گۆرانیبێژ "گۆران نووری" ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێسته به‌رهه‌مێكی نوێی به‌ناوی "مـــاچ" بڵاو كرده‌وه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری له‌لایه‌ن هه‌وادارانیه‌وه لێ گیرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا "مـــاچ " تاكه گۆرانی كوردی بوو كه له كه‌ناڵی یوتیوب بڵاو بووه‌ته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه "گۆران نووری" وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیاری " وشـــه " ده‌داته‌وه.
سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ریت چۆن ده‌ست پێ كرد؟
له ساڵی 1999 كوردستان‌م جێ هێشت و بۆ هه‌میشه له سوید له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م نیشته‌جێ بووم، له ساڵی 2003 ژیانی هاوسه‌ریم پێكهێنا و ئێسته خاوه‌نی سێ كوڕم، دواتر له ساڵی 2006 ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كرد و یه‌كه‌م به‌رهه‌مم به‌ناوی "بۆ كوێ ده‌ڕۆی" بڵاو كرده‌وه، میلۆدی ئه‌م گۆرانییه عارف شهكورییه و هونه‌رمه‌ند نه‌ریمان تێكسته‌كه‌ی بۆ نووسیم، له ساڵی 2007 كلیپم بۆ گۆرانییه‌كه كرد. هه‌روه‌ها له ساڵی 2007 یه‌كه‌م ئه‌لبوومی گۆرانیم تۆمار كرد كه له هه‌شت تراك پێكهاتبوو.
تێكستی به‌رهه‌مه‌كانی ناو ئه‌لبوومه‌كه هی كێ بوون؟
چوار گۆرانیم له تێكستی هونه‌رمه‌ند نه‌ریمان بوو و چوار به‌رهه‌مه‌كه‌ی تریش هی هه‌ردی نووری بوو.
تا ئێسته خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌می هونه‌ریت؟
خاوه‌نی 13 به‌رهه‌می هونه‌ریم، ئێسته‌ش سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی دووه‌م ئه‌لبوومم كه له 10 تراك پێكهاتووه و گۆرانی "ماچ" یه‌كێكه له تراكه‌كانی ناو ئه‌لبوومه‌كه، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی گۆرانییه‌كی تریشم به‌ناوی "به‌نده‌ی خۆشه‌ویستی" و بڕیاره بۆ مانگی تهمووز بڵاو ببێته‌وه.
كێ بوون ئه‌وانه‌ی له گۆرانیی "مــاچ" هاوكارت بوون؟
تێكستی گۆرانییه‌كه حه‌مه‌سه‌عید داینابوو، ئاریۆس حه‌مه‌سه‌عید موزیك و میلۆدییه‌كه‌ی ئه‌نجام دابوو، هه‌روه‌ها شێنێ و زیره‌ك وه‌ك كاراكته‌ری سه‌ره‌كی به‌شدارییان له كلیپه‌كه كردبوو، جگه له‌مانه كۆمه‌ڵێك كچ و كوڕی تری به‌شدارییان كردبوو.
ئه‌وه‌ی ئاگامان لێیه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆرت له‌باره‌ی به‌رهه‌مه نوێیهكهتهوه لێ گیرا، بۆچی؟
هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه گۆرانییه‌كه له‌سه‌ر ماچه، بۆیه تا ئێسته ئه‌و جۆره گۆرانییانه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا تا ڕاده‌یه‌ك شتێكی ئاسایی نییه، من پێم باش بوو له‌م قاڵبه‌دا بچینه ده‌ره‌وه و ئه‌و ڕێچكه‌یه بشكێنین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خه‌ڵكێكی زۆر پێشوازییان له‌و گۆرانییه كرد و تاكه گۆرانی كوردیش بوو كه له زۆرترین كه‌ناڵی یوتیوب بڵاو بووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كلیپه‌كه چه‌ند كچێكی ڕووسی پێوه‌ندییان پێوه كردم و ده‌ستخۆشی زۆریان لێ كردم، چونكه گۆرانییه‌كه له‌سه‌ر ستایلی رۆژئاوایی و رۆژهه‌ڵاتییه.
له سه‌ره‌تاوه كێ هانده‌ر و پاڵپشتی سه‌ره‌كیت بوو؟
له ساڵی 2000وه هاوڕێیه‌كی زۆر نزیكی هونه‌رمه‌ندی به توانا "زیاد ئه‌سعه‌د"م و تا ئێسته‌ش نزیكترین هاوڕێی ئه‌وم و ڕۆژانه به‌رده‌وام ئاگاداری یه‌كترین، زۆر شت له زیاد ئه‌سعه‌د فێر بووم و ئه‌و وه‌ك ئیمپراتۆری هونه‌ری كوردییه و بۆ منیش قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره بوو، جگه له مامۆستا زیاد، هونه‌رمه‌ند "نه‌ریمان" وه‌ك مامۆستایه‌ك پاڵپشتێكی گه‌وره بوو بۆ من تا بێمه ناو هونه‌ره‌وه.
تا ئێسته زیاد ئه‌سعه‌د له چ كارێكی هونه‌ری هاوكاری كردووی؟
ڕاسته من نزیكترین هاوڕێی زیاد ئه‌سعه‌دم و ماوه‌یه‌كی گه‌لێك زۆره له نزیكه‌وه ده‌یناسم، به‌ڵام تا ئێسته بۆ هیچ كارێكی هونه‌ری، هیچ شتێكم لێ وه‌رنه‌گرتووه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م ئه‌لبوومه‌ی كه بڕیاره له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بڵاوی بكه‌مه‌وه، دیسان هیچ شتێكم لێی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام مامۆستا زیاد به‌رده‌وام ئاگاداری كاره‌كانمه.
چۆنه وا بۆ كاره هونه‌رییه‌كانت هیچ شتێكت له زیاد ئه‌سعه‌د وه‌رنه‌گرتووه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌وادارانم پێم ده‌ڵێن تۆ لێكچووی زیاد ئه‌سعه‌دی و لاسایی ئه‌و ده‌كه‌یته‌وه، بۆ من شانازییه‌كی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر لێكچووی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه بم، به‌ڵام هه‌رگیز نامه‌وێت من وه‌ك زیاد ئه‌سعه‌د بم، ده‌مه‌وێت گۆران نووری بم، بۆیه تا ئێسته هیچ شتێكم له‌و وه‌رنه‌گرتووه، چونكه ئه‌گه‌ر تێكستێك یان میلۆدییه‌ك له كاك زیاد وه‌ربگرم، پێم وایه ڕێك وه‌ك ئه‌و ده‌رده‌چم، ته‌نانه‌ت له ڕابردوو تێكستی یه‌كێك له گۆرانییه‌كانم زیاد ئه‌سعه‌د بۆی نووسیبووم، به‌ڵام تا ئێسته بڵاوم نه‌كردووه‌ته‌وه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له گۆرانییه‌كه‌دا ڕێك له زیاد ئه‌سعه‌د ده‌چم.
به‌ڕای تۆ هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاد ئه‌سعه‌د له گۆرانیگوتن چییه؟
دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاد ئه‌سعه‌د له گۆرانیگوتن بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه دڵی زۆر شكاوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانه‌كه كه هونه‌رمه‌ند نین و خه‌ڵك به‌دوایان كه‌وتوون و به هونه‌رمه‌ند ناویان ده‌به‌ن، بۆیه ئه‌و به‌و هۆكاره‌وه زۆر تووڕه‌یه و ده‌ڵێت "هه‌ر كاتێك بێمه‌وه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن، ده‌بێت ناوی هونه‌رمه‌ند له زۆر كه‌س بسه‌نمه‌وه و ناویان دێنم و پێیان ده‌ڵێم فڵان كه‌س تۆ له‌م كاته‌وه چیتر بۆت نییه به‌خۆت بڵێی هونه‌رمه‌ندم، بۆ خۆت بڕۆ له یانه‌كان گۆرانی ده‌ڵێیت و لایڤ ده‌كه‌ی و چی ده‌كه‌ی بیكه، به‌ڵام بۆت نییه بڵێی من هونه‌رمه‌ندم. هۆكاری دووه‌م ئه‌وه‌یه كه باری ته‌ندروستی كاك زیاد له ماوه‌ی ڕابردوو زۆر باش نه‌بوو، به‌ڵام له‌خوا به‌زیاد بێت ئێسته زۆر باشه و به‌نیازی كاری تازه‌یشه.
ئه‌و كاره تازه‌یه‌ی زیاد ئه‌سعه‌د كه‌ی به نیازه بیكات؟
كاتی كاره تازه‌كه‌ی دیار نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر جار له خۆی ده‌پرسین كه‌ی ده‌ست به‌كاری تازه ده‌كه‌ی، ته‌نیا ده‌ڵێت كه جارێ په‌له‌ی نییه، بۆیه ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانم كه كاری نوێی به‌ده‌سته‌وه‌یه، لێره‌وه ده‌مه‌وێت له‌باره‌ی كاره تازه‌كه‌ی مامۆستا زیاد گله‌یی له NRT بكه‌م، چونكه له‌م ڕۆژانه پێوه‌ندییان پێوه كردم و له‌باره‌ی كاك زیاده‌وه قسه‌مان كرد، من به‌وانم ڕاگه‌یاند كه زیاد ئه‌سعه‌د كاری نوێی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ئه‌مجاره هه‌ر چ كارێك بكات له‌سه‌ر ستایلی رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاوایی ده‌یكات و كاره كۆنه‌كانی خۆیشی زۆر به‌دڵ نییه. ئه‌وان به‌ناوی گۆران نووری وایان نووسیبوو كه زیاد ئه‌سعه‌د به‌م نزیكانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و كاری نوێشی به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه من ئه‌وه‌م به‌لاوه زۆر پێ ناخۆش بوو، چونكه من شتی وام نه‌گوتووه.
ئه‌ی هۆكار چییه زیاد ئه‌سعه‌د ناگه‌ڕێته‌وه كوردستان؟
گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاد ئه‌سعه‌د بۆ كوردستان به‌هۆی هیچ هۆكارێكه‌وه نییه، ته‌نیا كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی هه‌یه و ده‌یه‌وێت ئه‌و به‌رنامانه‌ی جێبه‌جێ بكات ئینجا بگه‌ڕێته‌وه كوردستان، هه‌موو ئه‌و قسه و ده‌نگۆیانه‌ی له‌باره‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاد ئه‌سعه‌ده‌وه ده‌كرێت، هه‌مووی درۆ و قسه‌ی بێ بنه‌مان.
وشه/ هه‌ولێر- محه‌مه‌د جه‌مال