شێرزاد نانەكەلی: گۆرانیی كوردیی هەڵسەنگاندنی تێدا نییە

:: AM:09:28:30/11/2016 ‌

شێرزاد نانەكەلیی هونەرمەند كە لە ساڵی 2000 پێش ئەوەی دەست بەگۆرانیگوتن بكات، لە رێگەی هونەرمەندان وریا ئەحمەد و تەنیا ئیدریس، هان دراوە و هاوكارییان كردووە. لە ساڵی 2006دا یەكەم ئەلبوومی خۆی بەناوی (ڤینۆس) خستە بازاڕەوە كە تا ئێستە چەندان گۆرانیی تێیدا كلیپ كردووە. لەم دیمانەیەی "وشە"دا وەڵامی چەندان پرسیاری دەداتەوە.

هونەری گۆرانی كوردی بەزۆر قۆناغدا تێپەڕیوە، بەڕای تۆ ئەزموونی ئەمڕۆی گۆرانیی كوردی لە چ ئاستێكدایە؟
پێم باشە كە گەنجێكی زۆر ‌رووی لە هونەری كوردی كردووە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا سەرلێشێواوییەك پەیدا بووە بۆ گوێگری كورد، لەبەرئەوەی هونەری ئەمڕۆش لە هەموو روویەكەوە شێواندنی پێوە دیارە، ئەمڕۆی گۆرانیی كوردی هەڵسەنگاندنی تێدا نییە.

*بەرای تۆ مەرجی سەرەكی گۆرانییەكی سەركەوتوو چییە، لەكاتیكدا ئەمڕۆ زیاتر گرینگی بەكلیپ دەدرێت؟
بێگومان وەك باسم كرد شتەكان زۆر كاتین وەك ئەوەی دەڵێن (ئەوەی لەبەرچاوانە، لەبەردڵانە)، بەڵام پێشتر وا نەبووە و تەنگژەی بەم جۆرە رووی لە هونەری كوردی نەكردووە، مەرجی سەرەكیی گۆرانیش تەنیا كلیپ نییە كە ئەمڕۆ گرینگی پێ دەدرێت.

* ماوەیەكە بێ دەنگی، ئایا دەتەوێت چی بكەی و چیت لە هەگبەدایە؟
راستە، بەڵام بەرهەمی نوێم لە بەردەستدایە، ناكرێت ئەوە لەبیر بكەین كە لایەنی مادی رۆڵێكی زۆر دەبینێت، بەتایبەت بۆ هونەرمەندانی تاراوگە، بەداخەوە هیچ كۆمپانیا و یاسایەكی رێكوپێكیش نییە تا پشتگیریی هونەرمەندان بكات بۆ بەرهەمەكانیان، لە داهاتوویەكی نزیكدا چەند گۆرانییەكەم لە بەردەستە كە رەنگە بتوانم كلیپیان بۆ بكەم بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لە چەند وڵاتێكی هونەری پێشكەوتوو.

* بۆ دروستكردنی گۆرانییەكی سەركەوتوو سەرەتا چیت بەلاتەوە گرینگە؟
دەستنیشانكردنی هۆنراوەیەكی جوانی سەردەمییانە، پاشان ئاوازیكی خۆش و گونجاو كە لەگەڵ دەنگی هونەرمەندەكەدا بگونجێت، ئەمانە دەبنە هۆی سەركەوتنی گۆرانییەكی جوان.

* تۆ پێت وایە هونەرمەند بۆ ئەوەی هەمیشە بەگڕوتینەوە گۆرانی بچرێت مەرجە عاشق بێت؟ 
بێگومان عەشق مانای سەركەوتنە بۆ هەموو شتێك، بەتایبەت بۆ هونەرمەند و هونەرێكی سەركەوتوو، بۆیە منیش بێبەش نیم لەم عەشقە پیرۆزە و هەمیشەش هەست بەسەركەوتن دەكەم. بەعەشقەوە ئەم هونەرەم خۆشویستووە.

* راگەیاندن تا چ ئەندازەیەك گرینگە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند؟
هیچ شكی تێدا نییە كە یەكەم هەنگاوە بۆ ناساندنی خودی هونەرمەند، راگەیاندن رۆڵێكی بەرچاو دەبینێت بۆ هونەرمەند وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە میدیاكان دەیبینین.

وشە/ هەورین نەجات


وشە - تایبه‌ت