فێرمینیۆ هۆشداری دەداتە ریال مەدرید

:: AM:11:39:17/05/2018 ‌

رۆبێرتۆ فێرمینیۆی هێرشبەری بەڕازیلی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی رایگەیاند، یانەكەی چانسی گەورەی سەركەوتنی بەسەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بردنەوەی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای هەیە.

هەردوو یانەكە رۆژی 26ی ئەم مانگە لە شاری كییفی پایەتەختی ئۆكڕانیا یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دەدەن.

فێرمینیۆ بۆ رۆژنامەی (ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی جەختی كردەوە لە یارییەكانی رابردوودا هەنگاو بەهەنگاو سەركەوتنیان بەدەستهێناوە تا گەیشتوونەتە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، ئێستاش لەم قۆناغەدا پێویستیان زیاتر بە هزر و بیر هەیە تا سەركەوتن بەدەست بێنن.

راگەیاند: بێگومان رووبەڕووی ركابەرێكی سەرسەخت دەبینەوە، یانەی ریال مەدرید هەمیشە ناسناوەكانی ناوەخۆ و ئەوروپا دەبەنەوە، بەراستی تیپێكی باشیان هەیە و یاریكردنیش بەرامبەریان كارێكی زەحمەتە.

زیاتر گوتی: تا ئێستا لە هیچ بۆنەیەكدا بەرامبەر ریال مەدرید یاریم نەكردووە و تەنیا لە تەلەفزیۆن یارییەكانی ئەوانم بینیوە و یانەیەكی بەهێزن، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە ئێمەش تیپێكی بەهێزمان هەیە و یانەیەكی گەورەین، بێگومان یاریی كۆتایی تەنیا یارییەكیشە و هەموو شتێكیش قابیلی روودانە تێیدا.

هێرشبەرەكەی یانەی لێڤەرپوول ئاماژەی بەوەشدا كە تا كۆتایی دژی یانەی ریال مەدرید دەجەنگن و دڵنیاشن دەتوانن سەركەوتن بەدەست بێنن، جەختیشی كردەوە كە ئامانجی سەرەكییان لە یارییەكەدا سەركەوتن و بەدەستهێنانی شەشەمین ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م