ئەو تیپانەی لە مێژووی تۆپی پێدا تووشی رووداوی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە بوون

:: AM:09:55:30/11/2016 ‌

پێرێ شەو ئەو فڕۆكەیەی یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی دەگواستەوە لەنێو خاكی كۆڵۆمبیا تووشی رووداوی كەوتنە خوارەوە بوو و بەو هۆیەوە 76 كەس كە زۆربەیان ئەندامان و یاریزانانی یانەكە بوون گیانیان لەدەست دا.

یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی خۆیدا بگاتە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتیی كلۆپ سوود ئەمەریكانا، بڕیاریش بوو لە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتییەكەدا رووبەڕووی یانەی ئەتلەتیكۆ ناسیۆناڵی كۆڵۆمبی ببێتەوە.

پێرێ شەو ئەو فڕۆكەیەی كە ئەندامانی یانەی شابیۆكوینسی دەگواستەوە و 81 سەرنشینیشی تێدابوو، چەند خولەكێك پێش نیشتنەوەی لەنێو فرۆكەخانەی شاری میدیلین لە وڵاتی كۆڵۆمبیا، خۆی بە شاخێك داداوە و كەوتووەتە خوارەوە.

لە فڕۆكەكەدا 81 سەرنشینی تێدابوو كە زۆربەیان ئەندامانی یانەی شابیكوینسی بوون، ئەوەی تا ئێستا روون بووەتەوە 5 كەس لە سەرنشینەكان رزگاریان بووە كە 2 كەسیان یاریزانی یانەی شابیكوینسین.

لە مێژووی یاریی تۆپی پێدا تا ئێستا چەندان رووداوی هاوشێوەی رووداوەكەی یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی روویان داون، لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین بەشێكیان بۆ خوێنەرانی (وشە) بخەینەڕوو:-

-    رووداوە مەزنەكەی تۆرینۆ:

یەكەم رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە لە ساڵی 1949 بەسەر یانەی تۆرینۆی ئیتاڵی داهات، ئەو تیپەی یانەی تۆرینۆ كە بە یەكێك لە باشترین پێكهاتەكان دادەنرا لە مێژووی یانەكەدا دوای ئەنجامدانی یارییەكی هەڤاڵینی بەرامبەر یانەی بەنفیكای پورتوگالی لە شاری لیشبۆنە فڕۆكە تایبەتییەكەیان تووشی رووداوی كەوتنە خوارەوە بوو و بەو هۆیەشەوە 31 سەرنشین مردن كە 23 یاریزانی یانەی تۆرینۆی لەخۆ دەگرت، واتە نزیكەی تەواوی تیپەكە لەناوچوون.

-    رووداوە مێژووییەكەی میۆنخ

رووداوی كەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆكەیەی یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەگواستەوە تا ئێستا بە گەورەترین رووداوی دڵتەزێن لە مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، رووداوەكە لە ساڵی 1956 لە شاری میونخی ئەڵمانیا روویدا كاتێك فڕۆكەكە نەیتوانیبوو لەنێو فڕۆكەخانە بنیشێتەوە و بەو هۆیەشەوە 8 یاریزانی سەرەكی یانەی مانچستەر یونایتد مردن لەگەڵ 3 ئەندامی دەستەی هونەری یانەكە، یەكێك لە رزگاربووانیش سێر بۆبی چارلتۆنی ئەستێرەی ئینگلیزی و یانەی مانچستەر یونایتد بوو.

-    رووداوە گەورەكەی هەڵبژاردەی زامبیا

لە ساڵی 1993 پارزەوینی ئەفریقیا یەكێك لە گەورەترین و دڵتەزێنترین رووداوی وەرزشی بەخۆیەوە بینی كاتێك ئەو فڕۆكە تایبەتییەی هەڵبژاردەی زامبیای دەگواستەوە بۆ ئەوەی یارییەكی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 1994 بەرامبەر هەڵبژاردەی سەنیگال ئەنجام بدەن، كەوتە خوارەوە و لە ئەنجامیشدا 30 كەس مردن كە سەرجەم ئەندامانی هەڵبژاردەی زامبیای لەخۆ دەگرت لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و ئەندامانی فڕۆكەكە، لەو رووداوەدا تەنیا یەك یاریزانی هەڵبژاردەی زامبیا رزگاری بوو ئەویش ئەستێرەی هەڵبژاردەكە كالوشیا بوالیا بوو بەهۆی ئەوەی بەهەمان فڕۆكە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی گەشتی نەكردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م