فەیسبووك سەدان ئاپی مۆبایل بلۆك دەكات

:: AM:11:54:16/05/2018 ‌
لە چوارچێوەی ئابڕووچوونەكەی دۆسیەی كۆمپانیای كامبریج ئەنالیتیكا بۆ وەرگرتنی زانیاری و داتای تایبەتمەندی بەكارهێنەرانی فەیسبووك، كۆمپانیای فەیسبووك بڕیاری دا، كاری هاوبەش لەگەڵ سەدان ئاپی مۆبایل بوەستێنێت و پێداچوونەوەی تەواو بەو خزمەتگوزارییانەی بكات كە لەگەڵ پرۆگرامەكانی تر دەیخاتە بەردەم بەكارهێنەرانی.

ئیمی ئارشیبۆنگ جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان لە فەیسبووك ئاشكرای كرد، تەواوی ئەو ئاپانە دادەخرێن و بلۆك دەكرێن كە لە سەریان ئاشكرا بووە، هۆكار بوون بۆ دزینی داتا تایبەتەكانی بەكارهێنەرانی فەیسبووك لەلایەن كۆمپانیای كامبریج ئەنالایتیكا، بەكارهێنەرانیش ئاگادار دەكەینەوە، چیتر ئەو ئاپانە بۆ سەر مۆبایلەكانیان دانەبەزێنن.

زیاتر گوتی، كۆمپانیای فەیسبووك بەردەوام دەبێ لە لێكۆڵینەوە ورد و فرەوانەكانی بۆ نەهێشتنی هیچ كەلێنێك و دووبارە نەبوونەوەی هیچ حاڵەتێكی تری هاوشێوە.

تا ئێستە لێكۆڵینەوە لەسەر 200 ئاپی مۆبایل كراوە و بە وردی پێوەندییان بەو ئابڕووچوونەی فەیسبووك لێی كۆڵراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە بە فەرمی ناوی هیچ یەكێك لەو ئاپانە ئاشكرا نەكراوە.

لە مانگی ڕابردوو توێژەر و شارەزای تەكنەلۆجیا ئەلیكساندەر كۆغان ئاشكرای كرد، تەنیا لە ڕێی ئاپەكانەوە توانیویەتی تایبەتمەندی وردی 87 ملیۆن بەكارهێنەری فەیسبووك كۆ بكاتەوە، دووپاتی لەوە كردەوە، كامبریج ئەنالایتیكا دامەزراوەیەكی تەكنەلۆجی و سیاسییە و لە كاتی دزینی تایبەتمەندییەكانی بەكارهێنەرانی فەیسبووك لەگەڵ تیمی پڕوپاگەندەی ترەمپ پێوەندی تۆكمەی هەبووە و داتاكانی بۆ ڕەوانە كردوون.

لە كۆتای مانگی ڕابردوو كۆمپانیای كامبریج ئەنالایتیكا وەستێنرا، هاوكات مارك زوكەربێرگی سەرۆكی جێبەجێكاری فەیسبووك لە كۆنگرێس و پەرلەمانی بەریتانیا ئامادە بوو، بۆ خستنەڕووی زانیاری لەبارەی دزینی تایبەتمەندی بەكارهێنەرانی فەیسبووك، ئەڵمانیاش ڕێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر، پاش بڵاوبوونەوەی ئابڕووچوونەكەی كامبریج ئەنالایتیكا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د