دهۆك.. پێنجەمین پێشانگەی كتێب دەكرێتەوە

:: PM:01:55:30/11/2016 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم 30ی نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەمی 2016، لەژێر دروشمی "كوردستان، بە پێشمەرگە دەپارێزین و بە خوێندنیش پێشی دەخەین" لە دهۆك پێنجەمین پێشانگەی ساڵانەی كتێب كرایەوە.

لەوبارەیەوە ئەیاد بەرواری بەڕێوەبەری كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب لە پارێزگەی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك و بە خستنەڕووی زیاتر لە 12 هەزار ناونیشانی كتێب بە چەندان زمانی جیاجیا، پێنجەمین پێشانگەی كتێب لە دهۆك كرایەوە و لەو پێشانگەیەدا سەرجەم دەزگەكانی چاپ و بڵاوكرنەوە و كتێبخانەكانی دهۆك و بەشێك لە كتێبخانەكانی هەولێر و سلێمانی و بیانی بەشدار بوون كە ژمارەیان لە سەرووی 25 دەزگەیە، ئەمە سەرباری بەشداریكردنی چەندان نووسینگەی فرۆشتنی كتێب.

هاوكات بەرواری پێشبینی ئەوەی كرد كە رێژەیەكی زۆری خوێنەر سەردانی پێشانگەكە بكەن، چونكە بەشی زۆری ئەو كتێبانەی خراونەتە ڕوو كتێبی نوێن و لە نرخەكانیشیاندا داشكاندن بە رێژەی 10% بۆ 50% كراوە.

پێشانگەكە لە هۆڵی كۆنفڕانسی زانكۆی دهۆك كراوەتەوە و بڕیاریش وایە بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بێت و رۆژانە لە سەعات 10ی بەیانی تا شەشی ئێوارە كراوە بێت.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2011ەوە، ساڵانە ئەو پێشانگەیەی كتێب لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی دهۆكەوە دەكرێتەوە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی