رۆژنامەیەكی لەندەنی نهێنی سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كات

:: PM:01:15:16/05/2018 ‌
دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە بەرایییەكان، لە هەرێمی كوردستان پارتی و یەكێتی براوەی هەڵبژاردن بوون، بەڵام تۆمەتی ساختەكاری دەدرێتە پاڵ یەكێتی لە كەركووك و سلێمانی كەچی پارتی لە هەولێر و دهۆك یەكەم بوو، لە مووسڵی پێگەی هێزی سوننەش دووەم بوو.

پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی كوردی لە مووسڵ بردەوە و لە كۆی 31ی كورسی پارێزگاكە حەوت كورسی بەدەستهێنا، لە هەولێریش لە كۆی 16 كورسی هەشت كورسی و لە دهۆكیش لە كۆی 11 كورسی، نۆ كورسی بەدەستهێنا.

ئەگەرچی دوای دەركردنی داعش لە مووسڵ حكوومەتی عێراقی دەسەڵاتی بەسەر شارەكە سەپاندووە، دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پارتی كە دەسەڵاتی بەسەر ناوچە كوردییەكانی مووسڵەوە هەبوو، بەشێكی لە دەست دا و كەوتە دەست سوپای عێراق و زۆرینەی لایەنگرانی لە رەبیعە، زومار، تلسقۆف، باشیك، بەحزانی، سنونێ، شنگال و ناوچەكانی تر ئاوارە بوون بەناوی سەپاندنی یاسا و دەستوور لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

لەگەڵ ئەمەشدا بەگوێرەی دەرئەنجامە بەرایییەكان، پارتی لە مووسڵ توانیویەتی 134 هەزار و 782 دەنگ بەدەست بهێنێت دوای هاوپەیمانی نەسڕ كە 164 هەزار و 714 دەنگی بەدەستهێناوە، بەمەش بە حەوت كورسی بووەتە هێزی دووەمی شارەكە.

لە راپۆرتەكەی ئەمڕۆی رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت" تیشكی خستووەتە سەر ئەنجامەكانی حزبە كوردستانییەكان وەك ئاماژەیەك كە ئەو ئەنجامانەی بەدەستهاتوون پێچەوانەی پێشبینییەكان بوو، بە تایبەت پێوەست بە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار. لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە دەرئەنجامی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق موقتەدا سەدر پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی كوردستانیش پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم ئەنجامەش رەنگدانەوەی گرنگی دەبێت لەسەر گۆڕانكارییە ریشەیییەكان پەرلەمان و حكوومەتی داهاتوو، تەنانەت رەنگە كاریگەری لەسەر پێوەندییەكانی عێراق بە وڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانیش هەبێت لەسەر داڕشتنەوەی چۆنیەتیی پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێریش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت كە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو هیچ كات پێوەندییەكانی هەردوولا باش نەبووە لەبەر كۆمەڵێك پرسی سیاسی و ئابووری و كارگێڕی و جیۆگرافی.

روونی كردووەتەوە كە ئەنجامەكان دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی هەست پێكراو لە لووتكەی دەسەڵات كە چاودێران پێیان وایە گۆڕانكاری گەورە لە ناوەندی بڕیاری عێراقیش روو دەدات.

پێوەند بە هەرێمی كوردستان ئەنجامەكە كاریگەری قووڵتری لەسەر رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەتایبەت كەس لەو باوەڕەدا نەبوو پارتی دیموكراتی كوردستان 26 كورسی بەدەست بهێنێت كە پێچەوانەی هەموو راپرسییەكانیش بوو كە هەموویان بەو ئاراستەیە بوون هەردوو حزبە گەورەكە جەماوەریان لە دەست داوە و ژمارەی كورسییەكانیان كەم دەكات، بە تایبەت بەهۆی لێكەوتەكانی راپرسی كە لە 25ی ئەیلوولی رابردوو ئەنجام درا.

رێبوار بابكی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێ ریفراندۆم ئامانجەكانی لەسەر ئاستی سیاسی بەدەستهێنا، ئەمەش هۆكاری ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەگەرچی كورسییەكیشی كەم كردووە، بەڵام بە خوێندنەوە بۆ دۆخەكە ئەنجامێكی گەورەی بەدەستهێناوە.

