ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ مۆبایلتان بێ له‌ مه‌ترسیدان

:: AM:08:59:25/04/2018 ‌
شارەزایانی كۆمپانیای كاسپەرسكای لاب هۆشداری بە بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكان دەدەن و دەڵێن، بەكارهێنانی ئاپەكانی یەكترناسین لە ئینتەرنێت، مەترسیدارە و مۆبایلەكانتان تووشی ڤایرۆس و كێشەی گەورە دەكات.

لە توێژینەوەیەكی نوێ كە شارەزایانی كۆمپانیاكە ئەنجامیان داوە و بۆیان دەركەوتووە، ئەو خەڵكانەی سیستەمی ئەندرۆید بەكاردەهێنن و ئاپەكانی یەكترناسینیان لەسەر مۆبایلەكانیان دابەزاندووە، دەبنە نێچیرێكی باش بۆ هاككەرزەكان و ئەوان دەتوانن ڤایرسیان بۆ بنێرن و بە تەواوی داتاكانی ناو مۆبایلەكەیان بدزن و دەست بەسەر مۆبایلەكەدا بگرن.

مەترسیدارتر لەوەیش ئەوەیە، كە هاككەرزەكان دەتوانن لە ڕێی مۆبایلەكانەوە دەست بەسەر هێلی وای فایش بگرن و ڤایرۆس و بەرنامە پیسەكان بۆ مۆبایل و ئامێرەكانی تریش بنێرن، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەتر لەسەر بەكارهێنەرانی مۆبایلە زیرەكەكان دروست دەكات.

بەرنامەكانی یەكترناسین لە مۆبایل خۆی لە ئاپەكانی OK, Happn, Mamba Zoosk, Badoo, Cupid, paktor, wechat دەبینێتەوە و هاككەرزەكان كەلێنی سەكوێریتیان لێ دۆزیوەتەوە و دەتوانن هاكی بكەن و دەست بەسەر مۆبایلەكانتان بگرن.

پێشتریش لە ڕێی كەلێنی تەناهییەوە هاككەرزەكان گەورەترین هێرشی ئەلیكترۆنیان كردە سەر مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دنیا، بەوهۆیەوە زیاتر لە 120 هەزار كۆمپیوتەر و ئامێری ئەلیكترۆنی تووشی گرفتی گەورە بوونەوە و قەبارەی هەڵمەتی هاككردنەكە زیاتر لە 100 وڵاتی گرتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د