بانكێك تەنیا رۆبۆتەكان بەڕێوەی دەبەن

:: AM:11:22:15/05/2018 ‌

ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرای كرد، بانكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی چین لە شەنگەهای یەكەم لقی خۆی لە چین و لەسەر ئاستی دنیا كردەوە، كە لە جیاتی مرۆڤ تەنیا پشتی بە رۆبۆتەكان بەستووە و ئەوان سەرجەم كارەكانی بانكەكە بەشێوەیەكی زۆر ورد و پێشكەوتوو ئەنجام دەدەن.

بانكی  ئاوەدانكردنەوەی چین بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی دنیا پەنا بۆ رۆبۆتەكان دەبات لە بواری خزمەتگوزاری بانكی و دراویدا كە بە كەرتێكی زۆر هەستیار دادەنرێ، ئەو رۆبۆتانە هەموو ئەركەكانی مرۆڤ لە بانكەكە جێبەجێ دەكەن، وەك گفتوگۆكردن لەسەر دراو لەگەڵ خاوەن پشك و هەژمارە بانكییەكان، پێشوازیكردن لە كەسانی سكاڵاكار و پرسیاركەر لەبارەی خزمەتگوزارییەكان.

هاوكات هەموو وەڵامێك لەبارەی كارتی بانكەكە و چەكی بانكی و هەژمارەكان و گرفتەكانیان، دانانی پارە و دەرهێنان و حەواڵەكردن و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بانك بە ئاسایی و هاوشێوەی مرۆڤێك جێبەجێ دەكەن.

ئەو بانكە هیچ پیاوێكی تەناهی و سەكویریتی نییە، چونكە كاتێك لە دەروازەكەی دەڕۆیتە ژوورەوە، رۆبۆتێك دانراوە و ڕووخساری سەردانكەرەكە دەخوێنێتەوە، تا بزانی لەو بانكە هەژماری هەیە یان نا، بۆ مەبەستێكی خراپ هاتووە، پاش ئەوەی ڕووخساری خوێندەوە و بەراوردی كرد بە داتای ئەو كەسانەی هەژماریان لەو بانكە هەیە، ڕاستەوخۆ دەرگاكە بەشێوەی ئۆتۆماتیكی لە بەردەم كەسی سەردانكەر دەكرێتەوە و پێشوازی لێ دەكرێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د