسانە پێویستیان بە بیركردنەوە هەیە و بە پەلە روو دەدات، هەروەها بەكارهێنانی خێرای كیبۆرد و هاتوچۆ لەناو ژوور و بێ بیركردنەوە و بە هەموولایەكان و وەڵامدانەی پرسیار لەبارەی ناو و كار هیتریش، كە بەبێ بیركردنەوە روو دەدەن، هەموویان دەكەونە خانەی ئەقڵی یەكەم، بۆیە ئەو ئەقڵە پشت بە ئەزموون دەبەستێت. 

لە بەرانبەردا كردەیەكی بیركاریانە وەك لێكدانی 32 لە 42 یان هەوڵی دروستكردنی خانوویەك لە شەش پاڵۆكان وەیان سواربوونی یەكەمجاری پایسكیل و هەوڵدان بۆ شیكاری وشەی یەكتر بڕ و ئەو پرۆسانەی كە یەكەم جار روو دەدەن، ئەوانە پێویستیان بە تەركیز و بیركردنەوە و وزە سەرفكردنە و دەكەونە بازنەی دووەم سیستەمی ئەقڵییەوە. بۆیە ئەو دوو سیستەمە ئەگەرچی جیا لەیەكتر كار دەكەن، بەڵام هاوكات و تێكهەڵكێشن.

تۆ ئەو كاتەی رووبەڕووی كێشەیەك بوویتەوە كە پێویستی بە شیكردنەوەی ئەقڵیەوە هەبێت، ئەوە ئەقڵی یەكەم یەكەمجار رووبەڕووی دەبێتەوە و ئەگەر توانی چارەسەری بكات، جا بەبێ رەچاوكردنی راست و دروستی ئەو چارەسەرییە، ئەوە ئەو چارەسەرە پشتی پێ دەبەسترێت وەك چارەسەرێكی مەنتیقی كە دەتوانرێت لەگەڵیدا هەڵ بكرێت. بەڵام ئەو كاتەی ئەقڵی یەكەم نەیتوانی چارەسەری كێشەكە بكات ئەوە ئەقڵی دووەم كاری پێ دەكرێت بۆ ئەو مەبەستە.

لێرەدا ئەقڵی دووەم ناتوانێت بەبێ ئەقڵی یەكەم كار بكات، چونكە ئەو پێویستی بە درككردنە بەوەی لە دەروبەریدا روو دەدات و زانیاری لەبارەی ئەو كێشە و ژینگەی دەوروبەری كۆ دەكاتەوە، هەروەها ئەقڵی دووەم چاوەڕوانی شیكردنەوە و گەیشتن بە ئەنجامەكان دەكات كە ئەقڵی یەكەم پێی دەگات، ئەو كات پشت بە شیكردنەوەكە دەبەستێت و ئەو كات یان راستی دەكاتەوە وەیا پەسندی دەكات.

ئەو كاتەی داوا لە كۆمپیۆتەرێك دەكەیت كە زیاتر لە كارێك لە یەك كاتدا ئەنجام بدات، توانای كاركردنی سست دەبێتەوە، ئەقڵی دووەم بە هەمان رێگە كار دەكات، بەهەمان شێوە تۆ ناتوانیت پرۆسەیەكی ئاڵۆزی بیركارییانە شیكار بكەیت كاتێك شوفێری دەكەیت لە ناوچەیەكی قەرەباڵغدا، هەروەها ناتوانیت لەكاتی شیكاركردنی وشە یەكتربڕەكان لە مێشكتدا شەش ژمارەی هەڕەمەكی لەمێشكت بگریت، بۆیە ئەو پرۆسانە هەموویان پێویست بەوە دەكات كە ئەقڵی دووەم بەتواوەتی بەو كارە سەرقاڵ بێت و بۆ روودانی هەردووكیان بەیەكەوە پێویستی بە مەشق و راهێنانی زۆر هەیە.

بۆیە ئاگەداربوونمان لە بوونی ئەو دوو جۆرە ئەقڵ و سیستەمە لە ناو مێشكمان یارمەتیمان دەدات بۆ بڕیاردان لەبارەی لۆژیكیانەی بڕیارەكانمان و بیركردنەوەی قووڵتر لە وتە و هەستمان بەر لەوەی بیاندركێنین.

    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل