كوڕی سەركردەیەكی ناوداری ئیسلامییەكانی كوردستان نهێنییەكی مەترسیدار و گەورەی ئاشكرا كرد و گوتی، عەلی باپیر پیاوی ئێرانە و كار بۆ تێكدانی ڕیزەكانی كوردستان دەكات و هەر ئەو هۆكار بوو تا پێوەندی نێوان پارتی و گۆڕان تێك بچێ، هێما بۆ ئەوەیش دەكات كە لە داهاتوویشدا ئەو بەردەوام دەبێ لە خزمەتكردنی ئێران و دووریش نییە خۆی حەشدی شەعبی لە كوردستان دروست بكات، بۆ ڕێگری لە گەیشتنی كوردستان بە قەوارەی سەربەخۆی خۆی.
ئیحسان مەلا عەلی عەبدولعەزیز لە لایڤێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ماوەی 38 خولەك قسەی لەسەر عەلی باپیر و خیانەتەكانی كرد و گوتی، لە هەشتاكان یەكێتی هێزێكی كاریگەر بوو، نەدەچوونە ژێر دەستی ئێران، لە ڕێی عەلی باپیر ئێران دەستی كرد بە تێكدانی پێوەندی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی تێك بدات، هەمووی بە بەڵگەوە دەسەلمێنم كە ئەو تابووری پێنجەمە لە كوردستان، لە سەرەتا بە نامەكانی بۆ جەلال تاڵەبانی دواتر كارێكی كرد بۆ خزمەتی ئێران و وای كرد یەكێتی بە ناچاری لە ئێران نزیك بێتەوە و بچێتە ژێر باری ئێران و ڕێككەوتنی ستراتیجی لە نێوان ئێران و مەجلیسی ئەعلا و یەكێتی ببەسترێ.
زیاتر گوتی، دوای ئەم كارانەی لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی مایەوە، تەنانەت ئەوكاتەی لە مەكتەبی ڕێكخستنیش بووە، بەڵگەم لایە چۆن ڕاپۆرتی لەسەر كاملی حاجی عەلی و مەلا ئەحمەدی كاك مەحموود نووسیوە كه چی دەكەن و چی ناكەن. هەموو شتێكی بە خەتی دەستنووسی خۆی هەیە لە ئەرشیڤی من، كاتێك لە دوای 2000 ئێران زانی ئەمەریكا و ڕۆژئاوا ڕژدن لەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هاتن لە ڕێی ئەو كابرایەوە بزووتنەوەی ئیسلامی كە چەترێك بوو بۆ سوننەی عێراق بە گشتی، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامییان هەڵوەشاند لە ڕێی عەلی باپیر، دوای ئەوە سوننە بە پەرتەوازەیی مایەوە، ئەو هێزەی دەیتوانی ببێتە چەتر و ڕۆڵی لە داهاتووی عێراق هەبێ، بەڵام ئێران لە ڕێی عەلی باپیرەوە لەتبوونی لە ڕیزەكانی بزووتنەوە دروست كرد.
جیا لەوەیش یەكێتی و بزووتنەوە بە واژووی مامۆستا مەلا عەلی و مام جەلال ڕێككەوتنیان لە نێوان هەبوو، بەڵام بە بڕیاری ئەو وڵاتەی دراوسێ، فشاریان لەسەر یەكێتی كرد، ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ عەلی باپیر بكرێ، دوای ئەمانەیش گۆڕان دروست بوو ئێران ترسی لێ نیشت كە ئەو حزبە گەنجن و ڕەنگە نەچنە ژێر هەژموونی ئێران، بەر لەوە مەلای ئاخر زەمان "مەبەستی عەلی باپیرە" نێوانی لەگەڵ پارتی زۆرباش بوو، پارتی خانوو و ماڵیان بۆ كرد، بەڵام لەبەر ئەوەی كارەكانی بە دەست خۆی نییە، بۆیە دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا و مەسعوود بارزانی نزیكبوونەوەیەك لە نێوانیان ڕووی دا، لەبەر ئەوەی گۆڕان هاتنە ناو حكوومەت و بە ڕاستگۆیانە چوونە ناو حكوومەت و دەیانویست كوردستان بەرەو ئاشتی بڕوا، بەڵام ئەمە بۆ ئێران باش نییە، مام جەلال نەخۆش بوو، بۆیە هاتن تەنگژەیەكیان دروست كرد، نە پارتی و نە گۆڕان تا ئێستە نازانن بۆچی و هۆكاری ڕاستەقینەی چی بوو و بۆچی نێوانیان تێكچوو لە یەك حكوومەت بەشدار بوون، ئەم كابرایە بە ئەمری وڵاتێكی تر بایدایەوە لە پارتی و نزیكبووەوە لە گۆڕان، بۆیە محەمەد حەكیمی كۆمەڵ لە جیاتی گۆڕان دەیگوت ئەگەر كاك نەوشیراون قاچ بە ئەرز بدا، 20 هەزار چەكدار دێتە سەر شەقام، بۆیە خەڵكیان ناردە ناو خۆپێشاندەران و هەموویشی بە ئیسپات هەیە.
لە بەشێكی تری قسەكانی دەڵێ، كۆبوونەوەی پەرلەمانیش كە یوسف محەمەد كردی، هەموو وڵاتان و سەركردایەتی گۆڕانیش پێیان باش بوو دوو ڕۆژ دوا بخرێ، بەڵام دواتر ئەنجام درا، ئەمانە هەمووی ئەو مەلای ئاخر زەمانەی لە پشتە، هۆكاری تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و نێوانی حزبەكانی كوردستان بووە، ئێستە خۆیان كردووەتە بەرەی خەڵك، لە كاتێكدا بەشدار بوون لە حكوومەت، چۆن بە هەفتەیەك یان دوو هەفتە پێش ئێستە لەو حكوومەتە چوونە دەرەوە و بوونە بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵیتان نەما.
لەبارەی یەكگرتوو و بزووتنەوە كە پاشكۆی پارتین، ئیحسان مەلا عەلی دەڵێ، یەكگرتوو بارەگای سووتاوە و سەركردایەتی شەهید بووە، تۆیەك كە پارتی ماڵ و خانووی بۆ كڕی، بۆچی تۆ پاشكۆی پارتی نەبووی، بۆچی یەكگرتوو پاشكۆی پارتییە، دواتر مامۆستا سەڵاحەدین دوایی كۆچی نەوشیروان مستەفا بە نهێنی و دوور لە چاوی میدیاكان ویستی نێوەندگیری نێوان لایەنەكان بكات و نێچیرڤان بارزانی بردە لای عومەری سەید عەلی و شكستیان بە دەسپێشخەرییەكەی هێنا.
لە كۆتای قسەكانی ئیحسان مەلا عەلی دەڵێ، تا تابووری پێنجەم لە كوردستان بێ، ئارامی لە وڵاتەكەمان بەرقەرار نابێ، من بە دووری نازانم ئەو كابرایە واتە عەلی باپیر بەردەوام بێ لەسەر تێكدانی ناوماڵی كورد، تا بە تەواوی ڕیزەكان تێك بدات و حەشدی شەعبی لە كوردستان دروست بكات، دژی گەیشتنی كورد بە مافەكانی، من دڵنیام لەو قسانەم و ئامادەم و قبووڵمە مەلا كرێكار و مامۆستا ئیسماعیل سووسەیی حەكەمم بێ و و بیسەلمێنێ كێ ڕاستە و كێ هەڵەیە.
ئیحسان مەلا عەلی عەبدولعەزیز برازای مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دامەزرێنەر و رابەری بزووتنەوەی ئیسلامییە و خۆیشی وەك كەسایەتییەكی ناسراوی ئیسلامیی چالاكی ئەنجام دەدات.