رزگاربوویەكی فڕۆكەكەی یانەی شابیكوینسی رووداوەكە دەگێڕێتەوە

:: AM:10:35:01/12/2016 ‌

یەكێك لەو كەسانەی كە لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی رزگاری بووە، تەواوی رووداوی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەوە و چۆنییەتی رزگاربوونی بۆ رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی دەگێڕێتەوە.

شەوی یەكشەمی رابردوو ئەو فڕۆكەیەی یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی دەگواستەوە لەنێو خاكی كۆڵۆمبیا تووشی رووداوی كەوتنە خوارەوە بوو و بەو هۆیەوە 76 كەس كە زۆربەیان ئەندامان و یاریزانانی یانەكە بوون گیانیان لەدەست دا.

یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی خۆیدا بگاتە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتیی كلۆپ سوود ئەمەریكانا، بڕیاریش بوو دوێنێ چوارشەم لە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتییەكەدا رووبەڕووی یانەی ئەتلەتیكۆ ناسیۆناڵی كۆڵۆمبی ببێتەوە.

ئەو فڕۆكەیەی كە ئەندامانی یانەی شابیۆكوینسی دەگواستەوە و 81 سەرنشینیشی تێدابوو، چەند خولەكێك پێش نیشتنەوەی لەنێو فرۆكەخانەی شاری میدیلین لە وڵاتی كۆڵۆمبیا، خۆی بە شاخێك داداوە و كەوتووەتە خوارەوە.

لە فڕۆكەكەدا 81 سەرنشینی تێدابوو كە زۆربەیان ئەندامانی یانەی شابیكوینسی بوون، ئەوەی تا ئێستا روون بووەتەوە 5 كەس لە سەرنشینەكان رزگاریان بووە كە 2  كەسیان یاریزانی یانەی شابیكوینسین.

ئیرۆین تۆمێری یەكێك لە رزگاربووانی رووداوەكە بووە، بۆ رۆژنامەی (ئاس) گوتی: بەر لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە سەرجەم سەرنشینەكان شوێنی دانیشتنی خۆیان جێهێشت و هاواریان دەكرد.

زیاتر گوتی: ئەو هۆكارەی كە بووە هۆی رزگاربوونم لە رووداوەكە، جێبەجێكردنی سەرجەم رێنماییە سەلامەتییەكانی ناو فڕۆكە بووە.

ئاماژەی بەوەش دا: چەند خولەكێك بەر لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە، جانتایەكم خستە ژێر پێمەوە بۆ ئەوەی مەترسی بەركەوتنەكان كەمتر بێتەوە، پێشتر ئەو رێنماییەم لە فڕۆكەخانەكان بیستبوو و هەر لەبەر ئەمەش رێنماییەكەم جێبەجێ كرد.

تۆمێری ئاماژەی بەوەشدا كە چەند خولەكێك بەر لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە، سەرجەم سەرنشینەكان شوێنی دانیشتنی خۆیان جێهێشت و لە ترسی ژیانی خۆیان هاواریان دەكرد و دیمەنی ناو فڕۆكەكە وەك رۆژی دوایی بوو، ئەمە وای كرد بەتەواوی كەشی ناو فڕۆكەكە تێك بچێت، بەڵام من هەر لە شوێنی خۆم مامەوە و دانیشتبووم و ئەو رێنماییانەم جێبەجێ دەكرد كە پێشتر بۆ گوێم لێ ببون سەبارەت بە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەوە.

لە كۆتاییدا تۆمێری سوپاسی خوای گەورەی كرد كە ژیانی پێ بەخشییەوە و هەروەها دڵگرانی خۆشی دەربڕی بە لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی سەرنشینەكانی فڕۆكەكە بەتایبەتیش یاریزانانی یانەی شابیكوینسی بەڕازیلی.

جێی باسە لەسەرجەم 81 سەرنشینەكەی فڕۆكەكە تەنیا 6 كەس رزگارییان ببوو، بەڵام یەكێك لە رزگاربووەكان كە دانێلۆ ماركۆسی گۆڵپارێزی یانەی شابیكوینسی بوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م