پاریس سان جێرمان نرخی نیمار بۆ ریال مەدرید دیاری دەكات

:: AM:11:05:17/05/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێداگیری لە گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دەكاتەوە.

رۆژنامەی (ئەی بی سی)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: باوكی نیمار داوای لە ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان كردووە نرخێك دیاری بكات وەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان، چونكە لە گرێبەستەكەی نێوانیاندا هیچ نرخێك دیاری نەكراوە.

خەلیفی نیازی نییە ئاوا بە خێرایی دەستبەرداری نیمار بێت، بەڵام بۆی روون بووەتەوە ئەو ئەستێرەیە ئارەزووی رۆیشتن و پەیوەندیكردنی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە هەیە.

لەبەر ئەمە خەلیفی بە باوكی نیماری راگەیاندووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان داوای 322 ملیۆن یۆرۆ دەكەن، واتە 100 ملیۆن زیاتر لەو نرخەی هاوینی رابردوو لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كڕی.

لای خۆشییەوە یانەی ریال مەدرید ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ كڕینی نیمار، بەڵام داوای كردووە نرخەكە لە 322 ملیۆن بۆ 250 ملیۆن كەم بكەنەوە.

رۆژنامەكە لە كۆتاییدا ئاشكرای كرد كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە خۆی گفتوگۆ لەگەڵ خەلیفی بكات و هەوڵی رازیكردنی بدات نرخی نیمار لە 322 ملیۆن یۆرۆ كەم بكاتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م