بابكی ئاماژەی بەوە دا ئەو دەنگدەرانەی باوەڕیان بە بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەبوو، لەم هەڵبژاردنە بڕوایان بە پارتی دیموكرات زیاتر بوو وەك وەڵامێكیش بۆ ئەوانەی پیلانگێڕییان دژی ریفراندۆم كرد، هاوكات بەرسڤی پێشمەرگە بۆ سوپای عێراق لە پردێ و سحێلا كاریگەری زۆری هەبوو، جگە لەمەش سەركەوتنی حوكمڕانی پارتی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە هەولێر و دهۆك، هەموو ئەوانە بەیەكەوە بەشداربوون لەو سەركەوتنەی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

بابكی گوتی "پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئەو سەركەوتنە بقۆزێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هاوكات ئاستی خزمەتگوزاری و تەناهی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان زیاتر بپارێزێت، تا بتوانێت لەو هەڵبژاردنەش پێش هێز و لایەنەكانی تر بكەوێت". گوتی "بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەرۆك بارزانی خۆی كاندید ناكات، بەڵام رۆڵی راستەوخۆی دەبێت وەك مەرجەعێكی سیاسی چ لە دەسەڵات بێت یان دەرەوەی دەسەڵات".

لە راپۆرتەكەی "شەرق ئەوسەت" بەشێكی تەرخان كراوە بە ئەنجامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە هاوبەشێكی ركابەری پارتییە و لەم هەڵبژاردنە 18 كورسی بەدەستهێناوە كە بە بەراورد بە خولی رابردوو سێ كورسی كەم كردووە.

ئەنجامەكانی سلێمانی و كەركووك، یەكێتی رووبەڕووی رەخنە و تۆمەتێكی زۆر كردووەتەوە. لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان شەش لایەنی سیاسی تۆمەت دەخەنە پاڵ یەكێتی كە سێرڤسی گواستنەوەی زانیارییەكانی هاك كردووە یانیش سندووقە زیرەكەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكانی دەستكاری كردووە.

هەمان حاڵەت و ناڕەزایەتی عەرەب و توركمانی كەركووكیش لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەكە دژ بە یەكێتی هەیانە، پێیان وایە ساختەكارییەكی بە بەرنامە لەسەر سندووقە زیرەكەكان كراوە.

رامان مەجید ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێ، یەكێتی نزیكەی 250 هەزار دەنگی كەم كردووە كە دەكاتە نزیكەی پێنج كورسی، ئەمەش باشترین بەڵگەیە لەسەر پووچی ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ یەكێتی.

زیاتر گوتی "لۆجیك ئەوەیە ئەو لایەنەی ساختەكاری بكات دەبێت كورسی زیاد بكات كەچی هی یەكێتی سێ كورسی كەمی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەو لایەنانە تێدەگەین كە دۆڕاون لە هەڵبژاردن، پێشتر ئێمە پێیدا رۆیشتووین".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی ئامادەیی حزبەكەی راگەیاند لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست ئەنجام بدرێت لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، یان دووبارە با هەڵبژاردن بكرێت بەو مەرجەی لە سەرانسەری عێراق بكرێتەوە.

پێوەند بە بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تر، لە راپۆرتەكەی "شەرق ئەوسەت" ئاماژە بەوە دراوە یەكێك لە هۆكارەكان بێ هیوابوونی دەنگدەران و لایەنگرانیان بوو لەسەر ئەو چوار ساڵەی رابردوو كە شكستیان هێنا لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانیان كە لە هەڵبژاردنی رابردوو بە دەنگدەرانیان دا، ئەمەش وایكرد بەشێكی زۆری دەنگدەرانیان بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، هاوكات دەنگێكی زۆریشیان بۆ هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری چوو كە بەرهەم ساڵح سەركردایەتی دەكات.

بەڵام دۆخی بەرهەم ساڵحیش باش نییە و لە یەكەم هەڵبژاردن توانی تەنیا دوو كورسی بهێنێت، كەچی شاسوار عەبدولواحید لە یەكەم بەشداریی سیاسیدا بە لیستی نەوەی نوێ چوار كورسی هێناوە، هێزە ئیسلامییەكانیش دۆخیان لەوانی تر زۆر خراپتر بوو، پاشەكشەیەكی دیار و بەرچاویان كرد.

یەكگرتووی ئیسلامی دوو كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی سێ كورسییان بەدەست هێناوە، ئەمەش وایكردووە مستەفا عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی بڵێت روون و ئاشكرایە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ساختەكارییەكی زۆریان كردووە، رەنگە ئەمە بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان یانیش بۆ لێدان لە رۆڵی هێزە ئیسڵاحخوازەكان.

جێی باسە شەش لایەنەكە لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن و شەوی رابردوو لە بەیاننامەی هاوبەشیاندا داوایان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كرد ئەنجامەكان راست بكاتەوە، ئەگەر نا بایكۆتی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

سەرچاوە/ بەغداد یەوم




وشە - فه‌رمان سادق