عەبادی دەبێتە بژاردەی سەدر بۆ ویلایەتی دووەمی

:: AM:11:08:17/05/2018 ‌


ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی كۆتا ئاشكرا نەكراوە، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت هاوپەیمانی نەسڕ كە عەبادی سەركردایەتی دەكات، پێش هاوپەیمانی فەتح كەوت كە عامری سەركردایەتی دەكات، بەمەش پیلان و پڕۆژەی ئێرانی لە عێراق زیاتر دووچاری ئاستەنگ بووەتەوە. ئاماژەكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن كە عەبادی بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆك وەزیران.

تاكە لایەنی براوە لە ئاشكراكردنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت حەیدەر عەبادی سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ كە لە پلەی سێیەمەوە بوو بە پلەی دووەم و پێش هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری كە لیستەكەی پڕە لەو كەسایەتییانەی سەر بە ئێران .

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژتردن دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە رۆژی شەمووی دادێ ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.

دوای ئاشكراكردنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت، هاوپەیمانی سائیروون 55 كورسی، هاوپەیمانی نەسڕ 51 كورسی و هاوپەیمانی فەتح 50 كورسییان هێناوە.

چاودێران پێیان وایە ئەو گۆڕانكارییە لە ریزبەندییەكە كەمێك كاریگەری لەسەر هاوكێشەی پێكهێنانی حكوومەت دەكات و پێگەی عەبادیشی بەهێزتر كردووە، ئەگەرچی قسە لەسەر سیناریۆیەكی تریش دەكرێت كە هۆكاری سەردانی سولەیمانییە بۆ بەغدا.

قاسم سولەیمانی سەركردەی سوپای پاسداران كە سێشەمی رابردوو سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ عامری و مالیكی لە ناوچەی سەوز بە ئامادەبوونی ئەبو مەهدی موهەندیس كۆ بوونەتەوە.

بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە ئامانجی كۆبوونەوەكانی سولەیمانی پەراوێزخستنی موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروونە، وەك ئەوەی لە 2010 و 2014 بەرانبەر بە لیستی وەتەنییەی ئەیاد عەلاوی كرا.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە سولەیمانی پێشنیاری داوەتە عەبادی لەگەڵ مالیكی و عامری هاوپەیمانی پێك بهێنن، ئەمەش دوای ئاشكرابوونی مەرجەكانی سەدرە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە گێڕانەوەی بڕیاری سیاسی عێراقی بۆ ناوخۆ و دەرهێنانی لە دەست تاران و بەرەنگاربوونەوەی گەورە گەندەڵكارانە، ئەمەشە وایكرد كە سولەیمانی پەیام بگەیەنێت بە عەبادی بەو پێیەی چانسی لاوازە.

بەڵام سەركەوتنی عەبادی بۆ پلەی دووەم رەوشی باشتر كردووە و لە پێگەیەكی باشتر دەبێت لە دانوستاندن لەگەڵ سەدر، ئەگەرچی میدیای سێبەری ئێرانی باس لە سیناریۆی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو دەكات لە نێوان مالیكی و عەبادی و عامری.

بەڵام كەسایەتییەكی سیاسی نزیك لە عەبادی قسەی بۆ "عەرەب" كردووە و رەتی دەكاتەوە هیچ لێك تێگەیشتنێك لە نێوان عەبادی  و مالیكی و عامری هەبێت. گوتی "میدیاكانی نزیك لە ئێران كە باس لەو سیناریۆیە دەكەن تەنیا ئامانجیان گوشار خستنە سەر شەقامە و هیچی تر نا. هاوپەیمانی سائیروون نزیكترین لیستە كە رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی نەسڕ ببەستێت".

لای خۆشیەوە عەبادی بە گاڵتەجاڕییەوە باسی لە سیناریۆی هاوپەیمانیەتی نێوان نەسڕ و فەتح و یاسا كرد و لە بەهاكەی كەم كردەوە و گوتی، "پێكهێنانی قەوارەیەكی شیعی گەورە كە هاوپەیمانی نەسڕ و فەتح و دەوڵەتی یاسا".

فاڕووق یوسف نووسەری سیاسی عێراقی دەڵێ، پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان وەك لە رابردوو هەبوو بۆ ئێستە زۆر ئەستەمە دروستكردنەوەی، بە تایبەت كاتێك هەردوو لیستی سائیروون و نەسڕ پلەی یەكەم و دووەمیان بە دەستە كە لەسەر رەوتی ئێران ئەژمار ناكرێن، بۆیە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەك كە ئەركی سولەیمانی لە بەغدا قورس دەبێت.
                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                        
یوسف گوتی "سولەیمانی چاوی بە عەبادی نەكەوت، رەنگە ئەمە بەلای سەدرییەكان گرنگ بێت كە ویستی خۆیان نەشاردووەتەوە، دەیانەوێت كۆتا بە دەستوەردانی ئێران لە عێراق بهێننن".

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە كە سائیروون پلەی یەكەمی جێگیر كردووە، سەدر جارێكی تر باسی لە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات كرد, گوتی "حكوومەتێكمان دەوێت خەڵك بژێنێت نەك رۆزییەكەی حزبەكان بیدزن".

یوسف ئاماژەی بەوەش دا ئەوەی وایكردووە عەبادی خۆی لە سەدر نزیك بكاتەوە، بەپلەی یەكەم ئەوەیە ئەو كەسایەتییە هاوشێوەی سەدر ماوەیەكی زۆرە وەك دوو كەسایەتی دەردەكەون كار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی دەكەن و دژی چاڵی تایفەگەرایی وەستاونەتەوە.

لەبارەی كوردستانیشەوە ئەو نووسەرە عێراقییە دەڵێ، ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت ئەوەیە كە كورد بیەوێت نزیك بكەوێتەوە لەو رەوتە سیاسییە كە سیمایەكی مەدەنی هەبێت و زۆرینە بێت تا بتوانێت باشتر تێكەڵی پرۆسەی سیاسی عێراقی ببێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت تا دوو رۆژی تر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردن رابگەیەنێت، كە دوێنێ ئەنجامی دەنگدانی تایبەتی راگەیاند و بەمەش هاوپەیمانی نەسڕ لە پلەی سێیەم بوو بە پلەی دووەم.



وشە - فه‌رمان سادق